لە یەکێک لە دێرینترین گەڕەکەکانی هەولێر، لەو شوێنەی لە پەنجاکانی سەدەی رابردوودا وەک یەکەمین گەڕەکی مۆدێرنی پایتەخت ناسرا، خانوویەک هەیە چیرۆکی نیو سەدە تێکۆشان و خۆڕاگری لەناخیدا حەشار داوە. گەڕەکی ئیسماعیلییە، کە ئێستا بە گەڕەکی ئازادی دەناسرێت، یەکێک لە کۆنترین خانووەکانی کردووەتە ماڵێک بۆ هەموو کوردستانییان. لێرە هونەر، کتێب، فیلم و کۆڕ و کۆبوونەوەی رۆشنبیری هەمووی لە ژێر یەک بنمیچدا کۆکراونەتەوە. ئەم شوێنە کە بە "کتێبخانەی حەیدەری" یان "ماڵی نازەنین حەیدەری" دەناسرێت، شەش رۆژی هەفتە دەرگای بەڕووی ئەو کەسانەدا کراوەیە کە دەیانەوێت دوور لە جەنجاڵیی ژیان، چەند کاژێرێکی ئارام لەنێو بۆن و بەرامی زیاتر لە سێ هەزار ناونیشانی جیاوازی کتێبدا بەسەر ببەن.
ئەم ماڵە لە ئابی 2022 دا لەلایەن ئاسۆ حەیدەری، کوڕی نازەنین خانمەوە کرایەوە؛ وەک وەفایەک بۆ دایکێکی نیشتمانپەروەر و خێزانێک کە ناوێکی درەوشاوەی مێژووی هەولێرن. ئاسۆ حەیدەری، دامەزرێنەری ماڵەکە بە رووداوی گوت: "ئێمە هەموو خێزانەکەمان زیندانی بووین، من لە ژووری سێدارە بووم و دایکم چەندین جار دەستگیر کراوە. حەزی کتێب و نیشتمانپەروەریمان لە دایکمانەوە بۆ ماوەتەوە و ویستم ئەو ناوەی ون نەبێت." ئاسۆ باس لەوە دەکات کە ئەم پڕۆژەیە خەونێکی کۆنی ئەوانە و دەڵێت: "ئەم کتێبخانەیە رەگەکەی بۆ ساڵی 1980 دەگەڕێتەوە کاتێک خاڵم لە نزیک باڵەخانەی پارێزگای ئێستای هەولێر کردییەوە، بەڵام لە ساڵی 1985 لەلایەن دائیرەی ئەمنی بەعسەوە داخرام. ئێستا ویستم ئەو کولتووری کۆبوونەوەی نووسەران و رۆشنبیرانە جارێکی دیکە لە هەولێر زیندوو بکەمەوە."