تەیلەر سویفت ئەلبوومێکی نوێی گۆرانی بڵاودەکاتەوە

23-04-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن تەیلەر سویفت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تەیلەر سوێفت، گۆرانیبێژی ئەمریکی، نوێترین ئەلبوومی گۆرانیی بەناوی "The Tortured Poets Department" بڵاوکردەوە و یەکێک لە تراکەکانی نێو ئەلبوومەکەیە بەناوی "Fortnight" بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکراوەتەوە.
 
ئەلبوومەکە دەبێتە یازدەمین ئەلبوومی سویفت، تێیدا 16 تراکی گۆرانی لەخۆدەگرێت، لەوانەش گۆرانی "The Bolter"، "Florida" و "So Long, London".
 
ئەو هونەرمەندە جیهانییە توانی لە رێگەی گۆرانی "Fortnight" تۆمارێکی نوێ تۆمار بکات و لە یەک رۆژدا زیاتر لە 300 ملیۆن بیسەری لە پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکان هەبووە.
 
سویفت کە بەم دواییە ناوی چووە نێو لیستی ملیاردێرەکانی جیهانەوە، گۆرانییە نوێیەکەی "Fortnight" لە سپۆتیفای 200 ملیۆن و لە پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکانی دیکە 100 ملیۆن جار بیستراوە.
 
پێشتر گۆرانی "Easy on Me"ـی ئەدێل، گۆرانیبێژی بەریتانی خاوەنی ئەو نازناوە بووە لە 2021 لە پلاتفۆرمی سپۆتیفای.
 
لە شوباتی رابردوو تەیلەر سویفت، چوار کۆنسێرتی لە چوارچێوەی گەشتە هونەرییەکەی بەناوی "Eras Tour" لە تۆکیۆی ژاپۆن سازکرد.
 
سویفت، لە 4ـی شوباتی 2024 لە دوای بردنەوەی خەڵاتی گرامی بۆ باشترین ئەلبوومی پۆپ، گەشتی بۆ ژاپۆن کرد.
 
تەیلەر سویفت، یەکێک لە هونەرمەندە هەر ناسراوەکانی جیهانە و لەرێگەی بەرهەکانییەوە چەندین ریکۆردی نوێی تۆمارکردووە و ساڵانە ئەلبوومێکی گۆرانی بڵاودەکاتەوە، بە پێچەوانەی بەشێک لە هونەرمەندە جیهانییەکان کە چەند ساڵ جارێک ئەلبوومێک بڵاودەکەنەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، بەم دواییە حەوت ئەلبوومی گۆرانیی ئەو گۆرانیبێژە جیهانییە لە لیستی 40 ئەلبوومی "بیلبۆرد"ـدا بۆ باشترین ئەلبوومەکاندا بوون.
 
سویفت، دەبێتە یەکەم هونەرمەندی زیندوو ئەو ریکۆردە تۆمار بکات و لە ریزبەندی یەکەمی لیستەکەدا، ویتنی هیستن، هونەرمەندی کۆچکردووی ئەمریکی دێت.
 
سویفت، ئەم تۆمار نوێیەی لە دوای بڵاوکردنەوە دوایین ئەلبوومییەتی بەناوی "Midnights" دێت کە لە ریزبەندی یەکەمی لیستەکەیدایە و ئەلبوومەکانی دیکەی لە ریزبەندی 13، 14، 22، 26 و 31ـدایە.
 
هەروەها تەیلەر سویفت، کە بە تۆمارکردنی تۆمارە جیهانییەکان ناسراوە، پێشتر ژمارەیەکی نوێی جیهانیی لە رێگەی ئەلبوومی "1989" تۆمارکرد.
 
ئەلبوومی "1989"ـی ئەو هونەرمەندە جیهانییە، لە یەک رۆژدا زۆرترین جار لە رێگەی پلاتفۆڕمی سپۆتیفای بیسترا و یەکەمجارە ئەو پلاتفۆڕمە ئەو ژمارەیە تۆمار دەکات.
 
سپۆتیفای کە یەکێک لە بەهێزترین پلاتفۆڕمەکانی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە میوزیکییەکانە، ژمارەکەی بۆ میدیاکان ئاشکرا نەکردووە کە ئەلبوومەکەی سویفت لە یەک رۆژدا تۆماری کردبوو.
 
لەلایەکی دیکەوە، لە 2023 فیلمێکی ئەو گۆرانیبێژە بەناوی "Taylor Swift: The Eras Tour" لە سینەماکانی جیهاندا بڵاوکرایەوە.
 
فیلمەکە دیمەنی کۆنسێرتی هاوینەی 2023ـی سویفت لە یاریگەری سۆفی لە کالیفۆرنیای ئەمریکا لەخۆدەگرێت و لە سینەماکانی جیهاندا پێشاندرا.
 
سویفت خۆی بەرهەمهێنەری فیلمەکەیەتی و بەهۆی ئەوەی خاوەنی 283 ملیۆن فۆلوەرە لە ئینستگرام، پێویستی زۆری بە بازاڕکردنی فیلمەکەی نەبووە لە رێگەی کۆمپانیا و میدیاکانەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە