
باڵەکایەتیی زێدی باب و باپیرانی هونەرمەندی کورد محەممەد ئەحمەد ئەربیلیە
باڵەکایەتیی زێدی باب و باپیرانی هونەرمەندی کورد محەممەد ئەحمەد ئەربیلیە
محەممەد ئەحمەد ئەربیلی، ئەو دەنگە رەسەنەی هەولێر کە هەمیشە بە شانازییەوە دەیگوت:"کەس پێش من سروودی بۆ کوردستان نەگوتووە"، هونەرمەندی مەقامبێژ و قۆریاتبێژی کورد بە رەچەڵەک خەڵكی خەڵكی دەڤەری باڵەکایەتییە
محەممەد ئەحمەد ئەربیلی، پێشتریش خۆی ئەوەی گوتووە و لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا بە وردی باس لە زێدی رەسەنی خۆی دەکات و دەڵێت: "بە رەچەڵەک خەڵکی دەربەندی رایات و گوندەژۆرم، باپیرم منداڵ بووە کە لەوێوە هاتوونەتە هەولێر"
ئەحمەد ئەربیلی، کوڕی هونەرمەند، جەخت لەسەر ئەو پەیوەندییە دەکاتەوە و دەڵێت: "باوکم لە زۆربەی بۆنە و بەرنامەکاندا باسی دەکرد کە ئێمە بە رەچەڵەک خەڵکی باڵەکایەتیین، ئەو زۆر شانازیی بەو رەچەڵەکەوە دەکرد، ئێمەش هەمان شانازییمان هەیە".
کافیە عەزیز، هاوژینی هونەرمەند، باس لە عەشق و خولیای ئەربیلی بۆ ناوچەی باڵەکایەتی دەکات و دەڵێت: "دەیگوت خەڵکی ئەوێ مرۆڤی زۆر باشن و من پێیان سەربڵندم. هەمیشە دەیگوت من ناوم محەممەد ئەحمەد ئەربیلییە، بەڵام لە
بنەڕەتدا خەڵکی ئەو ناوچانەم".
خدر دەربەندی، کە یەکێکە لە خزمە نزیکەکانی هونەرمەند، دەڵێت: "ئەوان کوڕە خاڵی دایکی منن، هەموومان لە یەک پشتین و رەچەڵەکمان دەگەڕێتەوە بۆ گوندی 'سێودین"
فەقێ محەممەد، کە هاوڕێیەکی نزیکی هونەرمەند بووە، باس لەوە دەکات کە خراپیی باری ئابووری هۆکار بووە بۆ جێهێشتنی باڵەکایەتی. ئەو دەڵێت: "ئەوان لە هەولێر زۆر زوو پێگەی خۆیان کردەوە و بوونە خەڵکێکی چاوکراوە. هونەرمەند هەمیشە پێی دەگوتم حەز دەکەم بگەڕێمەوە دەربەند یان گوندەژۆر و لەوێ بژیم، چونکە زێدی
باب و باپیرانمە".
ئەربیلی کە لە ساڵی 1933 لە گەڕەکی تەعجیلی هەولێر لەدایکبووە، هونەرەکەی سنوورەکانی کوردستانی بڕیبوو. ئەو بە سێ زمانی کوردی، عەرەبی و تورکمانی گۆرانیی چڕیوە. خۆی دەڵێت: "گۆرانیم داوەتە جۆرج وسوف، مەیادە حەناویی و
ئیبراهیم تاتڵیساس، ئەوان گۆرانیی من دەڵێنەوە".
محەممەد ئەحمەد ئەربیلی لە 22ـی حوزەیرانی 2022 و لە تەمەنی 89 ساڵیدا، دوای ململانێیەکی کورت لەگەڵ نەخۆشی، بۆ هەمیشە ماڵئاوایی کرد، بەڵام دەنگ و ناوبانگی لە هەولێرەوە تاوەکو چیاکانی باڵەکایەتی بە نەمری مایەوە