ژەنیارێکی بەناوبانگی عێراقی کۆچی دواییکرد
رووداو- بەغدا
ژەنیاری بەناوبانگی عێراقی سالم حوسێن لە تەمەنی 92 ساڵیدا لە وڵاتی بەلجیکا بەهۆی نەخۆشی دڵەوە ماڵئاوایی لەژیان کرد.
سالم حوسێن، ژەنیار، ئاوازدانەر و دامەزرێنەری هونەری میوزیکی عێراقی دەیان گۆرانی رەسەنی بۆ چەندین گەورە هونەرمەندی عێراقی و عەرەبی تۆمارکردووە، کە تاوەکو ئێستا لە سەر زاری خەڵکیییەوە بە زیندوویی ماوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە رووی میوزیکەوە هەگبەیەکی پڕ لە میلۆدی و هونەری فێربوونی ئامێرەکانی میوزیکی بۆ نەوەکانی دوای خۆی جێهێشتووە.
هونەرمەندی گەنج سیمۆر جەلال لەبارەی مردنی سالم حوسێن دەڵێت" هونەری عێراقی کۆڵەگەیەکی بەرزی لە دەستدا، لەگەڵ ئەوەشدا گەنجینەیەکی پڕ لە بەخششو دەگمەنی هونەری رەسەنی عێراقی ونکرد".
وەلید حەسەن جابر، مامۆستای کۆلیژی هونەرەجوانەکانی بەغدا خەمباری خۆی بەهۆی کۆچکردنی سالم دەربڕیوە و رایگەیاند"بە کۆچیدوایی مامۆستای میوزیکی عێراقی سالم حوسێن، هونەرمەندی نەوەی ئاڵتوونی کۆتایی هات، چونکە سالم لەپشت سەرکەوتنی دەیان هونەرمەندی وەک نازم غەزال، محەممەد قەبانچی، سەلیمە موراد و عەفیفە ئەسکەندەر و دەیانی دیکە بوو".
سالم حوسێن ئەمیر، لە ساڵی 1923 لە پارێزگای زیقار لە دایکبووە، ئەو لەگەڵ ئەوەی ژەنیارێکی باشی ئامێری قانون بووە، هەڵبەستڤانێکی لێهاتووش بووە. سالم حوسێن، هە تەنیا بۆ هونەرمەندە عێراقییەکان کاری نەکردووە، بەڵکو بۆ عەبدولوەهاب، فەرید ئەترش و وەدیع سافیش ئاواز و گۆرانی داناوە، چەندین نازناوی وەرگرتووە، وەک نازناوی مامۆستا لە زانکۆی بۆدابست، و هونەرمەندی گەل لە بەغدا.