فەیرووز بۆ دوا ماڵئاوایی لە کوڕەکەی دەرکەوتەوە

28-07-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن زیاد رەحبانی فەیرووز
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فەیرووز، هونەرمەندی ناسراوی لوبنانی، دوای ساڵانێک دەرنەکەوتن، لە رێوڕەسمی دوا ماڵئاوایی لە تەرمی زیاد رەحبانیی کوڕی، دەرکەوت.
 
رێوڕەسمەکە ئەمڕۆ دووشەممە 28ـی تەممووزی 2025 لە کەنیسەی "روقاد سەیدە" لە محێدسە لە باکووری رۆژهەڵاتی بەیرووت بەڕێوەچوو. فەیرووز، کە زۆر بەدەگمەن لە بەردەم کامێراکاندا دەردەکەوێت، لەکاتی دوا ماڵئاواییدا لەگەڵ ریما رەحبانیی کچییەوە بینرا. 
 
رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزان و هاوڕێ نزیکەکانیان بەڕێوەچوو.
 
زیاد رەحبانی، ئاوازدانەر و شانۆنووس ناسراوی لوبنانی، رۆژی شەممە 26ـی تەممووزی 2025 لە تەمەنی 69 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. ئەو بە رەخنە تەنزئامێزەکانی لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی لوبنان ناسرابوو و بەرهەمە هونەرییەکانی وەک سەکۆیەک بۆ دەربڕینی دژایەتیی دابەشکارییە تایفی و نەریتە باوەکان بەکاردەهێنا. تەنانەت لە سەرەتای کارەکانیدا رەخنەی لە بەرهەمەکانی دایک و باوکیشی دەگرت.
 
رەحبانی بە بوێرییەکەی لە خستنەڕووی بیرۆکە و چەمکی هونەریی نوێدا ناسرابوو، کە بە قووڵی و دووریی فیکری جیا دەکرانەوە. لە ساڵانی کۆتایی ژیانیدا بەهۆی ناجێگیریی باری تەندروستییەوە، چالاکییە هونەرییەکانی کەمببوونەوە.
 
دوایین دەرکەوتنی فەیروز لە بەردەم میدیاکاندا، بۆ ئەیلوولی 2020 دەگەڕێتەوە کاتێک لە ماڵەکەی خۆیدا لە بەیرووت پێشوازیی لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کرد.
 
ئەو دیدارە لە چوارچێوەی سەردانێکی سەرۆکی فەرەنسادا بوو بۆ لوبنان، کە ماوەیەکی کەم دوای کارەساتی تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت ئەنجامدرا. ماکرۆن بە مەبەستی نیشاندانی هاوسۆزی و جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی یەکڕیزیی گەلی لوبنان، سەردانی ئەو هونەرمەندەی کرد کە وەک هێمایەکی نیشتمانیی لوبنان ناسراوە.
 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە