بەشی دووەمی زنجیرە فیلمی "ئاڤاتار" بەرهەمدێت

26-12-2015
پەسار فایەق
رووداو
رووداو
نیشانەکردن فیلمی ئاڤاتار
A+ A-

رووداو- ئاژانسەکان

ئەو فیلمە سینەماییانەی داهات و نێوبانگی زۆر بەدەستدێنن، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی سینەمایی بەشی دیکەی لێوە بەرهەمدێنن، بەتایبەتیش ئەگەر فیلمێک بێت لە پلەی یەکەمی لیستی پڕداهاترین فیلمە سینەماییە جیهاندییەکاندا هاتبێت.

"ئاڤاتار" ناوی ئەو فیلمە سینەماییە کە جێمس کامیرۆن لە ساڵی 2009ـدا کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، ئێستا کار بۆ بەشی دووەمی دەکات.

"ئاڤاتار" بە کۆکردنەوەی دوو ملیار و 800 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی، بە پڕداهاتترین فیلمی سینەمایی لە مێژووی سینەمای جیهاندا دەناسرێت، ئەمەش هۆکارێک بووە کە بەرهەمهێنەرانی بیر لە کاری بەرهەمهێنانی بەشی دووەمی بکەنەوە.

جێمس کامیرۆن، بەم دواییە بە دەزگاکانی راگەیاندنی راگەیاند، ئێستا ئامادەکاری بۆ بەشی دووەمی ئاڤاتار دەکرێت و بەرهەمهێنەرانی دەخوازن بۆ جەژنی کریسمسی ساڵی 2017لە سینەماکانی جیهاندا نمایشی بکەن.

کامیرۆن ئەوەشی خستەڕوو، خەریکە قۆناخی ئامادەکردنی وێنە و دیمەنەکان فیلمەکە کۆتایی دێت، کە ماوەی دوو ساڵە کاری تێدا دەکرێت، سیناریۆی فیلمەکەش بەهەمان شێوە لە قۆناخی کۆتایی دایە.

دەرهێنەری بەشی یەکەمی ئەم فیلمە سینەماییە ئەوەشی ئاشکراکرد، کاری وێنەگرتنی بەشی نوێی ئاڤاتار، لە مانگی یەنایەری ساڵی داهاتوودا دەستپێدەکات.

ئەم فیلمە لە جۆری فیلمەکانی خەیاڵی زانستیدایە و بەبڕی 230 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بەرهەمهاتووە، لە یەکەم هەفتەی نمایشکردنیدا لە هۆڵە سینەماییەکانی ئەمریکای باکووردا، بڕی 278 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێنا و لە ماوەی دوو هەفتەدا داهاتی لەسەر جیهاندا گەیشتە دوو ملیار دۆلار.

ئەم فیلمە سینەماییە چەندین خەڵاتی سینەمایی بەدەستهێناوە، لەوانە سێ خەڵاتی ئۆسکار، لە کۆی ئەو نۆ خەڵاتەی بۆی کاندیدکرابوو.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە