
دوای چەندین ساڵ وشکەساڵی و کەمبارانی کە بووە هۆی چۆڵبوونی گوندەکان و وشکبوونی باخەکان، ساڵی 2026 وەک ساڵی بووژانەوە لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا تۆمار کرا. بارانبارینی زۆری ئەو ساڵە، نەک تەنیا ریکۆردی 100 ساڵی رابردووی شکاند، بەڵکو زەوییە تینووەکانی کوردستانی تێرئاو کرد و ژیانی بۆ کەرتی کشتوکاڵ و سرووشت گەڕاندەوە.
جووتیارانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، باسیان لە رۆژانی سەختی وشکەساڵی کرد. باخەوانێک لە ناوچەی هەورامان رایگەیاند: "پێشتر هەنار و گوێزی باخەکەم وشکیان کردبوو، بە ناچاری ئاوی خواردنەوەمان لە هەڵەبجەوە دەهێنا و گوێزمان لە بازاڕ دەکڕی، بەڵام ئێستا هەموو شتێک گۆڕاوە." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو گۆڕانکارییەی لە ساڵی 2026دا روویدا، تەنیا بارانبارین نەبوو، بەڵکو موژدەی گەڕانەوەی جووتیاران بوو بۆ سەر زەوییەکانیان.
لە پارێزگای دهۆک، دیمەنەکە بە تەواوی جیاواز بوو. بەنداوی دهۆک کە لەنێوان ساڵانی 2021 بۆ 2025 بەهۆی کەمبارانییەوە ئاستی ئاوەکەی بە شێوەیەکی مەترسیدار دابەزیبوو، لە ساڵی 2026دا نەک تەنیا پڕ بووەوە، بەڵکو سەرڕێژی کرد.
بەرپرسانی بەنداوەکە، ئاماژەیان بەوە کرد کە زیاتر لە 700 میلیمەتر باران باریوە، ئەمەش بووەتە هۆی کۆبوونەوەی 52 ملیۆن مەتر سێجا ئاو. ئەم رێژە زۆرەی ئاو کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئاوی ژێرزەوی و کەرتی گەشتیاریی ناوچەکەش دروست کردووە.
ناوچەی قەرەداخ کە بۆ ماوەی 5 ساڵ بەدەست وشکەساڵییەوە دەیناڵاند، لە ساڵی 2026دا کانی و سەرچاوە ئاوییەکانی جارێکی دیکە هەڵقوڵانەوە. جووتیارانی ناوچەکە رایانگەیاند کە چەندین ساڵ بوو نەیاندەتوانی کشتوکاڵی وەک تووتن و مەرەزە بکەن، بەڵام لەو ساڵەدا گەشەی دار و درەختەکان بێوێنە بوو. لە بەنداوی دەربەندیخانیش، ئاستی ئاو گەیشتە قۆناخێکی دڵخۆشکەر کە هەم بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و هەم بۆ بووژاندنەوەی سامانی ماسی و کشتوکاڵ سوودی لێ بینرا.
دەریاچەی دووکان، کە گەورەترین کۆگەی ئاوی هەرێمی کوردستانە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2025دا نزمترین ئاستی داهاتی ئاوی تۆمار کرد کە کەمتر بوو لە یەک ملیار مەتر سێجا، لە ساڵی 2026دا جارێکی دیکە بووژایەوە.
کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان، دەڵێت: "ئێمە ناوی دەنێین زێڕی شین. ئەو ئاوەی ئەم ساڵ کۆمان کردووەتەوە، دەبێت بە وریاییەوە بەڕێوەی ببەین، چونکە گۆڕانی کەشوهەوا بەردەوامە و ئەگەری ئەوە هەیە لە ساڵانی داهاتوودا جارێکی دیکە رووبەڕووی وشکەساڵی ببینەوە."
بووژانەوەی سەرچاوەکانی ئاو لە ساڵی 2026دا، ژینگەی کوردستانیشی کردە پەناگەیەکی ئارام بۆ باڵندە کۆچەرییەکان. لەو ساڵەدا لەسەر رووباری زێی بچووک، ژمارەیەکی بەرچاو لە باڵندەی فلامینگۆ بینران، کە دیمەنێکی ناوازەیان بە سرووشتی ناوچەکە بەخشی.
شارەزایان و لایەنە پەیوەندیدارەکان جەختیان لەوە کردەوە کە هەرچەندە ساڵی 2026 ساڵێکی پڕ لە باران و بەرەکەت بوو، بەڵام نابێت ببێتە هۆی بەهەدەردانی ئاو. داوا لە هاونیشتمانییان کرا کە لە کاتی گەشت و سەیرانەکاندا ژینگە بپارێزن و داواش لە حکومەت کرا ستراتیژێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان دابڕێژێت، تاوەکو "زێڕی شین" و سەرجەم بەنداو و ناوچە گەشتیارییەکان بۆ نەوەکانی داهاتوو وەک گەرەنتییەک بۆ ژیان بمێننەوە.
دەرهێنەر و وێنەگر: حەیدەر عومەر
مۆنتاژ و دەنگ: سارۆیان ئیسماعیل
بەرهەمی ساڵی 2026