عادل ئیمام لەم رەمەزانەدا هیچ درامایەکی بڵاوناکاتەوە

30-03-2019
هیوا سەڵاح
A+ A-

رووداو- هەولێر

ماوەی 7 ساڵە لە مانگی رەمەزاناندا، عادل ئیمام ئەکتەری ناوداری میسری، زنجیرە دراما پێشكەشدەکرد، بەڵام ئەمساڵ هیچ بەرهەمێکی نوێی لەسەر شاشەکان نابێت.


بڕیارە بوو، لە رەمەزانی ئەمساڵ، زنجیرە درامای ڤلانتینۆ، کە لە پاڵەوانێتی عادل ئیمام بوو، نمایش بکرێت، بەڵام دوای چەند رۆژێک لە وێنەگرتنی ئەم درامایە، سەرپەرشتیارانی درامایەکە بڕیاریاندا بەهۆی چەند کێشەیەک زنجیرە درامایەکە بووەستێنن.
  
لەمبارەیەوە ئەیمەن بەهجەت قەمەر، نووسەری ئەم درامایە بە میدیاکانی میسری راگەیاندووە، کە 10 رۆژە وێنەگرتنی ئەم درامایە راگیراوە، تاوەکو ئێستاش نازاندرێت هۆکاری وەستانەکە چییە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرهەمهێنەری درامایەکەش هیچ هۆکارێکی سەرەکی ئاشکرا نەکردووە.

لە حەوت ساڵی رابردوودا ئەکتەری ناوداری میسری عادل ئیمام کۆمەڵێک لە زنجیرە درامای بەهێزی پێشکەشکردووە، وەکو درامای "فرقة ناجى عطالله"، هەروەها "العراف"، "صاحب السعادة" ،"أستاذ ورئيس قسم"، "مأمون وشركاه"، "عفاريت عدلى علام" و دواین زنجیرە دراماش درامای "عوالم خفية" بوو، کە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبووە.

زنجیرە درامای "ڤلانتينو"، کە بڕیاربوو ئەم رەمەزان بڵاوبکرێتەوە، جگە لە عادل ئیمام، هەریەک لە ئەکتەرانی ناودار دەلال عەبدولعەزیز، دالیا ئەلبحیری و تارق ئەلبیاری رۆڵی سەرەکیان تێیدا دەبینن، هەروەها رامی ئیمام کاری دەرهێنانی بۆ کردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە