رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا بەرهەمهێنەرانی فیلم لە ئەمریکا هەوڵ بۆ ئەوە دەدەن بەسەر کاریگەرییەکانی دۆخی کارەساتباری ئاگرەکانی کالیفۆرنیا دا زاڵ بن، روو دەکەنە ژینگەیەکی تەندروستی دوور لە دووکەڵ، هۆکارەکەیشی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی فیلمی سەندانسە لەپارک سیتی لە ویلایەتی یۆتای ئەمریکا.
41ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەندانس لە 23ـی کانوونی دووەمی 2025 دەستیپێکرد و تاوەکو 2ـی شوبات بەردەوام دەبێت، تێیدا 90 فیلمی نوێ بۆ یەکەمجار لە 11 رۆژدا پێشاندەدرێن.
رۆبێرت رێفۆرد، ئەکتەر و دەرهێنەری ئەمریکی یەکێک لە دامەزرێنەرانی فێستیڤاڵەکەیە کە بە گرنگترین فێستیڤاڵی فیلم لە ئەمریکا و پێنج گرنگترین فێستیڤاڵی فیلم لە جیهان دا دەناسرێت.
ناوبانگیی فێستیڤاڵەکە لەوەدایە، دەرفەتی ناساندن و بەناوبانگکردن بۆ ئەو فیلمانە دەڕەخسێنێت کە ناسراو نین.
خەڵاتەکانی فێستیڤاڵ لە 31ـی کانوونی دووەم، لە رێوڕەسمێکدا ئاشکرا دەکرێن.
جێنیفەر لۆپێز، ئەکتەری ئەمریکی، بێنێدێکت کامبەرباچ، ئەکتەری بەریتانی، دیێگۆ لونا، ئەکتەری مەکسیکی و ئۆلیڤیا کۆلمەن، ئەکتەری بەریتانی لە ئەستێرە دیارەکانن کە فیلمی نوێیان هەیە و بۆ یەکەمجار لە رێگەی فێستیڤاڵەکەوە پێشاندەدرێن.
یەکەمجارە فێستیڤاڵی سەندانس فیلمێک لە پاڵەوانییەتی لۆپێز پێشان بدات کە بەناوی "Kiss of the Spider Woman"ـە و لە جۆری بەرهەمە میوزیکئامێزەکانە، چیرۆکەکەی لە بەرهەمێکی شانۆیی وەرگیراوە.
فیلمەکەی کامبەرباچ بەناوی "The Thing With Feathers"ـە، باس لە پیاوێکی خەمبار دەکات کە هاوژینەکەی گیانی لەدەستداوە و لەگەڵ دوو کوڕە بچووکەکەی دەژی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ