دالیا: داوا دەكەن بمدەنە دەست داعش

29-09-2014
هیوا سەڵاح
نیشانەکردن دالیا
A+ A-

رووداو- هەولێر

"ئەوەی تۆ دەیكەی بۆ بردنەوەی تاجەكە نییە و بەس. بەڵكو تۆ شۆڕشێكت بەرپاكرد، بەدەگمەن كەسانێك هەن ئە‌و جوانی و جورئەتەی تۆیان هەبێ". لە بەرامبەردا گەنجێكی دیكە نووسیویەتی "ئەمە بگریت و بیدەیتە دەست داعش". ئەم كۆمێنتانە و سەدانی دیكە لە ژێر وێنەكانی دالیا نووسراون كە بە جلی سەر دەریاوە دەركەوتووە و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی پڕكردووە.

دوای ئەوەی كچێكی كورد بەناوی پرووشە حوسێن، بە جلی سەر دەریاوە لە پێشبڕكێی هەڵبژاردنی شاجوانی نەتەوەكانی كەنەدا دەركەوت، كچێكی دیكەی كورد بە ناوی دالیا حەسەن بە هەمان شێوە لە ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنی شاجوانی جیهاندا دەركەوت كە بڕیارە لە 7/10/2014 لە تایلاند بەڕێوەبچێت.

یەكێك لە مەرجەكانی ئەوانەی بەشداری كێبڕكێی شاجوان دەكەن، دەركەوتنیانە بە جلی سەر دەریاوە تاوەكو رێكیی لەشولاریان بۆ تەواوی لیژنەی دادوەری دیاربێ، دالیا دەڵێت بۆئەوەی لە پێشبڕكێكە بەردەوام بێت و بەهۆی ئەوەوە پۆینتی لێ نەشكێ، ناچار بووە ئەو تابووەی كۆمەڵگای كوردی بشكێنێ هەرچەندە ئەو كەسێكە لە سوێد دەژی و پەیوەندییەكی ئەوتۆی بە كۆمەڵگای كوردییەوە نەماوە.

دالیا دەڵێت حەزی لەوە نەبووە بەو جلانەوە دەربكەوێت، بەڵام لیژنەی ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی شاجوانی جیهان پێیانڕاگەیاندووە كە ئەمە یەكێكە لە مەرجەكانی بەشداریی لە پێشبڕكێیەكە، بۆیە ناچار بووە بڕیارێكی سەخت بدات بەنیسبەت كۆمەڵگایەك كە زۆر گرێدراوی ترادیسیۆن و بەها كۆنەكانە، بەتایبەتی لەو مەسەلانەی پەیوەندییان بە ژنەوە هەیە.

دالیا دەڵێت "من بەتەنیا ئەو بڕیارە قورسەم نەدا، بەڵكو پەیوەندیم بە دایك و باوكم و خاڵی خۆشەویستمەوە كرد، كەواتە بڕیارێكی هاوبەشمان دا، ئەوان گوتیان ئێمە رازین و بڕۆ بیكە، چونكە دایك و باوكم زۆر متمانەیان بە من هەیە و بەردەوامیش پشتگیریم دەكەن".

دالیا دڵنیا بووە لەوەی دوای ئەوەی وێنەكانی بڵاودەبنەوە، رووبەڕووی قسەڵۆكی زۆر دەبێتەوە، بەڵام ئەو بڕیاری دابوو گوێ بەو قسانە نەدات و "كارێكی مێژوویی" بكات، دالیا گوتی "راستە دووچاری رەخنەیەكی زۆر بوومەتەوە، بەڵام خەڵكانێكی یەكجار زۆریش دەستخۆشییان لێكردم، من هەر لە سەرەتاوە دەمزانی خەڵكانێكی بێ ئیش رەخنە دەگرن، بەڵام من هیچ گوێ بەو قسانە نادەم، لەبەر ئەوەی كارێكی خراپم نەكردووە، بەشێكی زۆریشیان دەستخۆشی و كۆمێنتی جوانیان بۆ نووسیوم، پێیانگوتووم تۆ وەك لەیلا بەدرخانی، هەرگیز كۆڵنادەی و ئازا و بوێری".

لەیلا بەدرخان، كچێكی كوردبوو لە ساڵی 1930 لە فەرەنسا و میسر سەمای كردووە، لە سەردەمێكدا كە هێشتا ژنی فەرەنسی بۆی نەبووە لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگبدات. دالیا دەڵێت "رۆژێك دێت شانازی بەو كارەی منەوە دەكەن و دەبێتە مێژوویەكی پرشنگدار".

دالیا پێیوایە ئەو كارێكی باشی كردووە و توانیویەتی لەو رێگایەوە كوردستان بە بەشداربووانی پێشبڕكێیەكە و جیهان بناسێنێ، لەو كارەشی پەشیمان نییە "نوێنەری زیاتر لە 100 وڵات بەشدارییان كردووە، بەڵام تەنیا چواریان كوردستانیان دەناسی، ئێستا بەهۆی منەوە هەموویان كورد دەناسن".

دالیا سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا لەو قسە و جنێوانەی پێیگوتراون لەسەر ئەو كارەی. ئەو دەڵێت "كچی ئێرانیمان لەگەڵە، بە هەمانشێوەی من دەركەوتووە، هەروەها چەند كچێكی وڵاتانی عەرەبیش بەشدارییان كردووە، كەس باسی ئەوان ناكات، بەڵام نازانم بۆچی ئەو كارەی من لە كوردستان وا گەورە كراوە".

ئەو كچە بوێرە وەڵامی هەموو ئەوانە دەداتەوە كە رەخنە لە جلوبەرگەكەی دەگرن و دەڵێت "بەشێكی زۆری خەڵكی كوردستان خزم و كەسوكاریان لە ئەوروپا هەیە، لە وەرزی هاوین هەموویان بەم جۆرە جلانەوە لەسەر دەریا خۆیان دەدەنە بەر خۆر و مەلە دەكەن، كەسیش رەخنەی لێ نەگرتوون، بەڵام رەخنە لەو كارەی من دەگرن كە لە پێناو ئامانجێكی گەورە كردوومە، دواتر ئەمە جەستەی خۆمە، هەرچییەك بكەم خەڵك حەقیان چییە بەسەر منەوە".

دالیا زۆرتر لە هەندێك لە دەزگاكانی راگەیاندن تووڕەیە كە تاوەكو ئێستا نازانن جلی ژێرەوەی ئافرەت لە جلی سەر دەریا جیابكەنەوە "ئەوەی من لەبەرم كردووە جلی ژێرەوە نییە، بەداخەوە میدیای كوردی هێشتا نازانێت جیایان بكاتەوە، لەگەڵ ئەوەش بە ناوی منەوە زۆر قسەیان بڵاوكردووەتەوە كە من ئاگام لێ نەبووە، من پێیاندەڵێم ئەوە جلی ژێرەوەی ئافرەت نییە، بەڵكو جلی سەر دەریایە كە جیاوازە لە جلی ژێرەوە، عەیبێكی گەورەیە تاوەكو ئێستا ئەوە نازانن".

دالیا باس لەو هەڕەشانە دەكات كە رۆژانە بۆی دەنێرن، بەڵام ئەو دەڵێت هیچ گوێ بەو هەڕەشانە نادات و لە كاری خۆی بەردەوام دەبێت "زۆر هەڕەشە و جنێو و قسەی ناشیرینم بۆ هاتوون، بەڵام ئەمانە من ناترسێنن، تەنانەت هەندێكیان نووسیویانە: ئەم كچە كورد نییە، یان دەڵێن كەس نییە ئەو كچە بداتە دەست داعش؟ یاخود نووسیویانە ئەو كچە حەیای كوردی برد، هەندێكیان دوعای مردنیان لێكردووم، زۆر شتی ناشیرین و دوور لە رەوشتیان بۆ هەڵبەستووم، لە كاتێكدا دەبووایە سوپاسیان بكردمایە، هەرچەندە خەڵكێكی زۆریش دەستخۆشییان لێكردم".












کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە