لە کەرکووک گۆڕەکەی عەلی مەردان دەشێوێندرێت

29-03-2021
هیوا سەڵاح
A+ A-
رووداو- کەرکووک
رۆژی یەکشەممە 28-3-2021 لە شاری کەرکووک گۆڕەکەی هونەرمەندی ناوداری کورد، عەلی مەردان لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراو، بە بۆیە دەشێوێندرێت، ئەمەش ناڕەزایەتی لەنێو خەڵکی کەرکووک دروستکردووە.
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو رایگەیاند" شەوی رابردوو لە گۆڕستانی شیخ محێیەدین لە گەڕەکی ئیسکان، گۆڕەکەی عەلی مەردان، هونەرمەندی نێوداری کورد بە بۆیە شێوێندراوە، ئەمەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەو ناڕەزاییەتی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە".
 
هیوا حوسامەدین دەشڵێت" تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک لێکۆڵینەوەی لەمبارەیەوە نەکردووە، بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەم کردەوەیە ئاشکرا بکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا گۆڕەکەی هاوژینی عەلی مەردان و خۆشکەکەی هیچ دەستکاری نەکراوە، تەنیا گۆڕەکەی عەلی مەردان شێوێندراوە، ئەمەش دیارە بە مەبەست و ئامانجێکی دیاریکراو ئەنجامدراوە".

 

قادر عەلی مەردان، کوڕی هونەرمەند عەلی مەردان لەمبارەیەوە بەرووداوی راگەیاند" دوای چل بەسەر کۆچی دوایی باوکم، تازە ژمارەیەک کەسی نابەرپرس، گۆڕەکەی باوکمیان شێواندووە، باوکم لە ژیاندا خراپەی کەسی نەبووە، هەموو نەتەوەکانی دانیشتووی کەرکووک رێزیان لەباوکم و کارەکانی باوکم گرتووە،باوکم هونەرمەندی کەرکووک بووە، چۆن دەبێت لەلایەن کەرکووکییەکان گۆڕەکەی بشێوێندرێت، تاوەکو ئێستا کەس خۆی لەم کارە لە بەرپرسانی شاری کەرکووک نەکردووەتە خاوەن، لەگەڵ ئەوەشدا من لە هەولێرم و تووشی کۆرۆنا بوومە، ناتوانم بگەڕێمەوە کەرکووک و کاری چاککردنەوەو پاککردنەوەی گۆڕەکەی باوکم بکەم، بەڵام بێگومان چارەسەرێکی بۆ دەکەین".

عەلی مەردان لەساڵی 1904لە شاری کەرکووک لە گەڕەکی تەکیەی شێخ عەلی لە دایکبووە. خوێندنی لە تەکیەی کەرکووک و لە لای ماموستا ساڵح دەستپێکردووە و ھەر لەوێشەوە لە لای مامۆستای دەنگخۆش مەلا رەووف فێری تەجویدی قورئان و ھەندێ مەقاماتی کوردی و قۆڕیاتی تورکمانی بووە.

 
عەلی مەردان پاش ھەشت ساڵ تەکیە، شاری کەرکووکی بە جێھێشتووە و بە ماڵەوە چووە بۆ گوندی لەیلان. لەو گوندەدا تەموورەژەنێکی بەتوانا بە ناوی خدر بارام ناسیووە، کە سوودێکی زۆری لێ وەرگرتووە بۆ مەقاماتی کوردی، بەڵام لە دواییدا کە دەچێت بۆ بەغدا، مەقاماتی کوردی و فارسی و عەرەبی لە مامۆستایانی دیکەی فارس و عەرەب و کوردەوە فێر دەبێت و وەک شارەزایەک لە بواری مەقاماتی ناوچەکەدا دەناسرێت، عەلی مەردان  لە تەمەنی 77 ساڵیدا و لە 24 ـی تەممووزی ساڵی 1981 کۆچی دواییکردووە و لە شاری کەرکووک لە گۆڕستانی شێخ محێدین لە گەڕەکی ئیسکان بە خاک سپێردراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە