هەژان هێرش: پرۆژەیەكی زۆر گەورەی پێشكەشكاریم هەیە

29-03-2018
هیوا سەڵاح
نیشانەکردن هەژان هێرش
A+ A-

رووداو- هەولێر

هەژان هێرش ناوێكی دیاری نێو هونەری دراما و فیلمی كوردییە. لەنێو خەڵكیدا خۆشەویستە و بۆ هەر شوێنێك بڕوات هەوادارانی لێی كۆدەبنەوە و وێنەی لەگەڵ دەگرن. هەژان ماوەیەكە سەرقاڵی پڕۆژەیەكی گرنگ و نوێی سینەماییە، بۆ یەكەمجار كار لە دروستكردنی فیلمێكی ئەنیمەیشنی كوردی بەشێوازی سێ رەهەندی دەكات، ئەو لەبارەی ئەم فیلمە و چەند پرسێكی دیكە قسەی بۆ (رووداو) كرد.

رووداو: ئێستا بەچییەوە سەرقاڵی؟

هەژان: ئێستا لەگەڵ كۆمپانیایەكی گەورەی دروستكردنی فیلمی ئەنیمەیشن، وەك بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیاری پرۆژەیەك كار دەكەم. خەریكی فیلمێكی ئەنیمەیشنی كوردین بەشێوەی سێ رەهەندی، فیلمەكە بە زمانی كوردی و عەرەبییە و بۆ یەكەمجار بۆ منداڵان ئەم كارە لە كوردستان دەكرێت. لەگەڵ ئەوەشدا لە زانكۆ سەرقاڵی خوێندنم.

رووداو: پێشتر دەنگۆیەك بڵاوكرایەوە كە هەژان بەیەكجاری كوردستانی جێهێشتووە و چووەتە ئەوروپا، راستیی بابەتەكە چۆن بوو؟

هەژان: راستە چوومە ئەوروپا، بەڵام بۆ مانەوە نەبوو، بەڵكو ئێمە لە زانكۆی سلێمانی وەك خوێندكاری ماستەر بانگهێشتكراین، چووین بۆ زانكۆی برێمەنی ئەڵمانی و لەوێ چەند وێنەیەكم لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكردەوە. وەكو پیشەی هەمیشەییان چەند پەیج و ماڵپەڕێك بۆ زیادكردنی لایك و سەردانیكەریان، ئەم وێنانەی منیان بڵاوكردەوە. دەنگۆی ئەوەشیان بڵاوكردەوە كە من بەیەكجاری لە ئەوروپا نیشتەجێ بووم، بەڵام ئەوە دوور بوو لە راستی.

رووداو: ماستەرەكەت لەسەر چییە؟

 هەژان: هێشتا دەستم بەنووسینی نامەی ماستەرەكەم نەكردووە، بەڵام من خوێندنكاری ماستەرم لە بواری راگەیاندن، دوای ئەوەی لە یەكەمەكانی بەشەكەم بووم، لە ماستەر وەرگیرام و ئێستا كاری لەسەر دەكەم.

رووداو: دوای تەواوكردنی ماستەرەكەت پلانی كاری پێشكەشكاری و بێژەریت هەیە؟

هەژان: من پێشتر جگە لەكاری نواندن، پێشكەشكاریش بووم. ئێستاش پرۆژەی ئەوەم هەیە وەكو پێشكەشكار كار بكەم، بەڵام دەمەوێت لەكەناڵێك كار بكەم كە لە ئاستی ئەو پرۆژەیەی من بێت. چونكە پرۆژەكەم زۆر گەورەیە و یەكەمجارە لە كوردستان دەكرێت، هەڵبەتە تاوەكو ئێستا چەند كەناڵێك داوایان لێكردووم، بەڵام من هێشتا رەزامەندیم لەسەر نەداوە لەگەڵ كامە كەناڵ كار بكەم، دەمەوێت بەشێوەیەكی تازە دەربكەوم.

رووداو: زیاتر خۆت لە كاری هونەری و نواندن دەبینیتەوە، یان راگەیاندن؟

هەژان: زیاتر خۆم لە كاری نواندن دەبینمەوە، چونكە هۆكاری ئەوەی كە چوومە بەشی راگەیاندن، ئەوە بوو كە سوودی لێ وەربگرم بۆ كاری نواندن، هەڵبەتە من لە پۆلی دوانزەی ئامادەیی نمرەیەكی زۆر باشم هێنا و لە بەشی فیزیا وەرگیرام، بەڵام بە حەزی خۆم تەنازولم كرد بۆ بەشی راگەیاندن.

رووداو: ماوەیەكە هەڵمەتێك لەلایەن هونەرمەندانەوە راگەیێنراوە كە داوا دەكەن بایكۆتی درامای توركی و بیانی لە كوردستان بكرێت، ئێوە لەو بارەیەوە راتان چییە؟

هەژان: من دەمەوێت پرسیاری ئەوە بكەم ئایا كورد بۆچی درامای نییە. كەناڵەكانی ئێمە ئامادەنین پارە بە درامایەكی 10 ئەڵقەیی كوردی بدەن، بەڵام دەچن درامایەكی توركی بەهەمان پارە بۆ ساڵێ دەكڕن و كەناڵەكەی پێ پڕدەكەنەوە، بەداخەوە هیچ كەناڵێكی كوردی نابینم دەستپێشخەرییەك بكات، بەرهەمێكی نوێ نمایش بكات، با لە ساڵێكدا یەك درامای كوردی نمایش بكات، بەڵام بەرهەمی خۆی بێت، نەك درامایەكی توركی یان بیانی كە كولتوور و هەڵسوكەوت و چیرۆكی دراماكە لەگەڵ كولتووری ئێمە ناگونجێ‌  و كاریگەریی زۆر خراپی لەسەر منداڵان و گەنجانی كوردستان هەیە.

رووداو: ئەوان دەڵێن درامای كوردی بینەری نییە..

هەژان: كێشەی هەرە گەورەی ئێمە نەبوونی سیناریستە، ئێمە تاوەكو ئێستا سیناریستمان نییە. هەڵبەتە چیرۆكنووس و رۆماننووسی باشمان هەیە، دەكرێت لە خولێكدا راهێنان و كۆرسی تایبەت لەسەر سیناریۆ بكرێتەوە، ئەگەر خولیش ناكەیتەوە سیناریۆ بكڕە پێموایە باشترە. دواتر ئێمە ئێستا كۆمپانیای ریكلامكردنی زۆر باشمان لە كوردستان هەیە. دەكرێت لەگەڵ ئەوان درامایەكی پرۆفیشناڵ بەرهەم بهێنی. منیش وەكو ئەكتەر هەمیشە گوتوومە ئەگەر كارێكی مەزن بكرێت ئامادەم بەبێ بەرامبەر رۆڵی تێیدا ببینم.

رووداو: ئەگەر ببیتە وەزیری رۆشنبیری چی لەو وەزارەتە دەگۆڕیت؟

هەژان: هەرچەندە من زۆر رقم لە پۆستە، یەكەم هەنگاوی من هەموو ئەكتەرەكان كۆدەكەمەوە، بۆ كامێرامان و سیناریۆنووس و ستافی تەكنیكی خولێكی راهێنان بە شارەزایانی بیانی دەكەمەوە، لەگەڵ كۆمپانیاكان بەهاوبەشی فیلم بەرهەمدەهێنین، باوەڕ بكە تەنیا یەكەم فیلم كەمێك سەختە، دواتر فیلمی دووەم و سێیەم دەكەوێتە سەر رێڕەوی خۆی، زۆر شتی دیكەش هەیە كە دەبێت هەنگاو بەهەنگاو بیگۆڕی.

رووداو: بەڵام كێشەی نەبوونی كولتووری سەیركردنی فیلم لە نێو كۆمەڵگای كوردی چۆن چارە دەكەی؟

هەژان: ئەگەر فیلمێكی باشی كوردی هەبێت خەڵك دەچێتە سینەما، بەڵام ئێمە دوو كێشەمان هەیە، یەكەم لەڕووی مادییەوە خەڵك زۆر كێشەی هەیە. دووەم لەڕووی پەروەردەوە، دەبێت وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەگەڵ سینەماكانی كوردستان هەماهەنگی بكەن بۆ ئەوەی قوتابی پەیوەست بكەن بە سینەما، بەلایەنی كەم دەبێت هەفتەی جارێك بچنە سینەما، بەم هۆیەشەوە كولتووری سینەما بڵاودەبێتەوە.

رووداو: لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كەم دەردەكەوی، بۆچی؟

هەژان: لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زۆر ئەكتیڤ نیم، بەڵام خراپیش نیم، چالاكییەكانم بەپێی توانا بڵاودەكەمەوە، بەڵام لە ئینستاگرام زیاتر دەردەكەوم، چونكە ئینستاگرامەكەم بۆ گشتییە كە بەناوی هەژان بارانەوەیە، بەناوی كوڕەكەمەوەیە، لەبەر ئەوەی بەداخەوە پەیج و ئەكاونت بەناوی هەژان هێرشەوە زۆر دانراوە، بۆیە من ئەو ناوەم بۆ هەڵبژاردووە.

رووداو: بۆچوونت لەسەر نەشتەرگەریی جوانكاری چییە كە ئێستا لە نێو خانمان زۆر بڵاوە؟

هەژان: لەگەڵ هەر شتێكم دڵی مرۆڤ خۆش بكات. كەسێك دەچێتە بەر ئاوێنە شوێنێكی خۆی بەدڵ نییە بۆ نەیگۆڕێت؟ من هەرگیز دژی نیم، بەڵام لەگەڵ ئەوە نیم روخساری خۆت بگۆڕی، یان بە تەواوەتی شێوەی خۆت بگۆڕیت، ئێستا بەهۆی نەشتەرگەریی جوانكاری وای لێهاتووە خەڵك زۆر لەیەك دەچن.

رووداو: دوای جیابوونەوەت، بەنیاز نیت شوو بكەیتەوە؟

هەژان: ئێستا نەخێر. كوڕەكەم هەموو دونیامە، شووكردنم بۆچییە، هەر بیریشی لێناكەمەوە، ئەوەندە سەرقاڵم تەنیا رۆژانی هەینی لە ماڵەوەم، ئەویشم بۆ كوڕەكەم تەرخان كردووە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە