رێبوار محەممەد: بەهۆی پرۆگرامی وەرزین 15 کیلۆ لە کێشم دابەزاندووە

23-10-2015
دەرباز یونس
نیشانەکردن وەرزین رێبوار محەممەد
A+ A-

رووداو – هەولێر

رێبوار محەممەد، هەموو دووشەممەیەك لە شاشەی رووداو لە رێگەی پڕۆگرامی وەرزین دەردەكەوێت. رێبوار هەرچەندە هاندەری یانەی ریاڵ مەدریدە، بەڵام لەگەڵ سەرنووسەری هەفتەنامەی رووداوی وەزرشی كە هاندەری یانەی بارسیلۆنایە سازاون و هەموو سێشەممەیەك بە وتارێك سووچێكی دوا لاپەڕەی هەفتەنامەكە پڕدەكاتەوە.


 رێبوار محەممەد بەرپرسی دیسكی وەرزشی(تۆڕی میدیایی رووداو) لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی (رووداو) باسی پشتی شاشەی كارەكانی لە رووداو و ژیانی تایبەتی خۆی دەكات.

رووداو: تۆ لە كوردستان تیڤی پرۆگرامێكی كۆمەڵایەتیت هەبوو، بۆچی خۆت تەرخانكرد بۆ بەشی وەرزشی؟

رێبوار محەممەد: من نەك تەنیا لە پرۆگرامی كۆمەڵایەتی بەڵكو لە سیاسەتیشدا كارم كردووە، ماوەیەكیش پەیامنێری جەنگ بووم لە پڕۆسەی ئازادیی عێراقدا، بەڵام هەمیشە پەیوەندییەكم لەگەڵ وەرزشدا هەبووە، ئەو كاتەی دەرفەتی پێشكەشكردنی ئەو پرۆگرامە كۆمەڵایەتییە لە كوردستان تیڤی هاتە پێشەوە پێم باش بوو بیكەم، بەڵام ئەمە زۆری نەخایەند و لە كوردستان تیڤی هاتمە دەرەوە و بوومە سەرنووسەری گۆڤاری وەرزین لە دەزگای ئاراس.

رووداو: تۆ وەك پێشكەشكارێك، چ رەخنەیەكت لە خۆت هەیە؟

رێبوار محەممەد: من رەخنەیەكم لە خۆم هەیە كە رەنگە ئەمە رەخنەی خەڵكیش بێت، لە پرۆگرامەكەمدا هەمیشە زیاتر لە میوانەكانم قسە دەكەم. هەمووجار بیر دەكەمەوە دەڵێم باشە من بۆ ئەوەندە قسە دەكەم؟ بەڵام هەست دەكەم ئەوە بۆ دروستكردنی گفتوگۆ پێویستە، هەندێجاریش رەخنەی ئەوەم هەیە كە زۆرجار خۆم بۆ گوتنی زانیارییەكی گرنگ ئامادە دەكەم و نایڵێم، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی خۆشم هەست دەكەم كە تۆزێك زۆربڵێم.

رووداو: دەڵێن رێبوار محەممەد زوو توڕە دەبێت و زووش سارد دەبێتەوە؟

رێبوار محەممەد: بەڵێ وایە، هەرچەندە تووڕەبوون باش نییە، تووڕەبوونی من بەهۆی گوشاری كاركردنەوەیە، زۆرجار داوای كارێك لە هاوكارانم دەكەم، بەڵام نایكەن. یان داوای خەتێكی كاركردن دەكەم لە راپۆرتێك، كەچی دواتر جۆرێكی دیكە دەردەچێت. بەڵام ئەوەی لە هەموویان زیاتر تووڕەم دەكات محەممەد كارێزیی پەیامنێرە، ئەو تاڵانەی سەرم كە سپی بووە، نیوەی لەبەر ئەوە.

رووداو: زۆرجار باس لە وەرزینی نێودەوڵەتی دەكرێت، خەونی ئێوە لە وەرزین چییە؟ ئەی سەبارەت بە تەلەڤزیۆنی رووداوی وەرزشی؟ پلانەكە بەچی گەیشتووە؟

رێبوار محەممەد: خەونی ئێمە زۆر گەورەیە، دەمانەوێت رۆژێك بێت پرۆگرام لەگەڵ مێسی و كریستیانۆ رۆناڵدۆ بكەین. كاریشمان بۆ ئەوە كردووە، بەڵام پێموایە بینینی میسی یان كریستیانۆ رۆناڵدۆ زۆر لە بینینی سەرۆكوەزیرانی ئیسپانیا، یان سەرۆكوەزیرانی وڵاتەكەیان قورسترە، پلانی تەلەڤزیۆنی رووداوی وەرزشیش هەیە، ئەگەر بارودۆخی كوردستان وای لێ نەهاتبایە، ئێستا پێموابێت رووداوی وەرزشی هەبوو.

رووداو: تۆ بێژەرێكی وەرزشیت، رۆژانە وەرزش دەكەی؟ پێموابێت كێشیشت دابەزاندووە؟

رێبوار محەممەد: زۆرم حەز لە وەرزشە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پلاتین لە قاچمدایە ناتوانم وەرزش بكەم. راستە من بەهۆی پڕۆگرامی وەرزین 15 كیلۆ لە كێشم دابەزاندووە، ئاخر چۆن دەبێت بێژەری وەرزشی بیت و گووپت خڕ و ورگت شۆڕ بووبێتەوە؟

رووداو: چۆن خێزانت پێكەوە نا؟

رێبوار محەممەد: من لە ساڵی 2001 ژنم هێنا، هاوژینەكەمم لە رێگەی خزمێكمەوە ناسی و ساڵێك پەیوەندی خۆشەویستیمان هەبوو، دواتریش چوومە داخوازی، ئێستاش خاوەنی كوڕ و كچێكین، بەڵام ئەو زۆر گلەیی لە من هەیە.

رووداو: گلەیی لە چی؟ كێشە دروست نەبووە بەهۆی ئەم گلەییانەوە؟

رێبوار محەممەد: گلەیی زۆری لەسەر ئەوەیە كە زۆر كاتم لە رووداوە، بە سروشتی خۆیشم حەز دەكەم 24 كاژێر بكەم، بەڵام پێم نەڵێن بڕۆ كیلۆیەك تەماتە بكڕە، بۆ كاری ماڵەوە زۆر تەمبەڵم.

رووداو: بەر لەوەی ژن بێنیت عاشق بوویت؟ بێژەرێكی رووداو لە ژمارەكانی رابردوو گوتی من بۆ كچێك سەردانی مزگەوتم دەكرد، تۆ چیت بۆ خۆشەویستەكەت كردووە؟

رێبوار محەممەد: عاشق بووم و دڵیشم شكاوە و گریاویشم. كچێكم خۆشدەویست، ئێستاش نازانم بۆچی جیابووینەوە، رۆژانە 3 كیلۆمەترم دەبڕی تاوەكو بیبینم و نامەیەكی پێبدەم.

رێبوار محەممەد:

- ساڵی 1978 لە شاری سلێمانی لەدایك بووە.

- ساڵی 1997 پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایانی لە شاری سلێمانی تەواو كردووە.

- لە ساڵی 1998 لە رۆژنامەی برایەتی دەستی بەكاری رۆژنامەنووسی كردووە.

- لە كوردستان تیڤی وەكو پەیامنێر و پێشكەشكار كاری كردووە.

 - لە ئاكانیوز سەرنووسەری رۆژنامەی وەرزین بووە.

- لە تەلەڤزیۆنی رووداو بەرپرسی دیسكی وەرزشی و پێشكەشكاری پرۆگرامی وەرزینە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە