فەرهاد پیرباڵ بۆ رووداو: ٣ رۆژم مابوو بمرم کە ئاڵام ناسی

23-02-2015
دەرباز یونس
نیشانەکردن فەرهاد پیرباڵ ئاڵا
A+ A-

رووداو- هەولێر

ژنهێنانى نووسەر و مامۆستاى زانکۆ فەرهاد پیرباڵ، هاوشێوەى ژنهێنان و شووکردنى گۆرانیبێژان و ئەستێرەکانى سینەما لە کوردستان دەنگدانەوەى هەبوو. هەندێک کەس ئەوەیان وەک کارێکی ئاسایى وەرگرت، سەرەڕای جیاوازیی تەمەنیان کە نزیکەی 30 ساڵە، بەڵام ئەوانەشی فەرهادیان رەخنەباران کرد کەم نەبوون.

هەواڵى ژنهێنانى فەرهاد پیرباڵ بۆ یەکەمجار لە هەفتەنامەى (رووداو) بڵاوکرایەوە، بەڵام دواتر هەموو ماڵپەڕە کوردییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى بەخۆیەوە سەرقاڵ کرد. دواى هاوسەرگیریەکەشیان (تۆڕى میدیایى رووداو) فەرهاد پیرباڵ و ئاڵاى هاوسەرى دواند.


لە بەیروت یەکدییان ناسى

ئاڵا، تەمەنی 23 ساڵە و نزیکەی 30 ساڵ لە فەرهاد پیرباڵ بچووکترە، خەڵکی هەولێرە و قوتابی بەشی یاسایە لە زانکۆی حەیات، ئەو خانمە بە (رووداو)ی گوت "ئێمە لەگەڵ خێزانەکەمان لە بەیروت بووین، بێگومان پێشتر فەرهاد پیرباڵم وەکو نووسەر و رۆشنبیرێک دەناسی، بەڵام لەوێ بۆ یەکەمجار بینیم و لە نزیکەوە ناسیم، دوای گەڕانەوە بۆ کوردستان پەیوەندی تەلەفۆنی و یەکدى بینین هەبوو لە نێوانمان و پەیوەندی خۆشەویستی دروست بوو".

ئاڵای پێیوانییە لە داهاتوودا بەهۆی جیاواز بیرکردنەوەی لەگەڵ د.فەرهاد، تووشی کێشە ببن و ژیانیان ناخۆش بێت "کەس نازانێت لە داهاتوودا چی روودەدات و رۆژێک دێت ژیان دەبێتە رۆتین" ئاڵا وایگوت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەنگۆیەک هەیە، گوایە باوکی ئاڵا بەو هاوسەرگیرییە رازی نەبووە، بەڵام ئاڵا ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت "سەرەتا رازی نەبوون بەهۆی جیاوازیی تەمەن، بەڵام کە زانییان ئێمە سوورین لەسەر ئەو خۆشەویستییە رازی بوون و ئێستا هیچ کێشەیەکیان نییە".

فەرهاد پیرباڵ شانازی بە ئاڵای هاوسەری دەکات و دەڵێت "ئاڵا عەشق و خۆشەویستی هێنایە نێو کۆلێژەکان، دوای مارەبڕین چووینە کۆلێژی پەروەردەو بەدرێژایی زیاتر لە 5 کیلۆمەتر پیاسەمان کرد، لە کوردستان هیچ گەنجێک ناوێرێت دەستی یار و دەستگیرانەکەی خۆی بگرێت و پیاسەى لەگەڵ بکات، ئێمە عەشقمان زیندوو کردەوە، ئاڵا جێی شانازی منە، جێی شانازی دایک و باوکێتی، شانازییە بۆ هەموو کورد و کوردستان".

ئاڵا نەبووایە دەمرد

فەرهاد پیرباڵ پێشتر لە بەرنامەیەکى تەلەفزیۆنیدا رایگەیاندبوو کە تاوەکو کۆتایى 2014 دەمرێت، بەڵام نەک هەر نەمرد، بەڵکو کوردەوارى گوتەنى لێفەکەشى نوێ کردەوە و بۆ جارى دووەم چووەوە نێو قەفەسى زێڕین.
فەرهاد پیرباڵ کە دکتۆراى لە زانکۆى سۆربۆنى فەرەنسا بەدەستهێناوە، دواى راپەڕین گەڕایەوە کوردستان و لە زانکۆکانى کوردستان دەستى بە وانەگوتنەوە کرد، پاشان خێزانی لەگەڵ ژنە شاعیرى کورد تەرزە جاف پێکهێنا، ئەوان هەرچەندە خاوەنى کوڕ و کچێک بوون، بەڵام سەرئەنجام جیابوونەوە.
فەرهاد پیرباڵ لە نێو ماڵە نەخشێندراوەکەى لە تەنیشت ژنە نوێیەکەى دانیشتبوو و جار جار دەستى لە ملی دەکرد و ماچى دەکرد، ئەو دەیگوت ئەگەر لەگەڵ ئاڵا هاوسەرگیری نەکردبا ئەوا لە ساڵی 2014 دەمرد "من دەمزانی لە ساڵی 2014 دەمردم، پێشتر ئەوەشم راگەیاندبوو، بەڵام خودا ئاڵای بۆ من نارد و ئەوم ناسی، تەنیا 3 رۆژ مابوو بۆ ئەوەی بمرم کە ئاڵام ناسی و ئێستا ئەو هاوسەرمە، خۆشەویست و هەموو ژیانمە، ئاڵا منی بۆ هەموو کورد رزگار کرد، کورد منی فڕێدابوو، ئەو کچە جوانە منی هەڵگرتەوە، دەبێ هەموو کوردستان و هەموو ئەو کەسانەی منیان خۆشدەوێت سوپاسی ئاڵای هاوسەرم بکەن".

فەرهاد پیرباڵ چەندین شیعری بۆ ئاڵای هاوسەری نووسیوە، پێیوایە ئەو کچە گەنجە وەکو تابلۆیەکی هونەری هاتووەتە ماڵەکەی "ئاڵا وەک تابلۆیەک هاتە ماڵەکەم، یەکەمین کار کە کردی دەستکاری تابلۆکانمی کرد، من چەند تابلۆیەکیشم بۆ ئاڵا دروستکردووە، ئێمە دوای خۆشەویستییەکی 3 مانگە هاوسەرگیریمان کرد، نازانم لە داهاتوودا چۆن دێتە نێو شیعر و رۆمان و تابلۆکانم، ئاڵا لەو ماوە کورتەدا بیرکردنەوەی منی گۆڕی، من وەک فەرهاد پیرباڵ ژیانم نەمابوو، ئەو کچە گەنجە منی رزگار کرد، من بەر لە ئاڵا خودام دەناسی، بەڵام ئەو خۆشەویستیی خودای لە دڵی مندا قووڵتر کردەوە".

"ئەگەر ژنم نەهێنابا، چیم کردبا!"

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە بارەی ئەو هاوسەرگیرییەی فەرهاد چەندین کەسایەتی هاتوونەتە دەنگ، هەندێکیان پیرۆزبایی لێدەکەن و هەندێکیان دەڵێن ئەگەر ئەو هاوسەرگیرییە کەسایەتییەکی ئاینی بیکردبا، ئەوا فەرهاد پیرباڵ یەکەمین کەس دەبوو کە دەهاتە دەنگ و هێرشی دەکردە سەری، بەڵام فەرهاد پیرباڵ دەڵێت "من هیچ شتێکی دوور لە شەرع و قانون و ئەخلاقم نەکردووە، ئەو قسەیە وانییە، بەڵام من دژی دوو ژنیم و رەتیدەکەمەوە، نازانم پیاو چۆن دەتوانێت دوو یان سێ ژنی خۆشبوێت لە یەک کاتدا".

فەرهاد پیرباڵ لەبارەى ئەو رەخنانەى لە هاوسەرگیرییەکەى دەگیرێن دەڵێت "ئەگەر ژنم نەهێنابایە چیم کردبا؟ من ژیانم نەمابوو، ژنم نەمابوو، منداڵم نەمابوو، تەنیا و بێکەس بووم، ئەگەر ژنم نەهێنابایە چیم کردبا؟".

ئەو دوو هاوسەرە، هیچ ئاهەنگێکیان بەبۆنەی هاوسەرگیرییەکەیان نەکردووە و بۆ مانگی هەنگوینیش نەچوونەتە دەرەوە. بەگوتەی فەرهاد پیرباڵیش هیچ پلانێکی دیاریکراویان بۆ ژیان نییە و نازانن لە داهاتوودا چی دەکەن و لە کوێ دەژین، رەنگە لە هەولێر بن، یان بچن بۆ ئیستەنبوڵ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە