رووداو- هەولێر
فریدی ئۆلسن، بەڕێوەبەری پرۆگرامی فێستیڤاڵی گۆتنبێرگ، دەربارەی دواخستن و سازنەکردنی چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک، نامەیەکی کراوە بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەنێرێت و تێیدا داوای پشتگیری سینەماکاران و فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک لێدەکات.
فریدی ئۆلسن، بەڕێوەبەری پرۆگرامی فێستیڤاڵی گۆتنبێرگ، پار ساڵ وەک لیژنەی باڵای سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک سەردانی کوردستانی کردوو لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشی هەرێمی کوردستانە.
لە بەشێک لە نامەکراوەکەی فریدی ئۆلسن، بەڕێوەبەری پرۆگرامی فێستیڤاڵی گۆتنبێرگ، نووسیویەتی "ئەو هەواڵە خەمبارە گەیشتە من کە ئەمساڵ فێستیڤاڵەکە بەڕێوە ناچێت، حکومەتی هەرێم و پارێزگا ناتوانێت یارمەتی ئەنجامدانی فێستیڤاڵەکە بدات، بەڕێز بارزانی، ئومێدەوارم رۆڵێکی یارمەتیدەر بگێڕیت بۆ ئەوەی ئەو فێسیتڤاڵە بەردەوام بێت.
هەروەها فریدی ئۆلسن دەشڵێت "بیرمە پار ساڵ بەڕێزتان لە یەکەمین رۆژی فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک ئامادەبوون، هاوکات وێنەیەکی یادگاریشت لەگەڵ بووکەڵەکەم گرت، پێموایە پاڵپشتی کردن لە هونەرو رۆشنبیری ئەرکی هەموومانە".

ئەمە دەقی نامەکەی فریدی ئۆلسن، بەڕێوەبەری پرۆگرامی فێستیڤاڵی گۆتنبێرگ
"خەمبار و تووڕەم، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە باکووری عێراق دەسەڵاتدارە، هەرێمی کوردستان تەنیا شوێنێکە، کە تێیدا گەلی کورد جۆرە سەربەخۆییەکی هەیە، هەرێمی کوردستان لە لایەکەوە داعش دەوری داوە و لە لایەکی دیکەوە سوپای تورکیا ناوچە سنووریەکان بۆردومان دەکات، نزیکەی 2 ملیۆن ئاوارە لە هەرێمەکەدا هەن.
لە هەرێمی کوردستان لالش هەیە، کە شوێنی پیرۆزی ئێزیدییەکانە، لە فێستیڤاڵەکەی ساڵی رابردوودا ئەندام بووم و ئەو گەشتەشم بەباشترین گەشتی ساڵی 2015 دادەنێم. لێرە بۆم روون بووەوە کە فێستیڤاڵی فیلم واتای راستەقینەی هەیە. خەڵکی کە لە جیهانی دەرەوە دابڕاوە دەرفەتی ئەوەیان هەبوو فیلم ببینن و قسە لەگەڵ خەڵکی وڵاتانی دیکە بکەن.
ئەو هەواڵە خەمبارە گەیشتە من کە ئەمساڵ فێستیڤاڵەکە بەڕێوە ناچێت، حکومەتی هەرێم و پارێزگا ناتوانێت یارمەتی ئەنجامدانی فێستیڤاڵەکە بدات، بەڕێز بارزانی، ئومێدەوارم رۆڵێکی یارمەتیدەر بگێڕیت بۆ ئەوەی ئەو فێسیتڤاڵە بەردەوام بێت.
هەروەها داوا لە کۆمەڵگای فیلمی نێودەوڵەتی دەکەم ، کە لە بەردەوامبوون و سەرخستنی کارەکانی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی دهۆک رۆڵێکی ئەرێنی و یارمەتیدەر بگێڕن، کەلتوورێکی زیندوو پەیوەندی نێودەوڵەتی بنەمای پێشکەوتنی کۆمەڵگایەکی دیموکراسیە، کە دژ بە ئایدیا تۆتالیتاریەکانە دەجەنگێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ