(Avatar 3) بە 345 ملیۆن دۆلار هاتە نێو پێشبڕکێی بۆکس ئۆفیسەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەسار فایەق
نیشانەکردن Avatar: Fire and Ash
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەشی سێیەمی زنجیرە فیلمی (Avatar) بە ناوی (Avatar: Fire and Ash)، لە یەکەمین کۆتایی هەفتەی نمایشکردنیدا، داهاتێکی خەیاڵیی لەسەر ئاستی جیهان کۆکردەوە، بەڵام لەنێو سینەماکانی ئەمریکای باکوور نەگەیشتە ئەو ئاستەی کە پێشبینی دەکرا.
 
فیلمە نوێیەکەی جەیمس کامیرۆن لە یەکەمین هەفتەی نمایشکردنیدا لەسەر ئاستی جیهان، 345 ملیۆن دۆلاری کۆکردووەتەوە. بەمەش بووە دووەم بەهێزترین دەستپێکی فیلمەکانی هۆڵیوود لە 2025ـدا، لە دوای فیلمی (Zootopia 2) کە ئەویش بەرهەمی کۆمپانیای دیزنییە.
 
داهاتی جیهانی و بازاڕە گەورەکان
 
بەشێکی زۆری سەرکەوتنی فیلمەکە بۆ بازاڕەکانی دەرەوەی ئەمریکا دەگەڕێتەوە. چین بە کۆکردنەوەی 57.6 ملیۆن دۆلار، لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانە هات کە زۆرترین داهاتیان بۆ فیلمەکە تۆمارکردووە، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی تێپەڕاند کە بەشی دووەمی فیلمەکە لەو وڵاتەدا تۆماری کردبوو.
 
ئایماکس رۆڵێکی سەرەکی لەم داهاتەدا هەبوو، بەجۆرێک 43.6 ملیۆن دۆلار لە داهاتی گشتیی فیلمەکە تەنیا لەو هۆڵانەوە هاتووە کە بە سیستەمی ئایماکس فیلمەکە نیشان دەدەن.
 
داهاتی ئەمریکا بۆ بەرهەمهێنەرانی دڵخۆشکەر نەبوو
 
هەرچەندە فیلمەکە لە جیهاندا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا، بەڵام لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور، فیلمەکە تەنیا 88 ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە،  ئەمەش کەمتر بوو لەو پێشبینیانەی بۆی کرابوو. شرۆڤەکاران دەڵێن بەشی سێیەمی فیلمەکان بەردەوام رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە پشووەکانی کۆتایی ساڵدا داهاتەکەی لە ئەمریکاش گەشەیەکی بەرچاو بکات.
 
کاردانەوەی بینەران
 
سەرەڕای ئەوەی ماوەی فیلمەکە زیاتر لە سێ کاژێر و 15 خولەکە، بەڵام بینەران نمرەی بەرزی (A)یان لە (CinemaScore) پێداوە. ئەمەش ئاماژەیەکی ئەرێنییە بۆ کامیرۆن، چونکە بەشی یەکەمی فیلمەکەش لە 2009 بە داهاتی 77 ملیۆن دۆلار لە ئەمریکا دەستیپێکرد، بەڵام دواتر بووە پڕداهاتترین فیلمی مێژوو بە کۆکردنەوەی 2.97 ملیار دۆلار.
 
کێبڕکێی فیلمەکانی دیکە
 
لە لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی هەفتەدا، فیلمی (David) بە 22 ملیۆن دۆلار لە ریزبەندی دووەم و فیلمی (The Housemaid) بە بەشداری سیدنی سوینی بە 19 ملیۆن دۆلار لە ریزبەندی سێیەم هاتن. هەروەها فیلمی (Marty Supreme) بە بەشداری تیمۆتی شالامێ، تۆمارێکی نوێی لە سینەما سنووردارەکاندا تۆمارکرد.
 
ئێستا جەیمس کامیرۆن خاوەنی سێ فیلمە لەنێو چوار پڕداهاتترین فیلمەکانی مێژووی سینەما (Titanic)، (Avatar) و (Avatar: The Way of Water) و چاوەکان لەسەر بەشی نوێی فیلمی (Fire and Ash)ـن تاوەکو بزانرێت دەتوانێت تۆمارێکی دیکە لە جیهانی سینەمادا تۆمار بکات یان نا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشیر ناسری لەگەڵ پەیکەری دڵشاد سەعید

بەشیر ناسری پەیکەرێک بۆ دڵشاد سەعید دروستدەکات

بەشیر ناسری، پەیکەرسازی کورد، پەیکەرێک بۆ دڵشاد سەعید، ژەنیار و ئاوازدانەری ناسراوی کورد دروستدەکات و دەڵێت، دەیەوێت لە داهاتوودا پەیکەر بۆ موجتەبا میرزادەش دروستبکات.