(Avatar 3) لە لووتکە مایەوە و تیمۆتێ شەلامێ هەمووان سەرسام دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەسار فایەق
نیشانەکردن Avatar
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فیلمی (Avatar: Fire and Ash)ـی دەرهێنەر جەیمس کامیرۆن، لە کۆتایی ساڵدا بەردەوامە لە کۆنترۆڵکردنی بۆکس ئۆفیسی، لە کاتێکدا چەند فیلمێکی نوێ لە رۆژی کریسمسدا نمایشکران و رکابەرییەکی سەخت بۆ بەدەستهێنانی پلەکانی دووەم و سێیەم لە ئارادایە.
 
ئافاتار بەرەو ملیارێک دۆلار هەنگاو دەنێت
 
بەشی سێیەمی فیلمی ئافاتار، کە ئێستا لە دووەم هەفتەی نمایشکردنیدایە، پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا داهاتی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور لە نێوان 80 بۆ 85 ملیۆن دۆلار بێت. فیلمەکە رۆژی هەینی 22 ملیۆن دۆلاری دیکەی کۆکردەوە و بەوەش کۆی داهاتی جیهانییەکەی لە 600 ملیۆن دۆلار تێپەڕی. شارەزایانی سینەما پێشبینی دەکەن تاوەکو کۆتایی رۆژی یەکشەممە، داهاتی فیلمەکە بگاتە نزیکەی 800 ملیۆن دۆلار.
 
سەرسوڕهێنەرەکەی تیمۆتێ شەلامێ
 
لەکاتێکدا چاوەکان لەسەر فیلمی کۆمیدی و ترسناکی (Anaconda) بوون بۆ وەرگرتنی ریزبەندی دووەم، بەڵام فیلمی (Marty Supreme) بە بەشداری تیمۆتێ شەلامێ هەمووانی سەرسام کرد. فیلمەکە باس لە پاڵەوانێکی تێنسی سەر مێز لە ساڵانی پەنجاکاندا دەکات، پێشبینی دەکرێت لە چوار رۆژی یەکەمی نمایشیدا؛ 27 ملیۆن دۆلار کۆبکاتەوە.
 
فیلمەکە بە گرانترین بەرهەمی مێژووی کۆمپانیای (A24) دادەنرێت کە بودجەکەی لە نێوان 60 بۆ 70 ملیۆن دۆلاردایە. رەخنەگران ستایشی شەلامێ دەکەن بۆ نواندنەکەی، هەروەها بۆ ئەو هەڵمەتە پڕوپاگەندە سەرنجڕاکێشەی بۆ فیلمەکە ئەنجامی دا.
 

شکستی ئاناکۆندا و بەردەوامیی زۆتۆپیا
 
فیلمی  کە هەریەک لە جاک بلاک و پۆڵ رود رۆڵی تێدا دەگێڕن، نەیتوانی وەک چاوەڕوان دەکرا سەرنجی رەخنەگران رابکێشێت، تەنیا 51%ـی نمرەی رەخنەگرانی لە ماڵپەڕی (Rotten Tomatoes) بەدەستهێناوە. پێشبینی دەکرێت فیلمەکە بە 22 ملیۆن دۆلار لە ریزبەندی چوارەمدا بێت.
 

فیلمی ئەنیمەیشنی (Zootopia 2)ـی کۆمپانیای دیزنی، سەرەڕای ئەوەی پێنج هەفتەیە نمایش دەکرێت، هێشتا هێزێکی زۆری ماوە و کێبڕکێ لەسەر ریزبەندی دووەم و سێیەم دەکات، پێشبینی دەکرێت 24 ملیۆن دۆلاری دیکە کۆبکاتەوە.
 

فیلمەکانی دیکە لە کێبڕکێدان
 
فیلمی ئایینی (David) لە ریزبەندی پێنجەمدایە، هەروەها فیلمی (The Housemaid) بە بەشداری سیدنی سوینی و (Song Sung Blue) بە بەشداری هیۆ جاکمان، لە ریزەکانی دواتری ریزبەندییەکەدا دێن.
 

رۆژی کریسمس کە ئەمساڵ کەوتە رۆژی پێنجشەممە، هەلێکی زێڕینی بۆ خاوەن سینەماکان رەخساند، چونکە پشووی کۆتایی هەفتە و پشووی خوێندنگەکان وایکردووە سینەماکان لە قەرەباڵخترین کاتەکانیاندا بن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە