لە هەڵخەڵەتاندنەوە بۆ مێژوو؛ گرووپی جێفەرسن ئەێرپلەین یادی 60 ساڵەیان دەکەنەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
چاوان فەرەیدوون
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کاتێک گەنجێکی بێباک دەیویست ئەمریکا جێبهێڵێت و لە دانیمارک بە سادەیی بژی، بە "هەڵخەڵەتاندنێک" چووە نێو گرووپێکی میوزیکەوە کە دواتر بووە بەشێک لە مێژووی ئەمریکا. 
 
گرووپی جێفەرسن ئەێرپلەین (Jefferson Airplane) ئامادەکاری بۆ یادی 60 ساڵەی دامەزراندنیان دەکەن؛ ئەندامە ماوەکانی ئەم گرووپە ئەفسانەییە دەیانەوێت چیرۆکی سەرکەوتنەکانیان بۆ نەوەی نوێ بگێڕنەوە.
 
گرووپی میوزیکیی جێفەرسن ئەێرپلەین لەڕێگەی چاوپێکەوتنی تایبەت و نوێکردنەوەی ئەرشیڤە میوزیکییەکانیانەوە دەیانەوێت چیرۆکی خۆیان بۆ نەوەکانی دوای خۆیان بگێڕنەوە.
 
جۆرما کاوکۆنێن، تەمەن 85 ساڵ و یەکێک لە ئەندامە سەرەکییەکانی گرووپەکە، دەگەڕێتەوە بۆ 60 ساڵ لەمەوبەر؛ ئەو رۆژانەی هێشتا نەیدەزانی ناوی دەچێتە نێو مێژووی میوزیکی جیهانەوە. ئەو دەڵێت، ئێستا وەک "کارێکی هونەریی رەسەن" سەیری ئەو بەرهەمانە دەکەن کە لەو سەردەمەدا دروستیان کردووە.
 
چیرۆکی دامەزراندنێکی چاوەڕواننەکراو
 
لە ساڵی 1965ـدا، جۆرما بیری لە نێوبانگ نەدەکردەوە. تەنانەت پلانی ئەوەی هەبوو ئەمریکا جێبهێڵێت و بڕوات بۆ دانیمارک تاوەکو لەوێ وەک میوزیکژەنێکی سادە بژی، بەڵام هاوڕێیەکی کۆنی بەناوی پۆڵ کانتنەر دەیبینێت و پێشنیازی بۆ دەکات بچێتە نێو گرووپە نوێیەکەیانەوە.
 
جۆرما بە پێکەنینەوە باس لەو ساتە دەکات و دەڵێت: "پێموابوو هەڵخەڵەتێندراوم بۆ ئەوەی بمێنمەوە، بەڵام ئەوە باشترین رێکەوت بوو لە ژیانمدا روویدا." بەمجۆرە ناوی گرووپەکەیان بوو بە جێفەرسن ئەێرپلەین.
 
هێشتا ساڵی یەکەمیان تەواو نەکردبوو، کۆمپانیا گەورەکانی میوزیک بەدوایاندا دەگەڕان. بەڵام وەرچەرخانە گەورەکە بۆ ئەم گرووپە ساڵی 1967 بوو، کاتێک کچێک بە ناوی گرەیس سلیک هاتە نێو گرووپەکەوە.
 
جۆرما لەبارەی گرەیسەوە دەڵێت: "بە هاتنی گرەیس هەموو شتێک گۆڕا، ئەو تەنیا گۆرانیبێژ نەبوو، بەڵکو هاوشێوەی ئیلهامێکی نوێ بوو کە شێواز و ستایلی میوزیکی ئێمەی گۆڕی. گۆرانییەکانی وەک White Rabbit بوونە ناسنامەی سەردەمێکی گرووپەکەمان."
 
ئێستا کە جۆرما سەیری ئەلبوومەکانی ئەو کات دەکات، وەک پارچە "ئەنتیکە"یەکی بەنرخ دەیانبینێت و سەرسامە بەوەی چۆن میوزیکی چەند گەنجێکی بێباک، بووەتە بەشێک لە مێژووی فەرمیی ئەمریکا و لە کتێبخانەی کۆنگرێسدا پارێزراوە.
 
بەردەوامی و پلانی ساڵیادەکە
 
هەرچەندە بەشێک لە ئەندامانی دامەزرێنەری گرووپەکە (پۆڵ کانتنەر، مارتی باڵین، سپێنسەر درایدن و ساین ئەندەرسۆن) کۆچی دواییان کردووە و، گرەیس سلیکیش کە ئێستا تەمەنی 86 ساڵە وازی لە گۆرانیگوتن هێناوە، بەڵام میوزیکەکەیان بەردەوامە.
 
جۆرما و جاک کاسادی (یەکێکی دیکە بوو لە ئەندامە سەرەکییەکانی گرووپەکە)، هێشتا پێکەوەن و لەژێر ناوی گرووپی (Hot Tuna) بەردەوامن لە ژەنینی مۆسیقا بۆ هەوادارەکانیان، ئەمەش وەک رێزگرتنێک لەو مێژووە هاوبەشەی هەیانە.
 
جۆرما کاوکۆنێن ساڵی 2025 ئەلبوومێکی نوێی بەناوی Wabash Avenue بڵاوکردەوە، وەک دیارییەک بۆ بەردەوامیی ئەو میوزیکەی 60 ساڵ پێش ئێستا دەستی پێکرد.
 
بڕیاریشە ئەم ساڵ گەشتێکی میوزیکی ئەنجام بدات و لەگەڵ جۆن هێربڵت بژەنێت؛ یەکێک لە وێستگە گرنگەکانی ئەم گەشتەش شانۆی مێژوویی (Ironwood) دەبێت لە ویلایەتی میشیگان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە