
دەربارە
لە باکووری کوردستان، لەو شوێنەی زیاتر لە سەد ساڵە سیاسەتی توواندنەوە و قەدەخەکردن بەردەوامە، ئەم بەڵگەفیلمە روانگەی کۆمەڵێک گەنجی کورد دەخاتەڕوو کە لەگەڵ خەون و هیوا و ئاستەنگەکانی بەردەمیان دا دەژین. لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا، دانانی قەییووم بۆ شارەوانییەکان و سنووردارکردنی چالاکییە کولتووری و هونەرییەکان، گوشارەکانی سەر گەنجانی زیاتر کردووە.بەڵگەفیلمی (پاشەڕۆژ چییە؟ - باکوور) جەخت لەسەر کۆمەڵێک دەنگی جیاوازی گەنج دەکاتەوە، لەڕێگەی گفتوگۆی راستەوخۆوە پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی گەنجان لەگەڵ نیشتمان و خواستەکانی داهاتوویان دەخاتەڕوو.
لە بەڵگەفیلمەکەد گەنجانی باکووری کوردستان باسی ئەوە دەکەن چۆن هەموو لایەنەکانی ژیانیان، لە قسەکردن و نانخواردنەوە تاوەکو هەڵسوکەوتی رۆژانەیان، سیاسی کراوە. زۆربەیان هەست دەکەن لە گێتۆیەکی سیاسیدا گیریان خواردووە و ئارەزووی ژیانێکی ئاسایی دەکەن.
لەنێو چیرۆکەکانیاندا، هێڵێکی هاوبەش دەردەکەوێت: گرژی نێوان خەونە تاکەکەسییەکانیان و خۆشەویستییان بۆ کوردستان. هەندێکیان خەونی گەورەیان هەیە وەکو فڕین و هونەر، بەڵام هەست دەکەن کوردبوونیان بووەتە رێگر. لەژێر سایەی نادڵنیاییدا، گەنجەکان هەستە دژیەکەکانیان دەربارەی جێهێشتنی نیشتیمان دەخەنەڕوو. هەندێکیان کۆچکردن بە تەنیا رێگەی پێشڤەچوون دەبینن، لەکاتێکدا هەندێکی دیکە سوورن لەسەر مانەوە و بەشداریکردن لە گۆڕانکاری.
بەڵگەفیلمکە بەقووڵی دەچێتە نێو ململانێی نێوان پاراستنی ناسنامەی کولتووری و باوەشکردن بە گۆڕانکاری. گەنجەکان لە هەوڵی دۆزینەوەی هاوسەنگدان لەنێوان پاراستنی بەها نەریتییەکان و گونجاندنیان لەگەڵ ژیانی هاوچەرخدا. سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، بەڵگەفیلمەکە ساتەکانی خۆڕاگری و هیوا تۆمار دەکەن. گەنجە چالاکوان و خاوەن پرۆژەکان روانگەیان بۆ باکوورێکی باشتر دەخەنەڕوو، جەخت لەسەر گرنگی پەروەردە، پاراستنی کولتوور و گۆڕانکاری دەکەنەوە.
ئەم بەڵگەفیلمە پەنجەرەیەک بەڕووی خەون و دوودڵییەکانی گەنجانی باکووری کوردستاندا دەکاتەوە، وێنەیەکی ئاڵۆزی نەوەیەک دەکێشێت کە لە دووڕیانی نێوان خەونە تاکە کەسییەکان و بەرپرسیارێتی نیشتمانیدا وەستاون، هەوڵدەدەن داهاتوویان دیاری بکەن و لە هەمان کاتدا رێز لە ناسنامە و رابردوویان بگرن.