هەوراز گوڵپی: مەلا بووم و وتارێكی هەینیم بە پێنج خولەك تەواو كرد

30-10-2015
دەرباز یونس
هەوراز گوڵپی
هەوراز گوڵپی
نیشانەکردن هەوراز گوڵپی
A+ A-
رووداو- هەولێر

لەگەڵ درەوشانەوەی ئەستێرەكان لە ئاسمان، هەموو شەوێك كاژێر 12ی شەو، ئەستێرەیەكی رووداو لە شاشە دەردەكەوێت، ئەویش هەوراز گوڵپییە. بە پاشناوەكەیدا دیارە خەڵكی ناوچەی هەورامانە. هەر كاتێك لە شاشەی رووداو دیار نەبێت، لە هەورامان دەیبینیتەوە. هەوراز هێندە هۆگری هەورامانە، تەنانەت بۆ نانخواردنێكیش بێت حەز دەكات بچێتەوە ئەوێ‌. لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ هەفتەنامەی (رووداو) شتی تازە لەبارەی ئەو بێژەرەی رووداو دەزانی كە پێشتر نەتزانیوە.

رووداو: كە تەلەفۆنمان بۆ كردی بۆ ئەم هەڤپەیڤینە، لە نەخۆشخانە بوویت، نەخۆش بووی؟

هەوراز گوڵپی: نەخێر خۆم نەخۆش نەبووم. من و هاوژینەكەم سەرقاڵ بووین و ئاگامان لێ نەبوو كوڕەم پاترییەكی بچووكی قوت دابوو. چووینە نەخۆشخانەی رزگاری، چوار كاژێر چاوەڕێمان كرد، هیچ دكتۆرێكی پسپۆڕی لێ نەبوو تاوەكو پاتریەكە لە گەدەی دەربێنن، ناچار گواستمەوە بۆ یەكێك لە نەخۆشخانە تایبەتەكانی شاری هەولێر، لەوێ‌ بە 700 هەزار دینار لە ماوەی كاژێرێك دەریانهێنا.

رووداو: زانیوومانە سەرەتا خوێندنت تەواو نەكردووە، بۆچی؟

هەوراز گوڵپی: من تاوەكو قۆناغی چواری دواناوەندی لە قوتابخانەی ئاسایی خوێندم، بەڵام دواتر بەهۆی هەژاری و نەدارییەوە وازم لە قوتابخانە هێنا و چوومە حوجرەی مزگەوت و بوومە فەقێ. ژیانی حوجرە ژیانێكی خۆش بوو.

رووداو: دەڵێن وتاری هەینیت دەخوێندەوە؟

هەوراز گوڵپی: ئەوە تەنیا یەكجار بوو، جارێكیان لە گوندێكەوە تەلەفۆنیان كرد گوتیان مەلایەكمان بۆ بنێرن، مەلاكەی خۆمان وازی هێناوە. ئەوە بوو منیان نارد. منیش یەكەم جارم بوو وتاری هەینی بخوێنمەوە، وتارەكەم بە پێنج خولەكەك تەواو كرد، لە وتارەكەدا باسی ژیانی ئیمام عومەری كوڕی خەتابم بۆ كردن. ماوەیەكیش لە گوندێكی پێنجوێن مەلا بووم، ئێستاش بەهۆی ئەوەی دەنگم خۆشە، كە دەگەڕێمەوە ناوچەی خۆمان لە پرسەكاندا قورئان دەخوێنم.

رووداو: ئەو كاتەی تۆ لە ناوچەكەتان مەلا بووی، شەڕی یەكێتی و جوندولئیسلام هەبوو، كێشەت بۆ دروست نەدەبوو؟

هەوراز گوڵپی: بەڵێ‌ زۆرجار لە بازگەكاندا ئەگەر جامانەی مەلاییت لەسەر بووایەو ریشت بهێشتبایەوە كێشەیان بۆ دروست دەكردی. بەڵام جارێكیان لە گوندەكەمانەوە چووم باخەكەی باوكم ئاو بدەم، لەو كاتەدا چەند مەترێك دوور لە من مینێك بە ئۆتۆمبێلەكەی مەلا كرێكاردا تەقییەوە، بەڵام مەلا كرێكار لە نێو ئۆتۆمبێلەكەدا نەبوو، ئەوكات جوندولئیسلام چەند كەسێكیان لەو ناوچەیە دەستگیر كرد، یەكێك لەوانە من بووم، منیان بردە بیارە و بۆ ماوەی 6 كاژێر زیندانییان كردم و دواتر ئازادیان كردم.

رووداو: لە فەیسبووك لە كۆمێنتەكاندا زۆر پرسیارت لێ دەكەن و دەڵێن، ژنەكەت عەرەبە؟ بەم هۆیەوەش زوو زوو سەردانی شاری بەغدا دەكەیت، ئەمە راستە؟

هەوراز گوڵپی: راستە من لە بەغدا خێزانم پێكەوەنا، بەڵام ژنەكەم عەرەب نییە و خەڵكی ناوچەی خۆشناوەتییە و لە بەغدا ژیاون.

رووداو: چەند ساڵ لە بەغدا مایەوە، ژیانت لەوێ‌ چۆن بوو؟

هەوراز گوڵپی: من لە ساڵی 2005 تاوەكو 2011 لە بەغدا بووم، بارودۆخێكی زۆر خراپ بوو، چەندینجار بە چەند مەترێك دوور لە من تەقینەوە روویداوە. هەفتەیەك بوو چووبوومە بەغدا، لە شەقامی فەلەستین لەگەڵ چەند هاوڕێیەك پیاسەم دەكرد، مافیایەك هات و دەمانچەی دەرهێنا بەرەو رووی ئێمە، ئەوكاتە تازە مۆبایلێكی سۆنی ئەریكسۆنم كڕیبوو، مۆبایلەكەیان لێسەندم. هەر باش بوو نەیانكوشتم.

رووداو: هاوژینەكەتت چۆن ناسی؟ پەیوەندی خۆشەویستیان هەبوو؟

هەوراز گوڵپی: ئێمە لە رادیۆی شەفەق لە بەغدا پێكەوە بووین، دەمبینی كەسێكی بێدەنگ و رێكوپێكە، ماوەیەك سەیری یەكمان دەكرد، سەیركردنەكە بوو بە پەیوەندی خۆشەویستی. دواتر بەڕێوەبەری رادیۆی شەفەق خوازبێنی بۆ كردم و كەسوكاری رازی بوون. ساڵی 2011 گواستمەوە و هاتمەوە شاری سلێمانی. ئێستا كوڕێكم هەیە بە ناوی یوسف. سەرەتا بەنیازبووم ناوی بنێم ئۆجەلان، بەڵام دواتر لەبەر دڵی ژنەكەم ناومان نا یوسف، چونكە حەزی لە ناوێكی ئاینی بوو.

رووداو: لە بەغدا پەیوەندیت لەگەڵ كچی عەرەب نەبوو؟ بەنیاز نەبووی كچێكی عەرەب بكەیتە هاوژینت؟

هەوراز گوڵپی: لە بەغدا ژنێكی عەرەب گوتی من كچەكەی خۆمت دەدەمێ‌، منیش رازی بووم. بەڵام كاتێك چوومە خوازبێنی، باوكی گوتی چەندت پارە هەیە؟ كە وای گوت یەكسەر كشامەوە. ماوەیەكیش پەیوەندیی خۆشەویستیم لەگەڵ كچی بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا هەبوو.

رووداو: وەك بێژەرێك هیوا بەچ دەخوازی؟

هەوراز گوڵپی: حەز دەكەم یەكەم بێژەر بم كە لەسەر شاشە هەواڵی سەربەخۆیی كوردستان بخوێنمەوە.

رووداو: بەڵام تۆ ئێستا كاتی هەواڵ خوێندنەوەت لە شەواندایە، پێتوایە سەربەخۆیی كوردستان لە شەو رابگەیەندرێ؟

هەوراز گوڵپی: هەواڵ خوێندنەوەی شەوانم كاتییە، دەگەڕێمەوە رۆژ بۆ خوێندنەوەی هەواڵ. هیوادارم ئەو كاتەی سەربەخۆیی رادەگەیەندرێت من لە ستۆدیۆ هەواڵ بخوێنمەوە.



 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە