رووداو- هەولێر
پتر وەكو ئەكتەرێك ناسراوە، بەڵام ناوبەناو كلیپێكی گۆرانیش بڵاودەكاتەوە، پەروین شازادە دەڵێت لە مێردەكەی جیانەبووەتەوە و ئێستاش پێكەوەن. شازادە لە شاری سلێمانی لەدایك بووە و ئێستا لە هەولێر دادەنیشێ، سەرپەرشتی دەزگایەكی رۆشنبیری و تەلەڤزیۆنێكی لۆكاڵی دەكات كە وەك خۆی دەڵێت بەهۆی ئەم دەزگا و تەلەڤزیۆنەوە خۆی خستووەتە بن قەرز. پەروین شازادە لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) باسی هەندێ لایەنی ژیانی خۆی دەكات.
رووداو: ماوەیەكی زۆرە وەك ئەكتەر لە هیچ فیلم و دراما و شانۆگەرییەكدا نابینرێی، بۆچی؟
پەروین شازادە: من كاری زۆر جوانم بەدەستەوەیە، بەڵام هیچ كەسێك نییە پشتگیریم بكات. ئەمە بۆ كاری ئەكتەری، جگە لەوەش دوو گۆرانیم بەدەستەوەیە كە بەنیاز بووم بڵاویان بكەمەوە، بەڵام بەهۆی شەهیدبوونی براكەم كە پێشمەرگە بوو لە میحوەری مەخموور، كارەكانم راگرتووە. من بێ توانا نیم و توانای كاری جوانم هەیە، بەڵام پشتم نییە.
رووداو: تۆ دەزگایەكی رۆشنبیریت هەیە، ئەگەر توانای ئەنجامدانی كارە هونەرییەكانی خۆت نەبێت، چۆن دەزگاكەت بەڕێوەدەبەی؟
پەروین شازادە: راستە من خاوەنی دەزگایەكم، بەڵام كەسێك لەسەر خەرجیی خۆی بەڕێوەی دەبات. ئۆتۆمبێلێكم بە قیست كڕی، دواتر بۆ دەزگاكەم فرۆشتەوە و ئێستاش كەوتوومەتە ژێرباری قەرزێكی زۆر.
فەڕەنسۆ هەریری داوای كرد لە حەمكۆ جیابمەوە
رووداو: ماوەیەكی زۆر لەگەڵ حەمكۆ كارتان بەیەكەوە دەكرد، ئێستا بۆچی پێكەوە كار ناكەن؟
پەروین شازادە: رێزم بۆ حەمكۆ هەیە، حەمكۆ بەرامبەر من سپڵە بوو، چونكە من دایك و خوشك و كەسوكاری ئەو بووم. كە هاتەوە پێی نەگوتم وەرە پێكەوە كار بكەین. ئەگەر كاری لەگەڵ من بكردبایە ئێستا حەمكۆ لە پەڕی ئاسمان بوو، كارەكانیشی رانەدەگیرا، هیچ ناخۆشییەكیش نییە لە نێوانمان و ئێستاش رێزم بۆی هەیە.
رووداو: بەڵام هاوژینی كچت لەگەڵ حەمكۆ كاری دەكرد؟
قوربانی زۆرم بۆ پارتی داوە، بەڵام كەس نەیخوێندەوە
پەروین شازادە: هاوژینی كچم ئازادە كار لەگەڵ كێ دەكات، من ناتوانم رێگەی لێبگرم.
رووداو: ئەگەر جارێكی دیكە حەمكۆ بیەوێت لەگەڵ تۆ كار بكات، تۆ رازی دەبی؟
پەروین شازادە: نەخێر، ناتوانم كار لەگەڵ مرۆڤی بەرژەوەندیخواز بكەم.
مێردم هەیە و پێكەوە دەژین
رووداو: خەڵكی زۆر شت لە بارەی ژیانی تایبەتی تۆوە دەڵێن، ساڵی چەند و چۆن شووت كرد؟
پەروین شازادە: من ساڵی 1986 بە رێكەوت شووم كرد، كرێچی ماڵی پووری هاوژینەكەم بووم، خاوەنی خانووەكە هاتە خوازبێنیم و شووم پێكرد.
لەسەر كاری هونەری هاتوچۆی ماڵی خەسووم ناكەم
رووداو: لەسەر كارە هونەرییەكانت هیچ كاتێك كێشەت لەگەڵ هاوژینەكەت بۆ دروست نەبووە؟
پەروین شازادە: نەخێر، ئەو شانازی بە كارە هونەرییەكانمەوە دەكات، زۆرجار هاندەرێكی باشە بۆ كارە هونەرییەكانم.
رووداو: ئەی كێشەت لەگەڵ ماڵی خەسووت بۆ دروست نەبووە؟ چونكە تۆ لە سەردەمێك دەردەكەوتی كە كاركردن بۆ ئافرەتێك لەو بوارەدا زۆر قورس بوو.
پەروین شازادە: بەڵێ، ئەوان پێیان خۆش نەبوو كاری هونەری بكەم، بۆیە تێكەڵیان نەبووم و ئێستاش تێكەڵیان نابم، خەسووم حەزی نەدەكرد كاری هونەری بكەم، بەڵام هاوژینەكەم پشتگیری دەكردم و ئەوە بۆ من گرنگە. ئێستا زۆر كەس وا دەزانن لە مێردم جیابوومەتەوە، زۆر كەس وایانزانیوە ژنی عومەر چاوشینم، زۆر كەس وایانزانیوە ژنی كەریم گوڵانی یان نوری گەرمیانیم، بەڵام وا نییە، هاوژینەكەم رائیدە و لە پیرمام كار دەكات. خۆ هاوژینەكەم مەدالیا نییە تاوەكو هەموو دەمێك لەگەڵم بێت.
لەگەڵ فوئاد ئەحمەد پێكەوە گۆرانیمان گوتووە
رووداو: لەگەڵ هونەرمەندە كۆنەكان پێموابێت گۆرانیت گوتووە، دەگوترێت پەیوەندیت لەگەڵ تاهیر تۆفیق خۆش بووە؟
پەروین شازادە: لەگەڵ مامۆستا فوئاد ئەحمەد ئاهەنگێكمان هەبوو لە یانەی ئەندازیاران لە هەولێر، مامۆستا تاهیر تۆفیقیش لەوێ دانیشتبوو. مامۆستا تاهیر پێیگوتم خاتوون تۆ كە دەتەوێت گۆرانی بڵێی دەبێت وەك چیای سەفین خۆڕاگر بیت، ئەو ئامۆژگارییەم هەرگیز بیرناچێ.
رووداو: زۆرجار دەگوترێ پەروین شازادە زۆر شتی بەقوربانی حیزبایەتی كردووە، ئەو شتانە چین؟
برایەكم لە جەنگی دژی داعش شەهید بوو
پەروین شازادە: راستە، من شێرە برایەكم 8 مانگە لە مەخموور شەهید بووە، هەموو مەخموور دەزانێت رزگار كێ بوو، باوكیشم شەهیدی شۆڕشی ئەیلولە، دایكم كاری رێكخستنی دەكرد لە شاری سلێمانی، لەو كاتەوە كاری حیزبایەتیم بۆ پارتی دەكرد، ئێستاش پارتیم، من قوربانیی زۆرم بۆ پارتی داوە، بەڵام كەس قوربانییەكانی منی نەخوێندەوە.
رووداو: بابەتێكی كۆن هەیە بەشێوازی جیاواز باسی لێوەدەكرێت، دەگوترێت لە ساڵانی نەوەتەكان، ئەو ماڵەی كە حەمكۆی لێ دەژیا تەقێندرایەوە، ئەوە رێككەوتنێكی نێوان تۆ و حەمكۆ بوو ئەو كارە بكەن، بۆ ئەوەی دواتر قەرەبوو بكرێنەوە، ئەوە راستە؟
پەروین شازادە: ئەوە كێ ئەم قسەیەی كردووە؟ ئەو ماڵەی تەقێندرایەوە ماڵی من بوو، كەس هەیە ماڵی خۆی بتەقێنێتەوە؟، حەمكۆ لە ماڵی من دەژیا، ماڵی من بوو تەقێندرایەوە، كاك فەڕەنسۆ بە رەحمەت بێ، ئاگای لەو بابەتە بوو، ئەوكات راستەوخۆ نامەی نارد و گوتی بە پەروین شازادە بڵێن لە حەمكۆ جیاببێتەوە و كاری لەگەڵ نەكات، ئەوە بوو راستەوخۆ جیابووینەوە. دوای تەقاندنەوەی ماڵەكەش ژەهر كرایە نێو چایی بۆ من و حەمكۆ، ئەی ئەوە كێ كردی؟
تاهیر تۆفیق پێیگوتم دەبێت وەك چیای سەفین خۆڕاگر بیت
رووداو: لەو تەقینەوە و ژەهركردنە نێو چاییە، زیاتر مەبەست كێ بوو؟ تۆ یان حەمكۆ؟
پەروین شازادە: زیاتر مەبەستیان حەمكۆ بوو نەك من، چونكە حەمكۆ زماندرێژ بوو.
پەروین شازادە:
پەروین شازادە، ئەكتەر و گۆرانیبێژ، ساڵی 1960 لە شاری سلێمانی لەدایك بووە، ساڵی 1986 شووی كردووە و دایكی سێ منداڵە. خاوەنی دەزگایەكی رۆشنبیری و تەلەڤزیۆنێكی لۆكاڵییە بەناوی "داهێن". لە ساڵانی نەوەدەكان یەكێك بوو لەو خانمە ئەكتەرانەی كە زۆرترین كاری كۆمیدی دەكرد، دواتر وەك گۆرانیبێژێك ناسرا، بەڵام وەك خۆی دەڵێت، ئەو سەرەتا گۆرانیبێژ بووە، بەڵام دوای راپەڕینی ساڵی 1991 بووە ئەكتەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ