فیلمێک لەبارەی ژیانی پێشمەرگەیەک بەشداری فیستیڤاڵی فیلمی کان دەکات
رووداو- هەولێر
فیلمێکی کوردی بەناوی "زەوییە پیسەکان" کە لەبارەی ژیانی پێشمەرگەیەکە لە شەڕی داعش بەشداریکردووە و کەمئەندام بووە، بەشداری لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی فیستیڤاڵی فیلمی کان دەکات.
ئاڵا هۆشیار دەرهێنەری ئەو فیلمە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "فیلمەکە بەناوی زەوییە پیسەکانە، ئەم فیلمە وەک ئەزموونێکی تازەیە، کە لەگەڵ دەرهێنەری بەتوانا رەزا عەللایی پێکەوە کاری دەرهێنانمان بۆ کردووە".
لەبارەی نێوەڕۆکی فیلمەکە ئاڵا هۆشیار گوتی، چیرۆکەکە باس لە پێشمەرگەیەکی قارەمانی شەڕی داعش دەکات، کە دوای شەڕ لە نێو کۆمەڵگە چۆن تووشی کێشە دەبێت، هەڵۆ ناوی ئەو پێشمەرگەیە، کە لە ئەندازەی هەڵگرتنەوەی مین کاری دەکرد، بەڵام لەکاتی پووچەڵکردنەوەی مینێک دەستێکی دەپەڕێت، بەشێک لە رووداوەکانی نێو ئەم فیلمە راستەقینەیە.
فیلمەکە لە جۆری دیکۆ فيكشەنە، لەبارەی شوێنی وێنەگرتنەکەیشی دەرهێنەری فیلمەکە دەڵێت "لە سلێمانی و ناوچەی گەرمیان وێنەگیراوە، تێچووی بەرهەمهێنانی فیلمەکە 37 ملیۆن و 860 هەزار دینارە، کە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتیی سینەمای سلێمانی دابینکرابوو، لە ماوەی ساڵێک فیلمەکە وێنەگرتن و مۆنتاژکردنی تەواوبووە، ماوەی فیلمەکەش 71 خولەکە".
فیلمی "زەوییە پیسەکان" بۆ بەشداریکردن لە فیستیڤاڵی فیلمی کان بانگهێشتکراوە، ئاڵا هۆشیار دەڵێت "ئەم فیلمە لەلایەن کۆمپانیای مارگۆ سینەمایی فەرەنسی وەکو پرۆدیوسەر هاوکاری دەکرێت، بۆیە ئێستا بووەتە فیلمێکی هاوبەشی کوردی - فەرەنسی، بۆیە پێشکەشی بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی فیلمی کان کراوە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، فیستیڤاڵی فیلمی کان بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە".
یەڵماز گۆنەی، یەکەمین دەرهێنەری کورد بووە لە فیستیڤاڵی فیلمی کان خەڵاتی وەرگرتووە، پرۆدیوسەری ئەم فیلمەش هاوڕێیەکی کۆنی یەڵماز گۆنەی، دەرهێنەری ناوداری باکووری کوردستانە، ئەمەش هەنگاوێکی باشە بۆ ئەو فیلمە کوردییە.