رووداو- هەولێر
لە تورکیا کوڕە کوردێک بەناوی فەرات ئونگور لە بەرنامەی خۆشترین دەنگی تورکیا، کە بە "O SES TÜRKIYE 2019" ناسراوە، پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.

هەرچەندە لەو بەرنامەیەدا گۆرانی گوتن بە زمانی کوردی قەدەخەیە، بەڵام بەشێکی زۆر لە سەرکەوتووانی ئەم بەرنامەیە کوردن و بە تورکی گۆرانی دەڵێن، فەرات ئونگور و ئوومەت کاچ، دوو گەنجی دەنگخۆشی باکووری کوردستان بوون و توانیان بگەنە کۆتایی قۆناخی ئەم بەرنامەیەو دواجار فەرات ئونگور نازناوی خۆشترین دەنگی تورکیا بۆ ساڵی 2019 بەدەستهێنا.
فەرات ئونگور خەڵکی ئامەدی باکووری کوردستانەو ژمارەیەک لە گۆرانی کوردی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی یوتیوب بڵاوکردووەتەوە، بەڵام لەم بەرنامەیە بەهەموو زمانێک گۆرانی دەگوترێت تەنیا گۆرانی بە زمانی کوردی قەدەخەیە.

لەم بەرنامەیەدا سەرەتا لە رێگەی لیژنەی هەڵسەنگاندن بەشداربووەکان دیاری دەکرێن، بەڵام لە کۆتایی بەرنامەکە بەرێگەی کورتەنامە خەڵک دەنگ بە بەشداربووەکان دەدەن و سەرکەوتووی ئەم بەرنامەیە دەستنیشان دەکەن، بۆیە فەرات ئونگور لەرێگەی دەنگی خەڵکی تورکیا توانی نازناوی خۆشترین دەنگی تورکیا بۆ خۆی مسۆگەر بکات.



