شەهرام نازری: كەیفم بە هاتوهاواری سیاسی نایەت

26-06-2014
ئومێد بەرین
نیشانەکردن شەهرام نازری
A+ A-
رووداو- هەولێر

هونەرمەندی مەزن شەهرام نازری، كوردستان بە "ئەوین" و "دایك" پێناسە دەكات و هەمیشە شانازی بە كوردبوونی خۆیەوە دەكات. كۆنسێرتەكەی شاری كرماشان "من كرماشانی فارسی نیەزانم" كە ئێرانی هەژاند، باشترین شاهیدییە بۆ كوردبوونی.

كاتێك (رووداو) بە مەبەستی سازدانی هەڤپەیڤینێك لەبارەی ئەو كۆنسێرتە قسەی لەگەڵ كرد، ئەو یەكسەر دەستی كرد بە گلەیی لە كاربەدەستانی سیاسی و هونەری لە كوردستان كە ئەو داوەت ناكەن بۆئەوەی لە كوردستان كۆنسێرت بكات. نازری گوتی "جارێك داوەتیان كردم، بەڵام لەگەڵ من چەند راپەرێكی ئێرانیشیان داوەت كردبوو، منیان لە ریزی ئەو راپەرانە دانا". تەنیا سەردانێكی كە لێی رازی بوو، هاتنی بوو لەگەڵ گرووپی كامگاران بۆ شاری سلێمانی و سازدانی كۆنسێرتێك كە وەك خۆی دەڵێ بە داوەتی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بووە.

نازری، لە 18/2/1950 لە شاری كرماشانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە. ناوێكە سنوور ناناسێت. لە سەرانسەری دونیا كۆنسێرت و ئاهەنگ ساز دەكات، بەڵام هیچ كۆنسێرتێكی هێندەی ئەوەی كرماشان دەنگدانەوەی نەبوو، دەنگدانەوەیەك كە ئەو خۆی لێی رازی نییە و پێیوایە تێكەڵی سیاسەت كراوە. 

كۆنسێرتەكەی كرماشان بێ‌ كێشە و دەردەسەری تێنەپەڕی، "خۆم كرماشانی فارسی نیەزانم" و ئەو حەماس و لێكدانەوە زۆرەی كە بەدوایدا هات، كاردانەوە و تووڕەبوونی باڵی موحافیزكارانی ئێرانی لێكەوتەوە كە لە ماڵپەڕ و رۆژنامەكانی نزیك لە خۆیانەوە هێرشیان كردە سەری و بە كەسێكی "جوداخواز" تۆمەتباریان كرد. لە بەرامبەریشدا هەوادارانی ئەو هونەرمەندە لە رۆژهەڵات و باشووری كوردستان و تاراوگە، كەمپینێكیان بۆ پشتگیریكردنی سازكرد و زیاتر لە 11 هەزار كەس بەشدارییان تێدا كرد. نازری سەری لەو مشتومڕە سوڕماوە كە بەهۆی ئەو گۆرانییە پەیدابوو، چونكە وەك خۆی دەڵێ، 20 ساڵ لەوەبەر ئەو گۆرانییەی گوتووە و هیچ كێشەیەكی بۆ دروست نەكردووە.

شەهرام نازری لەبارەی ئەو كۆنسێرتەوە وەڵامی چەند پرسیارێكی (رووداو)ی دایەوە.

رووداو: كۆنسێرتەكەی كرماشان كاردانەوە و مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، هۆی چی بوو؟

شەهرام نازری: ئەوە هەندێك بەرژەوەندیخواز ویستیان شتێكی بچووك گەورە بكەن. هەندێك هونەرمەندی بەرچاوتەنگ و خەڵكانێك هەن كە دەیانەوێ دڵسارد ببمەوە و چیدی كار نەكەم. من زیاتر لە 30 ساڵ خزمەتم بە هونەری ئێران و كوردستان كردووە، هەموو كەس دەزانێ كە نازری كەیفی بە هاتوهاوار و كێشمەكێشی سیاسی نایەت و تەنیا كاری هونەری دەكات.

رووداو: بەڵام لەبەرامبەر هێرشی موحافزكارانی ئێران خەڵكێكی زۆریش پشتگیرییان كردی؟

شەهرام نازری: هەندێك هێرشیان كردە سەرم و هەندێك پشتگیرییان كردم، بەڵام هەردوولا هەڵە بوون و بە كەوچكێك ئاو  كەوتنە مەلە. خەڵكێك كە یەك شەوە دێت و پشتگریت لێدەكات و دەبێتە لایەنگرت، دەتوانێ یەك شەوەش پشتت تێبكات و ببێتە دوژمنت. من 30 ساڵ خزمەتی هونەرم كردووە، چەندین بەرهەم و كۆنسێرتی كوردیم هەبووە، ئایا ئەوانە خزمەت نین بە هونەری كوردی!
بۆچی ئەو شتە بچووكەیان ئاوا گەورە كرد؟ هەندێك لە ماڵەكانی خۆیان دانیشتوون، بێ هیچ بەرپرسیارێتییەك دەیانەوێ كێشە بۆ من دروست بكەن و دوژمنم بۆ داتاشن، من 20 ساڵ لەوەوپێش ئەو ئاوازانەم لە تاران و شارەكانی دیكە خوێندووە، ئەو كات لەكوێ بوون؟ ئەوان منیان بۆ گرنگ نییە و تەنیا قسەكانی خۆیان بۆ گرنگە.

رووداو: ئێوە هەمیشە شانازی بە كوردبوونی خۆتانەوە دەكەن، ئایا ئەوە گرفتی بۆ دروست نەكردوون؟

شەهرام نازری: بەڵێ من هەمیشە شانازی بەوە دەكەم كە كوردم و لە هەموو شوێنێك بە سەری بڵندەوە باسی كوردبوونی خۆم كردووە، بەڵێ هەموو ئەزموونی ژیانم لە كەلتووری كورد وەرگرتووە و هیواشم ئەوەیە بتوانم خزمەتی زیاتر بە هونەری كوردی بكەم، بەڵام دەبێ چاوەڕوانی لە من تەنیا خزمەت بە هونەری كوردی بێت، نە شتێكی دیكە.


خەڵات و رێزلێنانەكانی نازری:

- خەڵاتی "شوالیە"ی هونەر و ئاواز لەلایەن حكومەتی فەرەنسا
 - خەڵاتی ئافیسیەر  لەلایەن حكومەتی فەرەنسا
- خەڵاتی لێژیۆن دۆنۆر لەلایەن حكومەتی فەرەنسا
- وەرگرتنی دكتۆرای فەخری لەلایەن وەزارەتی فەرهەنگی فەرەنسا 
- وەرگرتنی دكتۆرای فەخری لەلایەن ئەمەریكەن یونیڤێرستی
- خەڵاتی میراتی كەلتووری رۆژئاوا لەلایەن رێكخراوی ئاسیا سۆسایتی كە بان كی مۆن، سكرتێری گشتی UN خەڵاتەكەی پێدا. 
- میدالیای زێڕینی مەولانا لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریی توركیا. 
- خەڵاتی ئوستورەی زیندوو لەلایەن زانكۆی UCLAی ئەمریكی. 
-  رێزلێنان لەلایەن كۆنگرێسی ئەمریكاوە
- ناونانی رۆژی 25ی شوبات بەناوی شەهرام نازری لەلایەن شارەوانی سان دیێگۆ لە ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمریكا. 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە