دەنگدانی ئۆسکار کۆتاییهات و رکابەرییەکی بەهێز هەیە

20-02-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن The Brutalist Anora ئۆسکار
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ کۆتاییهاتنی دەنگدان بۆ 97ـەمین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار، هەمووان لە چاوەڕوانی شەوی 2ـی ئاداری 2025ـن. لیستی بەربژێرکراون بۆ ئۆسکاری ئەمساڵ، ژمارەیەک فیلمی بەهێز لەخۆدەگرن و کێبڕکێیەکی بەهێز دەبێت و پێشبینیکردن بۆ باشترین فیلم سەختە.
 
بەپێی راپرسی، پێشبینییەکان و بۆچوونی رەخنەگرانی سینەما، پێشبڕکێیەکی بەهێز لە خولی ئەمساڵدا دەبێت و پێشبینیکردن بۆ براوەکان سەختە و بۆچوون لەبارەی فیلمەکانەوە جیاوازن.
 
باشترین فیلم
 
"Anora" لە فیلمە بەهێزەکانی ئەمساڵن، چانسی ئەوەی هەبوو لە تاریکییەوە بێتە نێو بازنەی رۆشنایی و چەندین خەڵاتی گرنگی بەدەستهێنا، یەکەم خەڵاتیش چڵەخورمای زێڕینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان بوو لە فەرەنسا، دواتریش چەندین خەڵاتی گرنگی ئەمریکای بەدەستهێنا، ئەویش خەڵاتی رەخنەگرانی سینەما، سەندیکای بەرهەمهێنەران، سەندیکای دەرهێنەران و سەندیکای نووسەران بوو. 
 
هەرچەند باس لەوە دەکرێت، ئەو فیلمانەی دەبنە براوەی خەڵاتە گرنگەکانی بەر لە ئۆسکار دابەش دەکرێن، ئەگەری زۆری هەیە براوەی ئۆسکار بن، بەڵام ساڵانی رابردوو ئەوە دەسەلمێنێت، براوەی خەڵاتە گرنەکانی سینەما، مەرج نییە براوەی ئۆسکار بن.
 

"Anora" ئەگەر براوەی خەڵاتی یەکێک لە گرنگترین فێستیڤاڵەکانی فیلم بێت کە کانە، جگە لە چەندین خەڵاتی گرنگی فیلم لە ئەمریکا، لە بەرامبەریدا فیلمی "The Brutalist" لە بەردەمی وەستاوە، کە لە دەرهینانی برەیدی کۆرباتە، هەرچەند ماوەکەی سێ کاژێر و 35 خولەکە، بەڵام توانی خۆی وەک فیلمێکی بەهێز بسەلمێنێت و کێبڕکێی فیلمە بەهێزەکانی ئەمساڵ بکات، بەتایبەتیش لە دوای بردنەوەی خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب وەک باشترین فیلم و خەڵاتی بافتا بۆ باشترین دەرهێنەر کە دوو گرنگترین خەڵاتی سینەمان لە دوای ئۆسکار. 
 

ئەم جۆرە فیلمە مێژوویی و داستانییانە بەردەوام سەرنجی رێکخەرانی ئۆسکاریان راکێشاوە و زۆرجار خەڵاتیان وەرگرتووە، لەوانەش فیلمی "Lawrence of Arabia"، "The Lord of the Rings"، "Ben-Hur" و "Schindler's List" لە براوەکانی ئۆسکار بوونە.
 
بافتا، خەڵاتێکی گرنگە لە بواری سینەمادا کە تایبەتە بە سینەمای بەریتانیا و جیهان، بۆیە براوەی ئەو خەڵاتە بە چاوی رێزەوە لەلایەن بینەران و بە چاوی ترسەوە لەلایەن رکابەرەکان لێی دەڕواندرێت، فیلمی "Conclave" لە خولی ئەمساڵدا، توانی چوار خەڵاتی بافتا بەدەستبێنێت، لەوانەش باشترین فیلم.
 

بەرهەمهێنەرانی فیلمەکە هەرچەند دڵخۆشن بە سەرکەوتنی ئەم بەرهەمە لە بافتا، بەڵام رووبەڕووی راستییەکی تاڵ دەبنەوە، ئەویش ئەوەیە؛ براوەکانی بافتا کەمجار چانسی ئەوەیان هەبووە براوەی ئۆسکار بن، جگە لە چەند فیلمێک نەبێت، ئەویش فیلمی "Oppenheimer" و "Nomadland" بوونە کە براوەی هەردوو خەڵاتەکە بوونە.
 

لە ئۆسکاردا هەست بە ململانێیەکی بەهێز لە نێوان شۆن بەیکەر دەرهێنەری فیلمی "Anora" و برەیدی کۆربات، دەرهێنەری فیلمی "The Brutalist" دەکرێت، یەکەمیان براوەی خەڵاتی سەندیکای دەرهێنەرانی ئەمریکایە کە زۆرجار براوەی ئەو خەڵاتە براوەی خەڵاتی ئۆسکاری باشترین دەرهێنەر بووە، دووەمین براوەی خەڵاتی بافتایە کە ناکرێت پێگەی ئەو خەڵاتەی لە جیهانی سینەمادا پشتگوێ بخرێت.
 

لەم چەند ساڵەی دواییدا، ئەکادیمیای ئۆسکار، کاری ئەو دەرهێنەرانەی بە دڵە کە خاوەن تێڕوانینی سینەمایی سەربەخۆن هەر لە کاسرین بێگێلۆ دەرهێنەری "The Hurt Locker"ـە لە 2010ـەوە بگرە، تاوەکو کلۆی چاو لە فیلمی "Nomadland" لە 2021.
 
خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو
 
ئێدریان برۆدی، ئەکتەری ئەمریکی، رکابەرێکی هەر بەهێزە بۆ بردنەوەی ئۆسکاری باشترین ئەکتەری سەرەکی. رۆڵی لە فیلمی "The Pianist" لە 2003 لە بیرنەکراوە و بەهۆیەوە خەڵاتی باشترین ئۆسکاری بەدەستهێنا. ئەمساڵ لە رێگەی فیلمی "The Brutalist" چاوی بڕیوەتە هەمان خەڵات، لە رێگەیەوە خەڵاتی رەخنەگرانی سینەما، گۆڵدن گڵۆب و بافتای بەدەستهێناوە، بۆیە ئەوەی لە بەشی باشترین ئەکتەری سەرەکیی پیاو رکابەری ئۆسکاری ئەمساڵ دەکات، بە دڵەڕواکێیەکی زۆرەوە چاوەڕێی ئەنجامەکە دەبێت. 
 

تیمۆسێ شەلامێ، ئەکتەری گەنجی ئەمریکی – فەرەنسی، دوو ساڵە بە گروتینەوە لە جیهانی سینەمادا دەردەکەوێت و رۆشنایی زۆری لەسەرە، ئەمساڵ بەهۆی رۆڵگێڕانی لە فیلمی "A Complete Unknown" کە باس لە ژیانی بۆب دیلەن، گۆرانیبێژی ئەمریکی دەکات، بەربژێری ئۆسکاری باشترین ئەکتەری سەرەکی کراوە، پێشتر ئۆسکار بەدەستنەهێناوە، بەڵام براوەی خەڵاتی ئەمساڵی سەندیکای ئەکتەرانە. 
 

بە بڕوای رەخنەگرانی سینەما، کەمی تەمەنی شەلامێ (29 ساڵ)، چانسی بردنەوەی ئۆسکاری کەمترە، چونکە بۆ داهاتوو ئایندە و دەرفەتی گەورەتری هەیە، بەپێی ئەزموونی ساڵانی رابردوو، ئەوە دەسەلمێنێت، ئەکتەر گەنجەکان کەمتر ئۆسکاریان بردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، لە ئۆسکار دا هەموو شتێک پێشبینیکراوە. لیۆناردۆ دی کاپریۆ، لە دوای رۆڵگێڕانی لە فیلمی "Titanic" پێشبینی دەکرا براوەی ئۆسکار بێت، بەڵام دوای شەش جار بەربژێرکردنی بۆ خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکی، دواجار لە رێگەی فیلمی "The Revenant" توانی خەڵاتەکە بەدەستبێنێت.
 
شەلامێ، لە بردنەوەی خەڵاتەکە بێ ئومێد نییە، چونکە پێشتر ئێدریان برۆدی لە هەمان تەمەنی ئەودا بووەتە خاوەنی ئۆسکاری باشترین ئەکتەری سەرەکی و توانی رکابەری لەگەڵ ژمارەیەک ناوی دیاری لە سینەمادا بکات، لەوانەش جاک نیکڵسن و نیکۆڵاس کەیج.
 
پێشبڕکێی دمی مۆڕ و مایکی مادێسن 
 
لە بەشی پێشبڕکێی باشترین ئۆسکاری ئەکتەری سەرەکی ژن، دمی مۆڕ کە رۆڵی سەرەکی لە فیلمی "The Substance"ـدا دەگێڕێت، بەربژێرێکی بەهێزە، بەڵام دوای ئەوەی مایکی مادێسن بۆ رۆڵگێڕانی لە فیلمی "Anora" بافتای وەک باشترین ئەکتەری سەرەکی بەدەستهێنا، بە قەبارەیەکی گەورەتر و بەهێزتر هاتووەتە نێو پێشبڕکێیەکەوە.
 

ئەو دوو ئەکتەرە تەنیا دوو رکابەری بەهێز نین بۆ بردنەوەی خەڵاتی بەشی باشترین ئەکتەری سەرەکی ژن، بەڵکو لەولاوە فێرناندا تۆریس، ئەکتەری بەڕازیلی هەیە بۆ رۆڵگێڕانی لە فیلمی "I'm Still Here". 
 

 

فێرناندا تۆریس، جگە لەوەی براوەی گۆڵدن گڵۆبە، هەروەها رۆڵگێڕانی بۆ کارەکتەری چالاکوانێکی سیاسی کە خەبات بۆ نەهێشتنی چەوساندنەوە لە دژی رژێمێکی سەرکەوتکەر دەکات، ئەگەرێکی دیکەی بردنەوەی خەلاتەکەی پێدەدات، چونکە ئەم جۆرە فیلمانەش زۆر جار بە دڵی ئەکادیمیای ئۆسکارە.
 

"Dune: Part Two" و خەڵاتە تەکنیکییەکان
 
"Dune: Part Two" هەرچەند بەربژێری ئۆسکاری باشتیرن فیلم نەکراوە، بەڵام لە رووی تەکنیکییەوە ئامادەبوونێکی بەهێزی لە لیستی فیلمە بەربژێرکراوەکان هەیە و پێشبینی دەکرێت براوی ئۆسکاری باشترین کاریگەرییە بینراوەکان، باشترین دەنگ و باشترین دیزاینی بەرهەمهێنان بێت. 
 

بەپێی گۆڤاری "ڤارایەتی"، ئەندامانی ئەکادیمیای ئۆسکار، نیگەرانی خۆیان لە بەربژێرنەکردنی بەشی نوێی "Dune" بۆ خەڵاتە گەورەکانی ئۆسکار دەربڕیوە، هەروەها بەربژێرنەکردنی دۆنیز ڤیلینۆڤ بۆ خەڵاتی باشترین دەرهێنەر، بە هەڵەیەکی گەورە ناودەبەن.
 
جگە لەو خەڵاتانە، خەڵاتی دیکەی ئۆسکار دابەش دەکرێن، لەوانەش باشترین سیناریۆ، باشترین سیناریۆی رەسەن، باشترین ئەکتەری پاڵپشتی بۆ هەردوو رەگەز، باشترین گۆرانی، باشترین مەیکئەپ و باشترین دیزاینی جلوبەرگ.

 

ئۆسکاری 2025
 
97ـەمین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی ئۆسکار، لە 2ـی ئاداری 2025 (بە کاتی ئەمریکا) 3ـی ئادار (بە کاتی کوردستان) لە هۆڵی دۆڵبی لە هۆڵیوودی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، لە 23 بەشدا خەڵات بەسەر بەرهەمەکانی 2024 دابەش دەکرێن. 
 
فیلمی "Emilia Pérez" بەربژێری 13 خەڵاتی ئۆسکارە، بەمەش خاوەنی زۆرترین بەربژێرکردنە بۆ ئەمساڵ، لە دوای ئەو فیلمی "Brutalist" و "Wicked" دێن، هەریکەیان بەربژێری 10 خەڵاتن.
 
ئۆسکار
 
ئۆسکار بە گرنگترین خەڵات لە هونەری حەوتەمدا دەناسرێت، ساڵانە لەلایەن ئەکادیمیای هونەر و وێنەی جوڵا پێشکێش بە باشترین بەرهەمی سینەمایی و ستافی کارەکان دەکرێت.
 

پەیکەری خەڵاتەکە لەلایەن جۆرج ستانلییەوە نەخشێندراوە کە لە شێوەی سێدریک گیبنسە، یەکەم رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکە لە 1929 بوو، لە 1930 بۆ یەکەمجار رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکە لە رادیۆ گواستراوەتەوە و لە 1953 بۆ یەکەمجار لە تەلەڤزیۆن پەخشکرا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ماتیۆ پێری، ئەکتەری ئەمریکی - کەنەدی

پزیشکێک بەهۆی مردنی ئەستێرەیەکی (Friends) زیندانیکرا و سێی دیکەش دادگەیی دەکرێن

پزیشکێکی ویلایەتی کالیفۆرنیا کە ماددەی 'کیتامین'ـی بۆ ماتیۆ پێری، ئەستێرەی زنجیرەی (Friends) دابینکردبوو، سزای 30 مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا؛ بەمەش بووە یەکەم کەس لە دۆسییەی گیانلەدەستدانی ئەو ئەکتەرە سزا بدرێت.