رووداو- هەولێر
لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، هونەرمەندێكی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان بەنێوی شۆڕش ئاهی، لەسەر دیوار تابلۆی قەشەنگ دەنەخشێنێ و لەسەر شەقامەكانیش پەیكەری پڕاوپڕ لە تراژیدیا نمایش دەكات.
كارە هونەرییەكانی شۆڕش ئاهیی شێوەكار، هەموویان باس لە سەرهەڵدان، مردن، شۆڕشگێڕی، قارەمانی و كەسایەتییە مێژووییەكانی گەلی كورد دەكەن.
شۆڕش ئاهی كێیە؟
لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایك بووە، بەڵام زیاتر لە بۆكان ژیاوە. هەر لە منداڵییەوە شەیدا و هۆگری پەیكەرسازی بووە، دواتر دەچێتە خوێندنگا هونەرییەكان و بەشی شێوەكاری لە زانكۆی تاران دەخوێنێ.
بەشێكی زۆر لە كارە هونەرییەكانی وەك پەیكەر و تابلۆ، باسی نیشتیمان و نەتەوە دەكات. ئەمەش پەیوەندی بە باكگراوندی بنەماڵەی شۆڕشەوە هەیە، چونكە وەك خۆی دەڵێت، لە بنەماڵەیەكی شۆڕشگێڕدا گەورە بووە و باوكی و مامی هەر لەو رێگایەدا گیانیان سپاردووە، بۆیە ئەو دەیەوێت رێگای باوكی و مامی و سەرجەم شەهیدانی كوردستان بە هونەر رووناك بكاتەوە.
شۆڕش ئاهی ئەمجارە بەشێوازێكی نوێ كاری داڕشتنەوەی پەیكەر لە كوردستان دەكات كە كەم كەس لەم بوارە لە جیهاندا ئیش دەكەن، ئەو دەیەوێت سوود لە پلاستیك وەربگرێت بۆ دروستكردنی پەیكەر و تابلۆ، بۆیە یەكەمین كاریشی بە پلاستیك، پەیكەرێك دەبێت بۆ جینۆسایدی كورد.
كاری شۆڕش ئاهی، هەر دروستكردنی پەیكەر نییە، بەڵكو كاری گرافیك و تابلۆی سەر دیواریش دەكات، ئەو زیاتر لە بیست ساڵە سەروكاری لەگەڵ رەنگ و بۆیە و پەڕەمووچ هەیە، بۆیە شۆڕش لە هەر كوێ بێت رەنگ و فڵچە و بۆیە لەوێ هەن و وەكو سێبەر هەمیشە بەدوایەوەن.

پێشەوا و قاسلمو لە تابلۆكانی شۆڕشدا
شۆڕش ئاهی چەندین پڕۆژەی هونەری شێوەكاری وەك پۆرترێتی هەموو سەركردەكانی كوردی بەشێوازێكی ئەكادیمی لەبەردەستە، كارەكەشی بووەتە جێی سەرنجی هونەرمەندانی شێوەكار. شۆڕش سەرەتا بە پۆرترێتی قازی محەممەد، دەستی بە دروستكردنی پۆرترێتی سەركردەكانی كورد كرد. دواتریش پۆرترێتی د.عەبدولڕەحمان قاسملوی نەخشاند.
شۆڕش ئاهی هێندە بە بیروباوەڕی ئەو سەركردانە سەرسام بووە، لە بەشێكی زۆری كارەكانیدا رەنگی داوەتەوە، لەبەرنامەشیدا هەیە هەموو سەركردە و شۆڕشگێڕانی كورد بكاتە پڕۆژەی هونەری. هەروەها پڕۆژەی بۆ ئەو كارەساتانەش هەیە كە بەسەر گەلی كورد هاتوون، لەوانەش ئەنفال و كیمیاباران.
ئاهی دەیەوێت لە رێگای هونەرەكەیەوە، ناسۆرەكانی كورد بۆ جیهان بگێڕێتەوە، ئێستا لە رێگای پلاستیكەوە پڕۆژەیەكی گەورەی بۆ جینۆساید و ئەنفال دروستكردووە كە وێنای ماڵوێرانی و كوشتنی كورد لەلایەن دوژمنانەوە دەكات.
شەهیدەكان دەنەخشێنێ
شۆڕش تەنیا هونەرەكەی شك دەبات خزمەتی وڵاتی پێ بكات، بۆیە ئەو پێیوایە ئێستا كە وڵاتەكەی لە هەرچوار لاوە تووشی هێرشی داگیركەران بووە، لەڕێگای هونەرەكەیەوە بەرەنگاریان دەبێتەوە، هونەرەكەی دەكاتە قەڵغان و بەرگری لە نەتەوەكەی پێدەكات، بۆیە شۆڕش وێنەی ئەو پێشمەرگانە كە لەبەرەكانی جەنگ شەهید دەبن دەكێشێت، شۆڕش دەخوازێت لەم رێگایەوە خزمەت بە شەهید و بنەماڵەی شەهیدانی كوردستان بكات.
ئەو هەر تەنیا لەسەر پلاستیك كار ناكات، بەڵكو لە چەندین بواری دیكەدا كاری هونەری دەكات، وەك پەیكەرتاشی بەدار و بەشێوازی driftwood ، هەڵبەت ئەمەش لە رێگای سوود وەرگرتن لە ریشە و لق و پۆپی دار و بژێویی ژیانیشی لەڕێی ئەم كارانەوە دابین دەكات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ