رووداو دیجیتاڵ
ئەکادیمیای نێودەوڵەتیی هونەر و زانستە تەلەڤزیۆنییەکان لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، خەڵاتەکانی 53ـیەمین خولی نێودەوڵەتی ئێمیی دابەشکرد، تێیدا هونەرمەندانی 26 وڵات رکابەرییان لەسەر خەڵاتەکان دەکرد.
لە رێوڕەسمەکەدا کە لەلایەن کێلی ریپا و مارک کۆنسوێلۆسەوە بەڕێوەچوو، کۆی گشتی 16 خەڵات بەسەر براوەکاندا دابەشکران کە لە وڵاتانی بەریتانیا، ئوسترالیا، کەنەدا، قەتەر، تورکیا، ئیسپانیا و چەند وڵاتێکی دیکەوە بەشداربوون.
ئانا ماکسوێڵ مارتن، وەک باشترین ئەکتەری ژن بۆ رۆڵی لە زنجیرەی (Until I Kill You) دیاریکرا. باشترین ئەکتەری پیاو بۆ ئۆریۆڵ پلا، بۆ رۆڵی لە زنجیرەی ئیسپانی (Yo, adicto) بوو.
خەڵاتی تایبەتی دامەزرێنەران بەخشرایە دانا واڵدن، هاوسەرۆکی دیزنی ئینتەرتەینمێنت، بەهۆی رۆڵی کاریگەری لە بەرهەمهێنانی زنجیرە بەنێوبانگەکانی وەک (24)، (Grey’s Anatomy) و (This Is Us).
یەکێک لە دیارترین ساتەکانی رێوڕەسمەکە، وتەکانی کێنتن ئاڵن، بەرهەمهێنەری جێبەجێکاری زنجیرەی (Ludwig) بوو کە خەڵاتی باشترین زنجیرەی کۆمیدیای بەدەستهێنا، لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا باسی لە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی تۆڕی میدیایی (BBC).
ئاڵن گوتی: "وەک ئاگادارن (BBC) ئێستا لەژێر فشارێکی زۆردایە بەهۆی شێوازی رووماڵکردنی هەواڵەکانییەوە، سەرۆکێکی دیاریکراوی ئەمریکا هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵای یەک ملیار دۆلاری لەو دامەزراوەیە دەکات. ئەو بڕە پارەیە دەکاتە سێیەکی بودجەی (BBC)، کە لەلایەن خەڵکی ئاسایی وەک من و ئێوەوە دابین دەکرێت".

بەرهەمهێنەرەکە بە گاڵتەوگەپەوە داوای لە ئامادەبووان کرد و گوتی: "ئەگەر هەر کەسێک سەرۆکی ئێستای ئەمریکا دەناسێت، با پێشنیازی ئەوەی بۆ بکات کە سکاڵاکە تۆمار نەکات، ئەگینا ئێمە چیتر ناتوانین زنجیرەی جوان وەک (Ludwig) بەرهەمبهێنین".
ترەمپ پێشتر هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی دەستکاریکراوی وتارەکانی، سکاڵا لەسەر ئەو دەزگا میدیاییە بەریتانییە تۆمار دەکات.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ