رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی لێدوانێکی ئیتامار بین گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل، لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا لەبارەی مافی جووەکان، بێلا حەدید، مۆدێلی ئەمریکی بە رەچەڵەک فەڵەستینی هاتە دەنگ و بە کەسێکی 'رەگەزپەرست' دەیناسێنێت.
بین گڤیر، لە بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکەدا کە رۆژی چوارشەممە 23ـی ئابی 2023 بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، خۆی، هاوژین و منداڵەکانی مافیان لە هاتووچۆکردن لە رێگەی یهودا و سامرە زیاترە، وەک ئەوەی ئەو مافە هی عەرەب بێت. هەروەها دەڵێت: "ئەمە راستییە... مافی من لە ژیان بەر لە مافی جوڵەی ئەوان (عەرەب) دێت".
ئەم لێدوانە بێلا حەدیدی توڕەکردووە و لە ئینستگرامەکەی خۆی نووسیویەتی، ناکرێت ژیانی هیچ کەسێک لە هەر شوێن و کاتێک بێت، بەتایبەتیش لە ساڵی 2023 لە ژیانی مرۆڤێکی دیکە نرخی زیاتر بێت، بەتایبەتی بەهۆی نەژاد، کولتوور یاخود رقلێبوونەوە.
لە بەرامبەردا رۆژی هەینی 25ـی ئاب، بین گڤیر، لە بەیاننامەیەکدا لە پلاتفۆڕمی 'ئێکس'، وەڵامی لێدوانەکانی حەدیدی دایەوە و بەوە تۆمەتباری دەکات کە تەنیا بەشێک لە چاوپێکەوتنەکەی لە ئەکاونتی سۆشیال میدیای خۆیدا بڵاوکردۆتەوە بۆ ئەوەی نیشان بدات کە "رەگەزپەرستە".
بیلا حەدی یەکەمجار نییە لە لێدوانەکانیدا بەرگری لە فەڵەستین و خەڵکەکەی دەکات، پێشتر لە چەندین بۆنەی جیاوازدا بەرگری کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ