رووداو دیجیتاڵ
کتێبی (سەرجەم بەرهەمەکانی حوسێن حوزنی موکریانی) بۆ جاری سێیەم چاپدەکرێنەوە. نووسەری کتێبەکەش دەڵێت، مافی لە چاپدانی بەرگی سێییەمی کتێبەکەی بەبێ بەرامبەر داوەتە دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
(سەرجەم بەرهەمەکانی حوسێن حوزنی موکریانی) لە نووسینی د. کوردستان موکریانییە، بۆ جاری سێیەم لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردستان لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تیراژی 1000 دانە، چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
د. کوردستان موکریانی بە (رووداو)ی راگەیاند، "چاپی یەکەم و دووەمی کتێبەکە، کە دوو بەرگە لەلایەن دەزگای ئاراسەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە، مافی لە چاپدانی کتێبەکەم، کە چاپی سێیەمە، بەبێ بەرامبەر داوەتە دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردستان."
بەرگی یەکەمی کتێبەکە لە 686 لاپەڕە و بەرگی دووەمیشی لە 754 لاپەڕە پێکدێت.
د.کوردستان موکریانی گوتی، کۆکردنەوەی سەرجەم بەرهەمەکانی حوسێن حوزنی موکریانی بە دەستپێشخەری و لەسەر داواکاریی دەزگای ئاراس بووە، گوتیشی: "بەشێک لە بەرهەمەکانی نێو کتێبەکە دەستنووس بوون، ئەوانی دیکەش کتێب، نزیکەی دوو ساڵ سەرقاڵی کۆکردنەوە و ئامادەکردنیان بووم."
د.کوردستان موکریانی ئاماژەی بەوەدا جگە لەو کتێبە لە بارەی حوسێن حوزنی موکریانی، کتێبێکی دیکەشی بە ناوی (بیرەوەرییەکانی حوزنی) ئامادەیە بۆ چاپ.
حوسێن حوزنی موکریانی کێیە؟
حوسێن حوزنی موکریانی ساڵی 1893 لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە. بۆ خوێندن چووەتە مەراغە و تەورێز، دواتر رووی لە یەریڤان کردووە، دواتر هەر بۆ خوێندن رووی لە ئیستانبووڵ، رووسیا، لوبنان، فەلەستین، میسر، فەرەنسا و ئەڵمانیا. لە ئەڵمانیا ئامێرێکی چاپی کڕیوە و لە ساڵی 1915 ئامێرەکەی لە حەلەب داناوە.
ساڵی 1916 لەگەڵ فاتمەی کچی حاجی عەبدولکەریمی کوردی ئەیوبی لە حەلەب ژیانی هاوژینی پێکهێناوە.
ساڵی 1925 حوسێن حوزنی لەگەڵ گیوی برای سووریایان جێهشتووە و هاتوونەتە عێراق و ماوەیەک لە بەغد ژیاون.
لە ساڵی 1926 لە رواندز جێگیر بووە و ئامێری چاپەکەی بە ناوی چاپخانەی زاری کرمانجی لەوێ دامەزراندووە، گۆڤارێکیشی هەر بەو ناوە دەرکردووە.
لە ساڵانی 1936، 1938 و 1941 زیندانی کراوە.
ساڵی 1932 کە مەلیک فەیسەڵی یەکەم، مەلیکی عێراق سەردانی رواندز دەکات، بە دوای حوزنیدا دەنێرێت. هەر لەو ساڵەدا چاپکردنی گۆڤاری زاری کرمانجی لێ قەدەخە کراوە. دواتر بەهۆی هەڵوێستی کوردانەی، داوای لێکراوە عێراق جێبهێڵێت، بەڵام دواتر بە هەوڵی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق گەڕاوەتەوە رواندز.
ساڵی 1935 چاپخانەیەکی گەورەی لە مووسڵ کڕیوە و هێناویەتییە هەولێر، بەڵام پارێزگار (موتەسەڕیف)ی ئەوکاتی هەولێر کێشەی زۆری بۆ دروست کردووە.
ساڵی 1941 بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی بیری کوردایەتی دەستگیر دەکرێت. دواتر بڕیار دەدات چیدی خۆی تووشی کێشە نەکات، بۆیە ماوەیەک دەست دەداتە بەڵێندەرایەتی.
حوسێن حوزنی موکریانی لە 20-7-1947 لە شاری بەغدا کۆچی دواییی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ