لە بەرهەمێکدا مەرزیە فەریقی پەیامی بۆ لەیلای خوشکی هەیە

20-09-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن لەیلا فەریقی کەماڵ حوسێنی مەرزیە فەریقی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی هونەرمەند مەرزیە فەریقی، بەرهەمێکی هونەری بە ژیریی دەستکرد بڵاوکرایەوە، تێیدا وێنەی ئەو هونەرمەندە کۆچکردووە "زیندووکراوەتەوە" و بە شێوەیەکی سیمبولی داوا لە لەیلا فەریقی خوشکی دەکات بگەڕێتەوە نێو جیهانی هونەر. 
 
بەرهەمەکە بەناوی (مەرزیە بۆ لەیلا)یە و لەلایەن لە بیرۆکە و دەرهێنانی کەمال حوسێنییە، تێیدا گرتەی ڤیدیۆیی هەردوو خوشکە هونەرمەندەکە بە شێوەیەک ئاوێتەکراوە، وا دەردەکەوێت مەرزیە فەریقی لە باوەشی لەیلا فەریقی دایە و هانی دەدات دەست بە گۆرانیگوتن بکاتەوە.
 
لە دیمەنە کاریگەرەکانی کلیپەکەدا، مەرزییە و لەیلا بە باوەشێکی گەرمەوە دەبینرێن، دیمەنێک کە خەونی هەزاران هەواداریانە. پەیامی ڤیدیۆکە تەنیا یادکردنەوە نییە، بەڵکو وەک بانگەوازێک وایە لە رۆحی مەرزیەوە بۆ لەیلا، تاوەکو جارێکی دیکە مایکەکەی هەڵبگرێتەوە و بە دەنگە بەسۆزەکەی دڵی هەوادارانی خۆش بکاتەوە. لەچەند دیمەنێکی دیکەی ڤیدیۆکلیپەکەدا، میهری فەریقی خوشکی هەردوو هونەرمەند دەردەکەوێت.
 
تەکنەلۆژیای هاوچەرخ، بەتایبەتی ژیریی دەستکرد، چیتر تەنیا ئامرازێک نییە، بەڵکو بووەتە هاوبەشێک لە دروستکردنی چیرۆک و زیندووکردنەوەی یادەوەرییەکاندا. لەم بەرهەمەدا، لە رێگەی شیکردنەوەی هەزاران وێنە و ڤیدیۆی ئەرشیڤی مەرزیە فەریقی و لەیلا فەریقی، توانراوە وێنەیەکی جووڵاوی نوێی دروستبکات.
 
ئەم تەکنیکە توانای ئەوەی هەیە ڤیدیۆی نوێ لەبارەی کەسایەتییە کۆچکردووەکان دروستبکاتەوە و رابردوو و ئێستا بە شێوەیەک ئاوێتە بکات کە هەستی بینەر بجوڵێنێت و دەرگای نوێ بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی کاریگەر بکاتەوە.
 
کەماڵ حوسێنی، دەرهێنەری بەرهەمەکە، بە رووداوی راگەیاند: "ئەم بەرهەمە لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی هونەرمەند مەرزیە فەریقی بڵاودەکەینەوە و دڵنیاین کە رۆحی مەرزییەش دەیەوێت لەیلا فەریقی بگەڕێتەوە نێو کاری هونەری".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆتایی کلیپەکەدا مەرزیە مایکەکەی دەداتە دەست لەیلا، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە کاتی گەڕانەوەیەتی. گوتیشی: "من وەک یەکێک لە ملیۆنان هەواداری خاتوو لەیلا، ئەم کارەم کردووە بەو هیوایەی کاریگەریی هەبێت و بتوانێت هانی بدات بگەڕێتەوە".
 
مەرزیە فەریقی، لە 1958 لە مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، یەکێک لە دەنگە هەرە دیارەکانی هونەری میوزیک و گۆرانیی کوردییە. ئەو لە 18ـی ئەیلوولی 2004 بەهۆی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکەوە لە سوێد کۆچی دواییکرد و مەرگی ناوادەی خەمێکی قووڵی لە دڵی هەوادارانیدا جێهێشت.
 
لەیلا فەریقی، یەکێکە لە پڕهەوادارترین گۆرانیبێژە مۆدێرنەکانی کوردە کە چەندین ئەلبووم و گۆرانیی بەناوبانگی هەیە. دوای کۆچی دوایی مەرزییەی خوشکی، لەیلا فەریقی چالاکییە هونەرییەکانی زۆر کەمکردەوە و ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە هیچ بەرهەمێکی نوێی بڵاونەکردووەتەوە و لە سوێد و باشووری کوردستان ژیان بەسەر دەبات.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەفتە نمایشی جلوبەرگی داکار. وێنە؛ AFP

داکار جیاوازتر لە پایتەختەکانی فاشن دیزاینەکانی لە نێو بەلەم نمایش دەکات

بیست و سێیەمین خولی هەفتەی نمایشی جلوبەرگی داکار لە سێنیگال، بە شێوازێکی جیاواز و چاوەڕواننەکراو بەڕێوەچوو؛ لەجیاتی هۆڵە داخراوەکان و رۆیشتن لەسەر فەرش، مۆدێلەکان لەسەر بەلەمی ماسیگران و لەنێو شەپۆلەکانی دەریادا جلوبەرگەکانیان نمایشکرد.