هەڵەن میرەن پەیامی رۆژی جیهانیی شانۆی بۆ ساڵی 2021 خوێندەوە

27-03-2021
هیوا سەڵاح
A+ A-
رووداو- هەولێر

ساڵانە لەلایەن ئەکتەرو دەرهێنەرێکی سەرکەوتووی بواری شانۆ پەیامی رۆژی جیهانی شانۆ دەنووسرێت و دەخوێندرێتەوە، ئەمساڵ، خانمە ئەکتەری بەریتانی هەڵەن میرەن بۆ خوێندنەوەی ئەم پەیامە دیاریکراوە.
 
دەقی پەیامی رۆژی جیهانیی شانۆ بۆ ساڵی 2021 
 
ئەمە کاتێکی زۆر سەخت بوو بۆ نمایشی زیندوو، زۆر هونەرمەند و تەکنیشن و ئەو ژن و پیاوانەی کاری دەستیی دەکەن، لە پیشەیەکدا خەباتیان دەکرد، کە خۆی لێوانلێوە لە مەترسیی. رەنگە ئەو مەترسییە هەمیشەییە یارمەتی دابن تاوەکو بەزیرەکی و ئازایەتییەوە لەم پەتایە رزگاریان بێت.
 
لەم هەلومەرجە نوێیانەدا، توانییان ئەندێشەکانی خۆیان سەبارەت بە پەیوەندیکردن بگۆڕنە سەر چەندین شێوازی داهێنەرانە و چێژبەخش و کاریگەر. بۆ ئەنجامدانی بەشێکی گەورەی ئەمەش، دەبێت سوپاسی ئینتەرنێت بکەین. 
 
مرۆڤەکان، لەوەتەی لەسەر ئەم هەسارەیەن هەمیشە چیرۆکیان بۆ یەکتر گێڕاوەتەوە، تا لەسەر ئەم هەسارەیەش بمێنین کەلتووری جوانی شانۆ هەر بەردەوام دەبێت.
 
ئارەزووی داهێنەرانەی نووسەران و دیزاینەر و سەماکار و گۆرانیبێژ و ئەکتەر و میوزیکژەن و دەرهێنەرەکان، هەرگیز خەفە ناکرێت. لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا ئەو ئارەزووە بە وزەیەکی نوێ و تێگەیشتنێکی نوێی هەموومانەوە بۆ جیهان، جارێکیتر دەگەشێتەوە.
زۆر بەتاسەوەم! 
 
 هەڵەن میرەن کێیە؟
 
 هەڵەن میرەن لەدایکبووی ٢٦ی تەممووزی ١٩٤٥ بەریتانیایە ، خانمە ئەکتەر و شانۆکارە، چەند خەڵاتێکی بەدەستھێناوە و یەکێکە لەو خانمە ئەکتەرانەی کە سێ تاجی نواندنی وەرگرتووە، هەڵەن لە ساڵی ١٩٦٧، بە فیلمی Herostratus دەرکەوت. لە ساڵی ١٩٨٠، لە یەکەم فیلمی گەورەیدا رۆڵی گێڕاوە، ئەمەش لە فیلمی ھەینییەکی درێژ بوو. هەروەها لە ساڵی ١٩٨٤ بەھۆی رۆڵگێڕانی سەرەکی لە فیلمی Cal، لە فێستیڤاڵی فیلمی کان خەڵاتی باشترین خانمەکتەری پێدرا.
 
لەگەڵ ئەوەشدا لە ساڵی ٢٠٠٦، بەھۆی رۆڵگێڕانی کەسایەتی شاژنە ئێلیزابێتی دووەم، لە فیلمی شاژنەکە (The Queen)، خەڵاتی ئۆسکاری پێدرا بۆ باشترین خانمە ئەکتەر.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە