رووداو ـ هەولێر
گوتەبێژی فێستیڤاڵی سینەمای نێودەوڵەتی هەولێر رایگەیاند سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ فیستیڤاڵی سینەمای نێودەوڵەتی، كە بڕیارە لە 5/5/2014 بە بەشداری ژمارەیەك هونەرمەندی جیهانی و نێودەوڵەتی لە شاری هەولێر بەڕێوەبچێت.
پشتیوان عەبدولڵا، گوتەبێژی فیستیڤاڵی سینەمایی نێودەوڵەتی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ فێستیڤاڵی سینەمای نێودەوڵەتی كە بڕیارە لە 5/5/2014 بە بەشداری ژمارەیەك هونەرمەندی جیهانی و عەرەبی و ئێرانیو توركی و هیندی لەشاری هەولێر بەڕێوەبچێت".
پشتیوان عەبدوڵڵا گوتیشی: "لەو فێستیڤاڵەدا 70 فیلمی درێژ لەگەڵ ژمارەیەك فیلمی كورت نمایش دەكرێت كە فیلمی كوردیشی تێدا بەشدارەو 14 هۆڵی سینەماش بۆ ئەم مەبەستە تەرخانكراوە، هەروەها ئاهەنگی كۆتایی فیستیڤاڵەكەش لە 10/5/2014 لە چێشتخانەی تارینی گەشتیاری لە هەولێر ئەنجام دەدرێت و خەڵاتی فیستیڤاڵەكەش بەسەر براوەكان دابەش دەكرێت، كە بریتییە لە پەیكەرێك لەسەر شێوەی ئەسپێكی زێڕین لەگەڵ چەندین خەڵاتی دیكەی بەهادار".
گوتەبێژی فێستیڤاڵی سینەمای نێودەوڵەتی هەولێر ئاشكرایكرد: "لەو فێستیڤاڵەدا هونەرمەندی جیهانی جانكلود ڤاندام، ئەستێرەكانی سینەمای هیندی ئەمیتا باباجان و ئایشوارا رای و مادهوبالا لەگەڵ هۆلیا ئافشەر، بیرین سات و پاڵەوانی زنجیرە درامای (حەریم سوڵتان) بەشداری دەكەن، هەروەها ئەستێرەكانی سینەمای عەرەبیش لەیلا عەلەوی، یوسراو حوسێن فەهمی، مونا واسیف و ئەیمەن زێدان و سومەییە خەشاب، بەشداری دەكەن، لەگەڵ زۆربەی ئەو هونەرمەندە ئێرانییانەی لە زنجیرە درامای یوسفی سدیق بەشدار بوون".
پشتیوان عەبدولڵا راشیگەیاند: "ئەم فێستیڤاڵە بە سپۆنسەری كۆمپانیای تیكو، دەزگای شڤان پەروەر و كۆمپانیای هونەری 7Rی سینەمایی و لیژنەی باڵای هەولێری گەشتیاری و كۆمەڵێك سپۆنسەری دیكە بەڕێوەدەچێت".

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ