کۆما ئامەد دوای 30 ساڵ گەڕایەوە زێدی خۆی و بە کۆنسێرتێک ئامەدی هەژاند

26-10-2025
عەبدولسەلام ئاکنجی
کۆنسێرتەکەی کۆما ئامەد.
کۆنسێرتەکەی کۆما ئامەد.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای 30 ساڵ دوورکەوتنەوە، گرووپی ئامەد کە ئێستا لە ئەورووپا دەژین، گەڕانەوە ئامەد و کۆنسێرتێکی گەورەیان ساز کرد. 
 
بۆ کۆنسێرتی کۆما ئامەد، دەیان هەزار کەس لە چەندین شاری جیاواز و ئەورووپاوە هاتبوونە ئامەد. کۆنسێرتەکە بە هاوکاریی شارەوانی گەورەی ئامەد و شارەوانی ناوچەی پەیاس بەڕێوەچوو. بەشداربووانی کۆنسێرتەکە بۆ چەندین کاتژمێر لە خۆشیدا بوون و شەوەیەکی خۆشیان بەسەر برد.
 
شیندا ئیلهان بەشداریی لە کۆنسێرتەکەدا کردووە و دەڵێت: "من ئەمشەو لە شاری سەمسوورەوە بۆ کۆنسێرتی کۆما ئامەد هاتووم. سبەینێش بۆ کۆنسێرتی جوان حاجۆ دەچمە دهۆک."
 
مەرڤە ئایدن، هاونیشتمانییەکی دیکەیە، پۆستەرێکی بەدەستەوە گرتووە و دەڵێت: "تەمەنم 26 ساڵە، بەڵام 30 ساڵە چاوەڕێی ئەم شەوەم. پێش ئەوەی بێمە سەر دونیاش، چاوەڕێی ئەم شەوە بووم." 
 
کۆما ئامەد لە ساڵانی 90ـەکاندا بە گۆرانی و مۆسیقا و هەڵوێست و رەفتارەکانیان لە باکووری کوردستان دەدراوشانەوە. ئەوان بۆ نەوەی سەرووی 40 ساڵ ئەفسانەیەکی بێ وێنەن.
 
زانا بەشداربوویەکی کۆنسێرتەکەیە و دەڵێت: من 25 ساڵم. کۆما ئامەد لە من گەورەترە. من بەم هەستانەوەم. گوێم لە کۆما ئامەد گرتووە، بە بیر و بۆچوونەکانی ئەوانەوە هاتوومەتە ئێرە. خۆشترین گۆرانییان 'کولیلکا ئازادیێ'یە."
 
عەبدوڵڵا گول دەڵێت: "شەوێکی زۆر خۆش بوو. سوپاسی هەموو میوانان دەکەم. سوپاسی هەموو خەڵکی ئامەد و خەڵکی کوردستان دەکەم."
 
یەحیا هانزاۆگڵو "زۆر سوپاسی" ئەوانە دەکات کە ئەم کۆنسێرتەیان رێکخستووە. هاونیشتمانییەکی دیکەش دەڵێت: "من لە جولەمێرگەوە هاتووم. ئەم خۆشی و شادییە زۆر خۆش بوو."
 
ئیلیاس کارتەل، بەشداربوویەکی دیکەی کۆنسێرتەکەیە و دەڵێت: "ئێمە لە باتمانەوە هاتووین، شەوێکی زۆر خۆش بوو. من و خێزانەکەم و کوڕەکەم هاتین."
 
هاوکات، موجتات زەنگین دەڵێت: "من لە مسرجەوە هاتووم. چەندین ساڵ بوو چاوەڕێیان بووین. زۆر خۆش بوو."
 
حەلیمە، هاونیشتمانییەکی دیکەیە و دەڵێت: "30 ساڵ بوو چووبوونە ئەڵمانیا، ئێستا هاتوونەتەوە، زۆر خۆش بوو." دیجلە داڵگچ ئاماژە بەوە دەدات: "ئیشەڵڵا لە هەموو شوێنێکی کوردستان کۆنسێرتی وا خۆش بەڕێوەبچێت."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە