لە کۆنترین گەڕەکی شاری کۆیە، ماڵێک هەیە وەک گەنجینەیەکی زیندووی مێژووی کوردەوارییە. ماڵی "لەبزێڕین" کە مۆزەخانەیەکی کەلەپووریی تایبەتە، لایەنە جیاوازەکانی ژیانی سادەی باوباپیرانمان لە رابردوودا دەخاتە روو.
دێدەوان یەعقووب، کە سەرپەرشتیاری ئەم مۆزەخانەیەیە، لە ساڵی 2015ـەوە بە هاوکاریی بنەماڵەی دکتۆرە عەتیە حەمە سەعید ساڵح ئەم شوێنەیان ئاوەدان کردووەتەوە. لێرەدا کەلوپەلی تێدایە مێژووەکەیان بۆ 300 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. دێدەوان باس لەوە دەکات کە هەر پارچەیەک لەم ماڵەدا، چیرۆکێکی مرۆیی لەپشتە و دەڵێت: "ئامانجمان ئەوەیە نەوەی نوێ بزانن کە پێشتر کەرەستەکانمان چۆن بوون، چۆن کشتوکاڵ کراوە و چ کەرەستەیەکی ناوماڵ بەکارهاتووە."
مۆزەخانەکە پڕە لە کەرەستەی دەگمەنی وەک ئامێرەکانی رستن و چنین، کووپە، کەرەستەی کشتوکاڵی، تاوەکو رادیۆ و گرامافۆنە کۆنەکان. دێدەوان پەیامێکی مرۆیی و نەتەوەیی هەیە و دەڵێت: "تکایە کەس کەلوپەلی کۆن فڕێ نەدات، چونکە ئەمانە تابلۆیەک و مێژوویەکن کە ژنانی دەستڕەنگین بە ماندووبوون نەخشیان کردوون." ئێستا ئەم ماڵە بووەتە جێگەی بایەخ و گەشتیاران و خەڵکی کۆیەش سەردانی دەکەن.