رووداو- هەولێر
بڕیارە رۆژی چوارشەممە 28-11-2018 پانزەھەمین فێستیڤاڵی شانۆی کوردی بە بەشداری شانۆکارانی باشوور لە سەقز ساز بکرێت.
شانۆگەریی ماڵێک لە بێدەنگی، کە لە نواندن و دەرھێنانی هەردوو شانۆکار کرمانج مستەفا رەئوف و لەیلا مەجیدییە، لەو فێستیڤاڵە بەشدار دەبێت.
کرمانج مستەفا، دەرهێنەری شانۆگەری ماڵێک لە بێدەنگی، لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "شانۆی ماڵێک لە بێدەنگی دوای ئەوەی لە چوارەمین فێستیڤاڵی هەولێر نمایشکرا، هەرچەندە خەڵاتی تێیدا نەبوو، بەڵام بە پێی بۆچوونی پسپۆڕان و شانۆکارانی دەرەوەو ناوەوەی هەرێمی کوردستان باشترین نمایشی فێستیڤاڵەکە بووە".
کرمانج مستەفا دەڵێ "تێزی دکتۆرایەکەی شانۆکار ژیلوان تاهیر لە وڵاتی ئوردن هەر لەسەر شانۆی ماڵێک لە بێدەنگی بوو".
کرمانج مستەفا دەشڵێ:" لەکۆی هەموو ئەو کارانەی لە کوردستانی گەورە پێشکەش بە فێستیڤاڵی سەقز کراون، لە لایەن لیژنەی باڵای فێستڤاڵی سەقز رەزامەندی لەسەردراوە، کە بڕیارە کاژێر 8:30 ئێوارەی رۆژی هەینی لە 30-11-2018 لە سەقز نمایش بکرێت".
لەبارەی چیرۆکی شانۆگەرییەکەش، کرمانج مسەفا گوتی "شانۆگەرییەکە باس لە چیرۆکی فۆتۆگرافەرێک دەکات، کە بەھۆی رووماڵکردن و دۆکیۆمێنتکردنی رووداوەکانی شەڕ ماوەیەکی دوور و درێژ لە هاوژینەکەی دوور دەکەوێتەوە، ئەمەش دەبێتە ھۆکارێک بۆ تووڕەکردنی ھاوژینەکەی، کە بەبێدەنگی لە سووچێکدا بە تەنیایی ژیان بەڕێدەکات و تەنیایش تەنگی پێھەڵدەچنێ، تەنانەت دەگات بەو ئاستەی کە وەک کەڕ و لاڵێک لە نێو چوار دیواری ماڵەکەیدا مان بگرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ