رووداو - سلێمانی
سەرەتای هەفتەی داهاتوو فیلمی سینەمایی پەیکەری دڵ لە سینەماکانی کوردستان نمایش دەکرێت، یەکەمین نمایشی فیلمەکە رۆژی 2-6-2019 لە هەولێر دەبێت و رۆژی دواتریش لە سلێمانی.
لە فیلمەکەدا هەریەکە لە هەڵوێست، نزار سەلامی، ژیان ئیبراهیم خەیات و نارین ئالان رۆڵی سەرەکی دەبین، چیرۆکی فیلمەکە باس لە پەیوەندی خۆشەویستی دەکات و گۆرانییەکانی نێو فیلمەکە هونەرمەند زیاد ئەسعەد ئاوازی بۆ داناون.
دوو رۆژی سەرەتای نمایشی فیلمەکە تەنها بۆ میوانانی تایبەت و خۆناساندنی ستافی فیلمەکەیە، بەڵام لە یەکەمین رۆژی جەژنەوە لە سینەماکانی هەولێر، سلێمانی و کەرکوک بۆ خەڵک نمایشدەکرێت.
بەختیار فەتاح، پرۆدیوسەری فیلمی پەیکەری دڵ ئاماژە بەوە دەکات "لەم فیلمەدا وێنەگرتن و تەکنیک و ئەوانەی لە پشتی کامێرادا کاریان کردووە خەڵکی ئەم وڵاتەن، ئەوانەن کە لەم وڵاتەدا فێری دروستکردنی فیلم بوون. بینەر کە سەیری دەکات فیلمێکی کوالێتی بەرز دەبینێت، بۆیە داوامان لە خەڵک ئەوەیە پشتگیریمان بکەن بە چوونە سینەماکان و بلیتێک بکڕن، کاتێکیش فیلمی ئایندەمان دروستکرد هەر لە پشتمان بن".
بەختیار فەتاح باسی لەوە کرد "هیوادارین حکومەت لە پشتمان بێت و وەک لۆبییەک سوودی لێوەربگرێت، لەکوێ بە بابەتێکی سیاسی لە دەرەوە لۆبی بکەیت، لەکوێ لە رێگەی فیلمێکەوە خۆت بە دنیا بناسێنیت".
سۆران نەقشبەندی، بەڕێوەبەری رێوڕەسمی نمایشی فیلمی پەیکەری دڵ دەڵێ "ئێمە تەنها بۆ بەبازاڕکردن ناڵێین خەڵک بچێت فیلمەکە لە شاشەی سینەماکان بیبینێت، بەڵام چونی خەڵک و بینینی ئەو فیلمە جوانە کوردییە هاندانێکی زۆر دەبێت بۆ ستافەکەی کە بتوانن لە داهاتوودا فیلمی باشتر و ئەزموونی باشتر پێشکەشی کۆمەڵگە بکەن".
ماوەی فیلمەکە 108 خولەکە و بە کوالێتی بەرزی سینەمایی کاری لەسەر کراوە، تێچوی بەرهەمهێنانەکەی زیاتر لە 300 هەزار دۆلارە بۆیە بەرهەمهێنەرانی چاویان لە ئامادەبوونی زۆری بینەرانە بۆئەوەی بتوانن لەدوای پەیکەری دڵ فیلمی دیکەی سینەمایی بەرهەم بهێنن.
فیلمی سینەمایی پەیکەری دڵ فیلمێکی گۆرانی ئامێزی رۆمانسی کۆمیدییە، لە ماوەی 43 رۆژدا وێنەگیراوە، بە دوو مانگیش مۆنتاژ و کاری تەواوکاری فیلمەکە کراوە.
داڕشتنەوە؛ بڕوا کیانی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ