تابلۆکانی هیتلەر دەفرۆشرێن

22-06-2015
هیوا سەڵاح
نیشانەکردن هیتلەر
A+ A-
رووداو- هەولێر

رەنگە کەس باوەڕ بەوە نەکات گەورەترین دیکتاتۆری جیهان هونەرمەندێکی شێوەکاریش بێت، ئەدۆلف هیتلەر، سەرۆكی نازییەکانی ئەڵمانیا خوویەکی دیکەی هەبووە کە وێنەکێشان بووە، ئێستاش زیاتر لە 14 کەڤاڵی لە مەزادێکی ئاشکرادا دەفرۆشرێن.

ئەم تابلۆیانە بە درێژایی ژیانی هیتلەر بە دەستی خۆی نەخشاندوویەتی کە لە تابلۆی رەنگ ئاوی و زەیتی و سکێچ پێکهاتوون، لەمەزادێکی ئاشکرادا لە ئەڵمانیا بە نرخی 391 هەزار یۆرۆ فرۆشران.

تابلۆکانی هیتلەر لە نێوان ساڵانی 1904 تاوەکو 1922 کێشراون،  زۆربەیان واژۆی هیتلەریان بەسەرەوەیە، وێنەکان زیاتر گوزارشت لە سروشت دەکەن و لەگەڵ کێشانی پۆرترێت و وێنەی شار و شەقامەکانی ئەڵمانیا و باخ و گوڵیش نیشاندەدات. هیتلەر، تەنانەت وێنەی ئافرەتی رووتیشی کێشاوە.

زۆربەی ئەوانەی کڕیاری تابلۆکانی هیتلەرن خەڵکی چین، فەرەنسا، بەرازیل، ئەڵمانیا و ئیماراتی عەرەبین، هەرچەندە ئەوانەی کەڤاڵەکان دەکڕن لەبەر گرنگی هونەری تابلۆکانیان نییە، بەڵکو لەبەر ناوبانگی هیتلەر و بازرگانیکردن بە تابلۆکان دەیکڕن.

وەک مێژوونووسان باسی دەکەن، هیتلەر پێش ئەوەی تێکەڵی سیاسەت بێت لە منداڵییەوە ئارەزووی هونەری شێوەکاری هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین جار هەوڵیداوە لە ئەکادیمیای هونەری بخوێنێ بۆ ئەوەش چەندین وڵاتی کردووە، بەڵام هیچ شوێنێک وەرینەگرتووە، ئەمەش ناچاری دەکات لەسەر شەقامەکان وێنە بکێشێت و بیفرۆشێتەوە، بەڵام لەبەر خراپی بژێوی ژیانی نەیتوانیوە بەردەوام بێت .

هیتلەر زیاتر لە 1500 تابلۆی بە رەنگی ئاویی و زەیتی و خەڵوز کێشاوە، کە ئێستا بەشێکی زۆری تابلۆکانی ماون لە لایەن سێ شوێن دەپارێزرین، وەک مۆزەخانەی فلۆرەنسا، بەشێکی دیکەشی لەلایەن لۆرد باس لە بەریتانیا پاریزراون، هاوکات بەشی سێیەمیش لەلایەن بنەماڵەیەکی ئەمریکی بەناوی بێلی برایس لە تکساس پارێزراون.



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە