ئاوات بۆكانی بەفری باڵەكایەتی دەتوێنێتەوە

29-03-2017
دەرباز ساڵح
نیشانەکردن ێستیڤاڵی سەركێشی نێو بەفر
A+ A-

رووداو - چۆمان

ئاوات بۆكانی،گۆرانیبێژی میللی رۆژهەڵاتی کوردستان، بڕیارە ئەم هەینییە، کە دەکاتە 31-3-2017، بەشداری لە فێستیڤاڵی سەركێشی نێو بەفر لە دەڤەری باڵەكایەتی بكات.


هونەر كاك ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندنی گەشتوگوزاری چۆمان بە رووداوی راگەیاند "جگە لە چالاكییەكانی تایبەت بە بەفر، هونەرمەند ئاوات بۆكانی و گرووپی هەڵپەڕكێی رۆژهەڵات بەشداری فێستیڤاڵەكە دەكەن".

ئاوات بۆكانی یەكێك لە گۆرانیبێژە میللییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانە و ئێستا لە باشووری کوردستان نیشتەجێیە، بەتایبەت لەنێو گەنجانی کوردستان خاوەن هەوادارێكی زۆرە.


كاژێر 02:00 ی پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی 31-3-2017، بەمەبەستی ناساندنی زیاتری دەڤەرەكە، وەكو شوێنێكی گەشتیاری بەتایبەت بۆ گەشتوگوزاری زستانە، سێیەمین فێستیڤاڵی سەركێشی نێو بەفر لە شارۆچكەی حاجی ئۆمەرانی سەر بە قەزای چۆمان سازدەكرێت.

لە فێستیاڵەكەدا 10 گرووپی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بەشداردەبن و یاری سەركێشی لەسەر بەفر ئەنجامدەدەن. جگە لەوان چوار گرووپی (سكی) خلیسكانێی سەر بەفر، كە لە یاریزانانی نێوخۆ و بیانی پێكهاتوون بەشداردەبن.

یەكەم فێستیڤاڵی بەفر لە ساڵی 1957 لە سەردەمی مەلیك فەیسلی دووەم سازكراوە. ساڵی رابردووش دووەم فێستیڤاڵ سازكرا. جگە لەم فێستیاڵەش، ساڵانە فێستیڤاڵێكی دیكەی بەفر لە باشووری كوردستان سازدەكرێت.


سەرەتای مانگی دووی ئەمساڵ لەسەر چیای كۆڕەكی گەشتیاری، چوارەمین فێستیڤاڵی بەفر بە بەشداری دەیان وەرزشوان و شاخەوان و گرووپ سازكرا. بڕیارە لەمەوداش هەردوو فێستیڤاڵەکە وەكو نەریتێكی ساڵانە سازبكرێن.


دەڤەری باڵەكایەتی دەكەوێتە باكوورى رۆژهەڵاتی هەولێر، نێوەندەكەی قەزای چۆمانە و چیای هەڵگۆرد، بەرزترین لووتكە چیای باشووری كوردستان و عێراقی تێدا هەڵكەوتووە، یەكێكە لەو شوێنانەی بۆ گەشتی زستانە لەبارە، دەستەی گەشتوگوزاریش پلانی هەیە لە ئایندەدا بایەخی زیاتر بەو دەڤەرە بدات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە