فێستیڤاڵی "بەلەمی ئەژدیها" یەکێکە لە دێرینترین و پیرۆزترین نەریتەکانی وڵاتی چین.
ساڵانە، رووبارەکانی ئەم وڵاتە دەبنە گۆڕەپانی پێشبڕکێیەکی مێژوویی کە تێیدا جۆش و خرۆشی وەرزش و رەسەنایەتیی کولتوور بەیەک دەگەن. ئەم نەریتە کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بۆ رێزگرتنە لە "چو یوان"؛ ئەو شاعیر و سیاسییە نیشتمانپەروەرەی چین کە کاتێک لە داهاتووی وڵاتەکەی بێئومێد بوو، خۆی فڕێدایە ناو رووباری "میلو". ئەفسانەکان باس لەوە دەکەن کە خەڵکی ناوچەکە بە خێرایی بە بەلەمەکانیانەوە چوون بۆ رزگارکردنی و بۆ ئەوەی ماسییەکان لە جەستەی دوور بخەنەوە، برنجیان فڕێداوەتە نێو ئاوەکە. لیو تانگ، کە هاووڵاتییەکی چینییە، سەبارەت بە مێژووی ئەم رۆژە بە رووداوی گوت: "خەڵک زۆنگزییان پێچایەوە و فڕێیاندایە ناو رووبارەکەوە، بۆ ئەوەی ماسییەکان جەستەی شاعیرەکە نەخۆن. من منداڵەکانم هێناوە بۆ ئێرە تاوەکو لەم کولتوورە تێبگەن و لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە بگوازرێتەوە."
ئەمڕۆ پێشبرکێی ئەم خەڵکە بە بەلەمەکانیان، بووەتە بناغەی پێشبڕکێیەکی وەرزشیی گەورە. دەنگی تەپڵ و دەهۆڵ، هاژەی شەپۆلەکانی ئاو و هاواری خەڵک، سیمای سەرەکیی ئەم فێستیڤاڵەن. بەلەمەکان وەک ئەژدیهایەکی راستەقینە بەسەر ئاوەکەدا دەڕۆن و لە شارە گەورەکانەوە تاوەکو گوندە دوورەدەستەکان، خەڵک بۆ ئەم بۆنەیە کۆدەبنەوە. شی ژێ، یەکێک لە یاریزانانی پێشبڕکێکە، باس لە گرنگیی یەکگرتوویی تیمەکەی دەکات و دەڵێت: "ئێمە 12 کەسین لە بەلەمێکدا، دەبێت هەموومان بە هەمان خێرایی سەوڵ لێبدەین. یەکێک لە تەکنیکە گرنگەکان ئەوەیە کە دەبێت هەموو بەشەکانی سەوڵەکە لەژێر ئاودا بێت تاوەکو گەورەترین هێزمان پێببەخشێت."
لیو تینگ تینگ، یاریزانێکی دیکەی تیمی زانکۆی ناوەندییە، ئاماژە بەوە دەکات کە دوو مانگە لە راهێنانی بەردەوامدان و دەڵێت: "ئەمڕۆ لێرە لە کەناڵی گەورەی پەکین-هانگژۆین، هەست بە دڵەڕاوکێ و جۆشێکی زۆر دەکەین." جگە لە وەرزشەکە، "زۆنگزی" ناسراوترین خواردنی ئەم رۆژەیە، کە لە برنج دروست دەکرێت و لەناو گەڵای سەوزدا دەپێچرێتەوە. ران شوێ مێی، کە یاریزانێکی دیکەیە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئێستا وڵات گرنگییەکی زۆر بەم بۆنەیە دەدات و سێ رۆژ پشووی فەرمیی بۆ دیاریکراوە. ئەو دەڵێت: "هیوادارم خەڵکی زیاتر بەشداری بکەن بۆ بەرەوپێشبردنی کولتووری چینی."