لە فیلمە پڕداهاتەکانی 2025 ئەنیمەیشنێکی چین لە پێشەوەیە
رووداو دیجیتاڵ
لە 2025 کێبڕکێیەکی بەهێز لەنێوان بەرهەمە سینەماییە جیهانییەکان هەبووە، بەپێی داتاکانی بۆکس ئۆفیسی جیهان، بەشێک لە فیلمەکان توانیویانە بەربەستی ملیار دۆلار تێپەڕێنن و ژمارەی پێوانەیی تۆمار بکەن. لیستی پڕداهاترینەکان تێکەڵەیەکە لە ئەنیمەیشن، فیلمە زیندووەکان (Live Action) و ئەو فیلمانەن کە لە یارییە ڤیدیۆییەکانەوە وەرگیراون.
بەپێی ئامارەکان، ئەمانە دیارترین فیلمەکانی ساڵن و پلەبەندییەکەیان بەپێی داهات بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
ئەنیمەیشنی چینی (Ne Zha 2) لە ریزبەندی یەکەمدایە و داهاتێکی خەیاڵی کۆکردووەتەوە کە دوو ملیار و 150 ملیۆن دۆلارە، بەشی زۆری ئەو داهاتە لە سینەماکانی چین بووە.
چیرۆکی فیلمەکە باس لە ئەفسانە چینییەکان دەکات و گەشتی "نە ژا" دەگێڕێتەوە بۆ دۆزینەوەی ناسنامەی خۆی و رووبەڕووبوونەوەی هێزە تاریکەکان.
لە ریزبەندی دووەمدا ئەنیمەیشنی (2 Lilo & Stitch) بەرچاو دەکەوێت کە بەرهەمی کۆمپانیای دیزنییە و داهاتەکەی گەیشتووەتە یەک ملیار و 38 ملیۆن دۆلار.
بەشی دووەمی زنجیرە ئەنیمەیشنی (Lilo & Stitch) لە دوورگەی ئۆواهۆ و کەناراوەکانی هۆنۆلولو وێنەگیراوە، باس لە پەیوەندی خێزانی و هاوڕێیەتی نێوان کچێکی بێ دایک و باوک و بوونەوەرێکی ئاسمانی دەکات.
ریزبەندی سێیەمی لیستەکە، بۆ فیلمی (A Minecraft Movie) بوو، بەهۆی داهاتە زۆرەکەی کە 957 ملیۆن دۆلارە و بیرۆکەی لە یارییەکی بەناوبانگ وەرگیراوە.
چیرۆکی فیلمەکە باس لە چوار کەسی پەراوێزخراو دەکات کە لەناکاو دەچنە نێو جیهانێکی چوارگۆشەیی سەیرەوە، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ماڵەوە دەبێت شارەزایی لەو جیهانە پەیدا بکەن و داهێنان بکەن.
بەشی نوێی زنجیرە فیلمی بەناوبانگی (Jurassic World) بەناوی (Jurassic World: Rebirth) بە کۆکردنەوەی 868 ملیۆن دۆلار، وەک چوارەم فیلمی پڕداهات لە 2025 ناسێندراوە.
رووداوەکان دوای چەندین ساڵ لە بەشی (Dominion) دێن، کاتێک دایناسۆرەکان بەرەو لەناوچوون دەچن و تەنیا لە ناوچەی هێڵی کەمەرەیی دەتوانن بژین. سکارلێت جۆهانسۆن رۆڵی سەرەکی لە فیلمەکەدا دەگێڕێت و سەرکردایەتی تیمێک دەکات بۆ دوورگەیەکی دابڕاو کە پێشتر تاقیگەی جوراسیک پارک بووە.
فیلمی لایڤ ئەکشنی (How to Train Your Dragon) بۆ کۆکردنەوەی 636 ملیۆن دۆلار لە 2025ـدا، لە ریزبەندی پێنجەمی لیستەکەدا هاتووە.
فیلمەکە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەنیمەیشنە بەناوبانگەکەیە بە شێوەی لایڤ ئەکشن؛ کە باس لە هیکاپ و پەیوەندی لەگەڵ ئەژدیهاکان دەکات لەنێو هۆزی ڤایکینگەکاندا.