رووداو دیجیتاڵ
چیرۆک، ئاواز و بەسەرهات بەشێکی گرنگی کولتووری هەموو گەلێکن کە لە سەردەمانی کۆنەوە دەماودەم و پشتاوپشت دەگوازرێنەوە.
ئەو کولتوورەی کە بەشێوەی زارەکی دەگوازرێتەوە پێی دەگوترێت فۆلکلۆر کە زۆرجار بەهۆی تۆمارنەکردنی بەشێکیان دەفەوتێن و لەبیردەچنەوە، بۆیە نووسینەوە و تۆمارکردنی بەرهەمە فۆلکلۆرییەکان گرنگییەکی زۆریان هەیە لە بواری پاراستنی کلتووری هەموو گەلێک.
کاوە فەقیهزادە، ئاوازدانەرێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە پێشەکی چۆڵەچرا کە تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری کردووە، لەبارەی گرنگیدان بە زیندووکردنەوەی فۆلکلۆری کوردی ئاماژە بەوە دەکات، "ئەگەر بێتوو هەنگاوێک بەرەو رابردوو بگەڕێینەوە دەگەینە ئەو بڕوایەی کە کەسانێک هەبوون ئاسەواری هەڵکەوتەیان ئافراندووە، کە بەداخەوە ناسنامەیان روون نییە".
بەرهەمە فۆلکلۆرییەکان جگە لەوەی بۆ دەوڵەمەندکردنی کولتووری نەتەوەیەک پێویستن، هەروەها دەکرێت لە ئاواز و هونەرە مۆدێرن و سەردەمییەکاندا سوودیان لێوەربگیرێت. بەشێک لە ئاوازدانەرە جیهانییەکان سوودیان لە بەرهەمی فۆلکلۆری گەلەکەیان بینیوە و توانیویانە مێژووی کولتووری نەتەوەکەیان تێکەڵی هونەری سەردەمەکەی خۆیان بکەن.
لە ئەوروپا هایدن، چایکۆڤسکی و بارتوک لە ناوە دیارەکانی زیندووکردنەوەی فۆلکلۆری گەلەکەیانن، هەروەها لە کوردستان مەزهەری خالقی، هۆشەنگ کامکار، موجتەبا میرزادە و حوسێن یوسفزەمانی هەوڵێکی زۆریان داوە بۆ پاراستنی بەشێک لە بەرهەمە فۆلکلۆرییەکان.
هەروەها کاوە فەقیهزادە لە کتێبەکەیدا تیشکی خستووەتە سەر فۆرم و حاڵەتە فەرهەنگییەکانی فۆلکلۆری کوردی و بەسەر هەشت شێواز دابەشی کردوون کە بریتین لە:
1. گۆرانی و هەوا: ئەم شێوازە بەربڵاوترین فۆرمی فۆلکلۆری کوردییە کە تایبەتە بە مۆسیقای ناوچەی موکریان کە کێشدارە و بەدوای بەیت، بەند، حەیران و قامدا دەکوترێ.
2. قەتار: شێوازێکی سەربەخۆیە کە هیچ ریتمێکی تایبەتی تێدا نییە وەکو ئاواز تێکەڵ بە مەقامەکان دەکرێت.
3. حەیران: شێوازێکی گێڕانەوەی بەسەرهاتە بەشێوازی گۆرانی کە لە ناوچەکانی هەولێر، رەواند و موکریان زۆرتر دەگوترێتەوە.
4. بەیت و بەند: ئەمەش شێوازێکی دیکەی گێڕانەوەی بەسەرهاتی قارەمانێتی، دڵداری و خۆشەویستی گەلی کوردە کە زۆرتر لە ناوچەکانی موکریان، پیرانان، سەردەشت و پشدەشت بەکاردەهێنرێت.
5. سیاچەمانە: شێوازێکی سەربەخۆیە کە لە دەنگە سرووشتییەکانی وەکو خوێندنی کەو وەرگیراوە، ئەم شێوازە زۆرتر لە ناوچەکانی مەریوان، هەورامان، پاوە و سنە پەیڕەودەکرێت.
6. هۆرە: شێوازی دەربڕینی هەستی خەم و خەفەت، شین و شێنگێڕی بەشێوەیەکی نەرم و نیان، ئەم شێوازە زۆرتر لە ناوچەکانی کرماشان، ئیلام، لووڕستان، زەهاو، شاهاباد، رۆژئاوای گیلان و شارەزوور بەکاردەهێنرێت.
7. لاوک و لاوژە: لەم شێوازە ئاوازەدا هونەرمەند هەستی دەروون و خەمەکانی لەڕێگەی ئاوازەوە دەردەبڕێ کە زۆرتر لە ناوچەکانی شکاک و کرمانجی بەکاردەهێنرێت.
8. چەمەرێ: ئەم شێوازە ئاوازە زۆرتر لە ناوچەی ئیلام، لووڕستان و کرماشان بەکاردەهێنرێت.
ئەو ئاوازدانەرەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەیدا هەندێک ئاوازی فۆلکلۆری حەمەدی بەیتان، خلەزەردی، رەسوول شیرمۆخ، حەمەدی ئاغا، عەلی کەردار، قالەشین، عەزیزی کەریمەسوور و حەسەن خاڵەندی بەمەبەستی پاراستنیان لە فەوتان و لەنێوچوون لەسەر نۆتەی میوزیکی نووسیوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ