
وەستا فەیسەڵ؛ 40 ساڵ لەگەڵ چاککردنەوەی کامێرا و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لە هەولێر
وەستا فەیسەڵ؛ 40 ساڵ لەگەڵ چاککردنەوەی کامێرا و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لە هەولێر
لە نێو جەنجاڵیی بازاڕی شاری هەولێر، لە دوکانێکی بچووکدا کە دیوارەکانی بە دەیان کامێرای کۆن و ئامێری وردی ئەلیکترۆنی داپۆشراون، پیاوێک دانیشتووە کە زیاتر لە چوار دەیەیە ژیانی خۆی بەستووەتەوە بە دروستکردنەوە و چاککردنەوەی ئەو ئامێرانەی لە کار کەوتوون. فەیسەڵ حەسەن قادر، کە لە بازاڕدا بە "وەستا فەیسەڵ" دەناسرێت، سیمبولی خۆگونجاندنە لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانی تەکنەلۆژیا و پاراستنی مێژووی فۆتۆگرافی.
وەستا فەیسەڵ لە ساڵی 1970 لە شاری هەولێر لەدایکبووە. خولیای بۆ کامێرا و وێنەگری وایکرد لە تەمەنێکی بچووکەوە و لە ساڵانی 1981 و 1982دا، کاتێک تەنیا تەمەنی 12 ساڵ بوو، پێ بنێتە نێو جیهانی چاککردنەوەی ئامێرەکان. لەو سەردەمەدا کە کامێرای ئەنالۆگ (فیلمدار) و فلاشەکانی ستۆدیۆ تاکە ئامێری تۆمارکردنی یادەوەرییەکان بوون، ئەو بە وردبینییەوە هەڵوەشاندنەوە و چاککردنەوەی بۆ دەکردن.
پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و هاتنی کامێرای دیجیتاڵ نەبووە رێگر لەبەرامبەر بەردەوامیی کارەکەیدا؛ وەستا فەیسەڵ زوو خۆی فێری نهێنییەکانی سیستەمی دیجیتاڵی کرد. بەڵام کاتێک مۆبایلە زیرەکەکان بوونە جێگرەوەی کامێرا و بازاڕی وێنەگری سست بوو، ئەو بێئومێد نەبوو. بۆ پاراستنی پیشەکەی و دابینکردنی بژێوی خێزانەکەی، خۆی لەگەڵ سەردەمەکەدا گونجاند و دەستی بە چاککردنەوەی ئامێری ریشتاشین، ئامێرە ئەلیکترۆنییە بچووکەکانی ناوماڵ کرد تاوەکو دەرگای دوکانەکەی دانەخات.
وەستا فەیسەڵ تەنیا وەستایەکی چاککردنەوە نییە، بەڵکو فۆتۆگرافەرێکی شارەزایە و خاوەنی 22 بڕوانامە و دەیان پێشانگەی تایبەت بە هونەری فۆتۆگرافییە، هەروەها بۆ ماوەیەک سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی وێنەگرانی کوردستان بووە. جگە لەوەش، لە دوکانەکەیدا خەزێنەیەکی دەگمەن و مێژوویی لە کامێرا کۆنەکان پاراستووە کە مێژووی هەندێکیان بۆ ساڵی 1933 و سەردەمی جەنگە جیهانییەکان دەگەڕێتەوە.
جگە لە بەهرە تەکنیکییەکەی، وەستا فەیسەڵ بە کەسایەتییە قسەخۆشی، نوکتە و چیرۆکە تەنز ئامێزەکانی لە نێو بازاڕ و سۆشیال میدیادا خۆشەویستییەکی زۆری پەیدا کردووە.