ئیڤانا ڤۆكنیچ بۆ رووداو: كچانی كورد زۆر بێ چانسن

29-02-2016
دەرباز یونس
نیشانەکردن ئیڤانا ڤۆكنیچ
A+ A-
رووداو- زاگریب

ئیڤانا ڤۆكنیچ، نمایشكار و دیزاینەری كرواتی، لە 16/1/1987 لە شاری سپلیتی كرواتیا لەدایك بووە. باڵای 176 سانتیمەترە و كێشی 51 كیلۆگرامە. ناوی لە لیستی باشترین 100 نمایشكاری ئەوروپادایە. تا ئێستا گرێبەستی لەگەڵ زیاتر لە 20 كۆمپانیای جیهانی واژۆ كردووە و لە كاتی جیاوازدا جلوبەرگەكانی نمایش كردوون. ئیڤانا لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) باس لە قۆناغەكانی كاری نمایشكاری خۆی و چەند لایەنێكی ژیانی تایبەتی دەكات.

رووداو: چۆن دەستت بە كاری نمایشكاریی جلوبەرگ كرد؟

ئیڤانا ڤۆكنیچ: لە منداڵییەوە حەزم لە كاری نمایشكاریی جلوبەرگ بوو. هەمیشە دایكم جلوبەرگی بۆ دەكڕیم، یاخود بۆی دەدووریم و من نمایشم دەكردن. لەگەڵ تێپەڕبوونی كات هەستم دەكرد ئەم كارە نزیكترینە لە ناخی من، هەر بۆیە خۆم ناونووس كرد لە چەند نمایشێكی بچووكدا. چانسم هەبوو دواتر لەلایەن چەند ئاژانسێكی تایبەتی نمایشكاری كرواتی بانگهێشتنامەم پێگەیشت.



رووداو: چ ناسناوێكت لەسەر ئاستی وڵاتەكەت و ئەوروپا بەدەستهێناوە؟

ئیڤانا ڤۆكنیچ: ناسناوی جوانترین پێنج نمایشكاری هاوینەی شاری سپلیتم بردەوە، ئەمە یەكەم ناسناو بوو لە كاتی كاركردنی مندا. ساڵی 2011 ناسناوی باشترین نمایشكاری كرواتیام بردەوە، واتە بووم بە بێست مۆدێل، دوو ساڵ دوای ئەوەش وەك ورووژێنەرترین نمایشكاری كرواتی لە ئەوروپا ناسناوەكەم بردەوە.

رووداو: مەرجەكانی كچێكی نمایشكار چین؟

ئیڤانا ڤۆكنیچ: گرنگترین شت بۆ نمایشكارێكی جلوبەرگ، باڵایە. نابێت بەهیچ شێوەیەك كێشی زیاد بێت، باڵای بەرزیش زۆر هاوكاریی كچێك دەكات بۆ ئەوەی ببێتە نمایشكارێكی سەركەوتوو.


رووداو: ئەی جوانی؟

ئیڤانا ڤۆكنیچ: (بەپێكەنینەوە) جوانی روخسار بۆ هەموو كەسێك گرنگە، ئەگەر نمایشكاریش نەبێت، بێگومان ئەگەر دەموچاوێكی جوانی هەبێت باشترە، بەڵام وەك پێویستی دواترین پێویستییە، كێشی لەش و رێكیی باڵا گرنگترینە.



رووداو: چەند ئاژانسێكی جیهانی باس لەوە دەكەن كە نمایشكاران كلێنس دەخۆن بۆ ئەوەی لاواز بن، تۆ هەرگیز ئەمەت كردووە؟

ئیڤانا ڤۆكنیچ: نەخێر هەرگیز ئەو كارەم نەكردووە، بەرنامەی تایبەتم هەیە بۆ پارێزگاری لە لەشم، منیش بیستوومە كە كچانێك هەن كلێنس دەخۆن، بەڵام من هەرگیز نەمخواردووە.


رووداو: نمایشكارانی جلوبەرگ هەمیشە گرێبەستیان لەلایەن كۆمپانیاكانەوە پێشكەش دەكرێت، دەتوانی لە بارەی ئەو گرێبەستانەی كە پێشكەشت كراون زانیاریمان بدەیتێ؟

ئیڤانا ڤۆكنیچ: من تا ئێستا گرێبەستم لەگەڵ زیاتر لە 20 كۆمپانیای جیهانی واژۆ كردووە و بەرهەمەكانیانم نمایش كردووە، ئێستا گرێبەستم لەگەڵ لقی كرواتیای كۆمپانیای جیهانی Timberland  هەیە بۆ ماوەی یەك ساڵ.

رووداو: زۆرترین بڕی بودجە كە بۆ جلوبەرگ تەرخان بكرێت، بۆ چ جۆرە جلوبەرگێكە؟ تۆ زیاتر چ جۆرە جلوبەرگێك نمایش دەكەیت؟

ئیڤانا ڤۆكنێچ: ئەمە بەپێی كۆمپانیاو وادەی نمایشكردنی وێنەكان دەگۆڕێت، بەپێی وەرزیش دەگۆڕێت، بۆ نموونە لە وەرزی هاویندا زۆرترین بودجە بۆ نمایشكردنی جلوبەرگی سەر دەریا تەرخان دەكرێت، بەڵام لە زستاندا جۆرێكی دیكەیە.



رووداو: نمایشكاری تا چەند كاری كردووەتە سەر ژیانی تایبەتی تۆ؟

ئیڤانا ڤۆكنیچ: بێگومان هەموو شتێك كاریگەریی خۆی هەیە، من وەك نمایشكارێك هەموو ژیانم تەرخان كردووە بۆ ئەو مەبەستە، لە خواردن و خەوتن و هەستان و دانیشتن و پەیوەندییەكانیشم كاریگەری خۆی هەیە.

رووداو: دەڵێی لەسەر پەیوەندییەكانت كاریگەریی هەیە، ئێستا كەس لە ژیانی تۆدا هەیە؟

ئیڤانا ڤۆكنیچ: (بەپێكەنینەوە)، دەتانەوێ زۆر شت بزانن ها؟ بەڵێ كاریگەریی زۆری هەیە، من جارێك لە خۆشەویستی دڵیان شكاندووم، ئەو كاتە لە سەرەتای كاری نمایشكاریدا بووم.

رووداو: هەستت چۆنە كاتێك بیر لەوە دەكەیتەوە ببیتە دایك و منداڵێكت هەبێت؟

ئیڤانا ڤۆكنیچ: زۆر بە زیرەكانە دەتەوێت وەڵامەكانت وەربگریت، من زۆر حەز دەكەم ببمە دایك و منداڵم هەبێت، بەڵام ئێستا نامەوێت شوو بكەم و منداڵم هەبێت، ئێستا هەموو كاتەكەم بۆ كارەكەم و خەونەكانمە.



رووداو: من لە كوردستانەوە هاتووم، تۆ زانیاریت لەسەر كورد و كوردستان چییە؟

ئیڤانا ڤۆكنیچ: بەڕاستی زۆر حەزم دەكرد زانیاریم هەبێت، هەندێك شت كە تۆ باست كرد بۆم زۆر سەرنجی راكێشام، بەڵام بەداخەوە هیچ زانیارییەكم لەسەر كورد و كوردستان نییە.

رووداو: لە كوردستان هیچ ئاژانسێكی تایبەتی بۆ كاری نمایشكاری نییە، نە بۆ كچان نە بۆ كوڕان، تۆ بۆچوونت چییە و دەبێت چی بكرێت؟

ئیڤانا ڤۆكنیچ: چۆن نییە؟ دەبێت هەبێت، ئەگەر وابێت پێموایە كچانی كورد زۆر بێ چانسن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە