ماوەی چەند رۆژێکە کتێبێکی نوێ، بەناوی "دیاردەی رەحبانییەکان، کاروان و هەستانەوە"، بڵاوکراوەتەوە، کە بەشێک لە ژیانی شاراوەی رەحبانییەکان و فەیرووزی گۆرانیبێژی ناوداری لوبنانی ئاشكرا دەکات، ئەم کتێبە لە نووسینی هاشم قاسم، نووسەری لوبنانییە.

ئەم کتێبە جێ پەنجەی نیو سەدەی رەحبانییەکان لەسەر کولتوور و میوزیکی و هونەری لوبنان و عەرەب دەخاتەڕوو، ئێستاش شاکارەکانی رەحبانییەکان بووتە سیمبوڵی هونەر و میوزیکی لوبنان.
زۆران ئەو کەسانەی ئاشنای ناوی عاسی و مەنسوور رەحبانین، کە ناوێکی دیاری نێو میوزیک و ئەدەبی عەرەبی و جیهانییە، ئەوان ئاوازدانەر،میوزیکژەن و شاعیر بوون، بەڵام کەم کەس هەیە وەکو ئەم نووسەرە پەردەی لەسەر ژیانی شاراوەی رەحبانییەکان هەڵدابێتەوە.

لەم کتێبەدا نووسەر باس لە ژیانی بنەماڵەی رەحبانییەکان لەسەردەمی عوسمانییەکان دەکات، کە باوکی ژەنیارێكی ناوداری ئامێری بزق بووە.
هەرچەندە بنەماڵەی رەحبانییەکان زۆر هەژار ژیان، بەڵام توانیان بناغەی میوزیک و گۆرانی نوێی لوبنان وعەرەبییەکان دابرێژنەوە.

گرنگترین کاری بنەماڵەی رەحبانییەکان، کە تاوەکو ئێستاش شانازی پێوە دەکەن، دروستکردنی فەیرووز بوو، ئەو دەنگە ئاڵتونیەی مرۆڤایەتی شانازی پێوەدەکات، کە دوای ئەوەی شووی بە عاسی رەحبانی کرد، ئیدی دەیان شاکاری گۆرانی و میوزیک و فیلم وشانۆگەری نوێ لە دایکبوون و دەنگی فەیرووز لە هەموو ماڵێک دەبیسترا.

لەم کتێبەشدا نووسراوە، کە باوکی عاسی و مەنسوور خوێندەواری نەبووە، بەڵام دەیان قەسیدەی شیعری ئەزبەر کردووە.

بەشێک لە کتێبەکە باس لە گۆشەگیری و دوورە پەرێزی فەیروز دەکات، لەمبارییەوە فەیرووز دەڵێت، "من هاوڕێی بێ دەنگیم".

ئەم کتێبە لە دوو تۆیی 384 لاپەڕەدا بڵاوکراوەتەوەو زۆر نهێنی دیکەی ئەم بنەماڵەییە لەخۆ دەگرێت، هەر ئەمەش وایکردووە لە کتێبخانەکانی بەیروت بازاڕی گەرم بێت.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ