بەشی سێیەمی (Avatar) لە سینەماکانە و لە چین 17 ملیۆن دۆلار بەدەستهێناوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەسار فایەق
نیشانەکردن Avatar
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فیلمی (Avatar: Fire and Ash)ـی جەیمس کامیرۆن، لە نمایشە بەراییەکانی رۆژی پێنجشەممەدا لە ئەمریکای باکوور 12 ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە، ئامانجی بەرهەمهێنەرانی کۆتاییهێنانە بە 2025 بە بەهێزترین فیلمی ساڵ.
 
هۆڵیوود ریپۆرتەر بڵاویکردووەتەوە، فیلمەکە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و لەو بازاڕانەی لە ناوەراستی هەفتەوە تێیدا نمایشکراوە، تاوەکو ئێستا 60 ملیۆن دۆلاری کۆکردووەتەوە. تەنیا لە چین، فیلمەکە لە یەکەم رۆژیدا 17 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێناوە. سەرەڕای ئەوەی ماوەی فیلمەکە زیاتر لە سێ کاژێر و چارەکێکە، بەڵام بینەران نمرەیەکی بەرزیان بە فیلمەکە داوە.
 
پێشبینی دەکرێت داهاتی فیلمەکە لە یەکەم هەفتەی نمایشکردنیدا لە ناوخۆی ئەمریکا لەنێوان 95 بۆ 105 ملیۆن دۆلار بێت، ئەم ژمارەیە کەمترە لە داهاتی بەشی دووەمی فیلمەکە بەناوی (Avatar: The Way of Water) کە لە یەکەم هەفتەیدا 134 ملیۆن دۆلاری کۆکردبووەوە.
 
بەشی دووەم نۆ رۆژی لەبەردەمدا بوو پێش پشووەکانی کریسمس، بەڵام ئەم بەشە نوێیە تەنیا شەش رۆژی لەبەردەمدایە، بۆیە بە بڕوای شارەزایان بەشێک لە بینەران چاوەڕێی رۆژانی جەژن دەکەن بۆ بینینی فیلمەکە.
 
لە کێبڕکێی بۆکس ئۆفیسدا، چەند فیلمێکی دیکەش هاوشانی فیلمەکە نمایش دەکرێن، لەوانە فیلمی ئەنیمەیشنی (The SpongeBob Movie: Search for SquarePants) کە لە نمایشە بەراییەکاندا 1.4 ملیۆن دۆلاری کۆکردووەتەوە. هەروەها فیلمی (The Housemaid) بە بەشداری ئەماندا سەیفرید و سیدنی سوینی، کە پێشبینی داهاتی 20 بۆ 25 ملیۆن دۆلاری بۆ دەکرێت.
 
(Avatar) یەکێکە لە سەرکەوتووترین پڕۆژەکانی مێژووی سینەما و خاوەنی چەندین ژمارەی پێوانەییە، داهاتی بەشی یەکەمی (Avatar 2009) زیاتر لە 2.92 ملیار دۆلارە، داهاتی بەشی دووەمی (Avatar: The Way of Water 2022) زیاتر لە 2.34 ملیار دۆلارە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە