رووداو دیجیتاڵ
دوای کۆچی دوایی زیاد رەحبانی، هونەرمەندی ناسراوی لوبنانی و کوڕی فەیرووز و عاسی رەحبانی، هەردوو هونەرمەندی ناسراوی لوبنانی، ڤیدیۆی هەڤپەیڤینێکی کۆنی ئەو هونەرمەندە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە کە باس لە ئامێری تەمبوور دەکات و بە ئامێریکی کوردی ناوی دەبات.
ئەو هونەرمەندە لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەگەڵ پێشکێشکار د. عیماد دەبوور لە کەناڵێکی تونسی کە لە 2019 بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، تەمبوور، کە پێگەیەکی دیاری لە میوزیکدا هەیە، رەچەڵەکی کوردییە و بە ئامێری نەتەوەیی کوردی ناوی دەبات.
کاتێک پرسیاری لێدەکرێت رەچەڵەکی تەمبوور یۆنانییە؟ زیاد رەحبانی وەڵام دەداتەوە و دەڵێت "رەچەڵەکی کوردییە."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە: "تورکەکانیش وەک ئەوەی هی خۆیان بێت باسی دەکەن کە تورکییە، بەڵام کوردییە. ئامێری نەتەوەیی کوردییە."
سەبارەت بە پەیوەندیی قووڵی خۆی بەم ئامێرەوە، رەحبانی هۆکارەکەی بۆ باوکی، هونەرمەندی کۆچکردوو عاسی رەحبانی، دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "باوکم فێری تەمبووری کردم، ئەو لەسەر تەمبوور ئاوازی دادەنا. نازانم بۆچی تەمبووری هەڵبژارد نەوەک عود."
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، باس لە توانای تەکنیکیی ئامێرەکە دەکرێت. زیاد رەحبانی ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە تەمبوور دەتوانێت چارەکە تۆنەکان بژەنێت کە لە میوزیکی رۆژهەڵاتیدا گرنگە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاماژە بە سنووردارییەکەی دەکات و دەڵێت: "لە بنەڕەتدا تەنیا دوو ژێیە، بۆیە ژەنینی سنووردارە، بەڵام [باوکم] هەموو ئاوازەکانی لەسەر ئەو داناوە."
.jpg)
زیاد رەحبانی، تەنیا یەکجار باسی ئەو ئامێرەی نەکردووە، بەڵکو لە هەڤپەیڤینێکی دیکەدا جەختی لەسەر رەسەنایەتیی ئامێری تەمبوور کردووەتەوە کە ئامێرێکی کوردییە، ئاماژەی بۆ ئەوە کردبوو، میوزیکی کوردی کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر بەرهەمەکانی هەبووە.
لە 1995 رۆژنامەی "سەفیر"ـی لوبنانی، هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ زیاد رەحبانی کردووە و بە وردی باس لە ناسنامەی ئامێری تەمبوور کردووە و دەڵێت: "ئامێری تەمبوور ناسنامەیەکی روونی نییە تا ئەمڕۆ، بەڵام بەڕای من تەمبوور ئامێرێکی کوردییە، بە هەر جۆرێک بێت ئامێری نەتەوەیی کوردە، هەرچەندە هەندێک کەس دەڵێن هی عەرەبە کۆچەرەکانە."
رەحبانی ئاشکرای دەکات، یەکێک لە گۆرانییەکانی نێو ئەلبوومی "بما إنو... شو؟" کاریگەریی قووڵی میوزیکی کوردی و ئەرمەنی لەسەرە. لەمبارەیەوە دەڵێت: "میوزیکەکەی بەشێوەیەکی گەورە کاریگەریی میوزیکی کوردی و ئەرمەنی لەسەرە... ئەگەر هەموو ئامێرە کەلەپوورییەکانی ئەوانمان هەبووایە، ئەم کاریگەرییە زۆر روونتر دەردەکەوت."
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە رێگەی گرووپی میللیی کوردی نەورۆز، ئاشنای ئەم کەشە میوزیکییە بووە و پلانی کاری هاوبەشیان هەبووە. ئەو شێوازی ژەنینی گرووپەکە بەوە دەناسێنیت کە چەندین ژەنیار پێکەوە لە یەک کاتدا تەمبوور دەژەنن.
سەبارەت بە پەیوەندیی تایبەتی خۆی لەگەڵ ئامێری تەمبوور، زیاد رەحبانی هۆکارەکەی بۆ عاسی رەحبانیی باوکی، دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "باوکم لەسەر تەمبوور ئاوازی دادەنا... دوو ئامێری تەمبوورمان لە ماڵەوە هەبوو، باوکم دانەیەکی پێدام کە تا ئەمڕۆش لامە". هەروەها ئاشکرای کردووە، گۆرانییە بەناوبانگەکەی فەیروز "عەلەمونی"، بە ئامێری تەمبوور لەلایەن باوکییەوە ئاوازی بۆ دانراوە.
ئەم لێدوانانەی زیاد رەحبانی دووپاتکردنەوەی هەمان ئەو بۆچوونانەیە کە پێشتریش لە چاوپێکەوتنە تەلەڤزیۆنییەکەدا باسی کردبوون، تێیدا بە روونی رایگەیاندبوو، تەمبوور "رەچەڵەکی کوردییە".
زیاد رەحبانی، بە یەکێک ئەستێرە درەوشاوەکانی میوزیک و شانۆی نوێی عەرەبی دەناسرێت، لە تەمەنی 69 ساڵیدا و لە 26ـی تەمموزی 2025، دوای ململانێیەکی درێژ لەگەڵ نەخۆشیی سیرۆسیس، کۆچی دواییکرد. مردنی رەحبانی کۆتایی بە ژیانی هونەرمەندێکی هێنا کە زیاتر لە نیو سەدە بە کارە میوزیکییە تێکشکێنەرەکانی و شانۆ سیاسییە رەخنەییەکانی، سیمای کولتووری لوبنانی و عەرەبی گۆڕی.
زیاد عاسی رەحبانی، کوڕی دوو ئەفسانەی هونەرییە، ئەویش فەیرووز و عاسی رەحبانییە، لە 31ـی کانوونی دووەمی 1955 لە دایک بوو. لە ژینگەیەکی هونەریدا گەورە بوو کە کاریگەریی قووڵی لەسەر داهاتووی داناوە. هەرچەندە سەرەتاکانی بە شیعر دەستی پێکرد، بەڵام زوو رووی لە جیهانی میوزیک و شانۆ کرد.
.jpg)
لە تەمەنی 17 ساڵیدا، یەکەم ئاوازی بۆ گۆرانییەکی دایکی بەناوی "سەئەلونی ناس" بڵاوبووەوە، ئەم گۆرانییە نەک هەر سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، بەڵکو دەروازەیەک بوو بۆ هاوکارییەکی درێژخایەن لەگەڵ فەیروز، تێیدا زیاد شێوازێکی نوێی هێنایە ناو میوزیکی رەحبانییەکانەوە؛ بە ئاوێتەکردنی میوزیکی رۆژهەڵاتی لەگەڵ جاز و بلوز، بەهۆیەوە شۆڕشێکی لە میوزیکی عەرەبیدا بەرپا کرد.
زیاد رەحبانی بە شانۆکانیشی شۆڕشێکی دیکەی بەرپا کرد. ئەو لە قوتابخانەی شانۆی خەیاڵی و ئایدیالی باوک و مامی (برایانی رەحبانی) دوورکەوتەوە و رووی کردە شانۆیەکی ریالیتی، سیاسی و کۆمیدیای رەش. شانۆکانی وەک "چی سەبارەت بە سبەی؟" (١٩٧٨)، "فیلمێکی ئەمریکی درێژ" (١٩٨٠)، و "سەبارەت بە شکۆی گەلی لاسار" (١٩٩٣) بوونە ئاوێنەی کۆمەڵگەی لوبنانی لە سەردەمی شەڕی ناوخۆ و دوای ئەوەش؛ بە زمانێکی تەنز و تووند رەخنەی لە گەندەڵی، تایفەگەری و کێشە کۆمەڵایەتییەکان گرتووە.
رەحبانی بە هەڵوێستە سیاسییە چەپەکانی و لایەنگریی بۆ حیزبی شیوعیی لوبنانی ناسرابوو. ئەو بەردەوام داکۆکیکارێکی سەرسەختی دۆزی فەڵەستین بوو و دژی ستەم و نادادپەروەری دەوەستایەوە.
.jpg)
ژیانی تایبەتی زیاد پڕ بوو لە هەوراز و نشێو، پێکهێنانی ژیانی هاوژینیی لەگەڵ دەلال کەرەم بە جیابوونەوە کۆتایی هات، دواتر کێشەی یاسایی لەسەر ناسنامەی "عاسی"ـی کوڕی لە نێوانیان دروست بوو. هەروەها پەیوەندییەکی درێژخایەنی لەگەڵ کارمەن لوبس، ئەکتەری لوبنانی هەبوو، کە ئەم ئەزموونانە لە چەندین گۆرانی و کارە هونەرییەکانیدا رەنگیان دایەوە.
دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە لە حوزەیرانی 2025، دۆخی تەندروستیی تێکچوو و لە 26ـی تەممووزی 2025 گیانی سپارد. وەزارەتی رۆشنبیریی لوبنان بە فەرمی هەواڵی کۆچی دواییەکەی راگەیاند.
.jpg)
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ