
زریان ئەحمەد؛ شێوەکارێک لە سلێمانی دوای زانکۆ بووەتە دارتاش
زریان ئەحمەد؛ شێوەکارێک لە سلێمانی دوای زانکۆ بووەتە دارتاش
لە نێو دەنگی بەرز و تیژی مشار و ئامێرە قورسەکانی دارتاشیدا، کچێک بە دەستە رەنگینەکانی خەریکی نەخشاندنی دنیایەکی جیاوازە. زریان ئەحمەد، دەرچووی کۆلێژی هونەر بەشی شێوەکارییە، بەڵام دوای تەواوکردنی خوێندن، بڕیار دەدات خولیا و عەشقەکەی بۆ هونەری دارتاشی بکاتە پیشەیەک و رێگەیەکی نوێ لە ژیانیدا بگرێتە بەر. لە جیگەیەکی دارتاشیی لە شاری سلێمانی، زریان کارەکانی دەکات.
زریان بە وردی و سەرنجێکی زۆرەوە کارەکانی ئەنجام دەدات. ئەو کەلوپەلی جۆراوجۆری نێوماڵ، دیکۆر و تابلۆی رەنگین لە دار دروست دەکات. لەبارەی کارەکانیەوە دەڵێت، "ئەو شتانەی لێرە دروستیان دەکەم، پەیوەندییان بە داواکاریی خەڵکەوە هەیە، بەڵام ئەوەی من زیاتر حەزی پێدەکەم و چەندین جار دووبارەم کردووەتەوە، بابەتە کولتوورییەکانن." ئەو ئاماژە بە سندووقە کۆنەکان، مێز و ئەو کەلوپەلانە دەکات کە لە کۆنەوە لە نێو ماڵەکاندا باو بوون و ئێستا خەڵکێکی زۆر بۆ باخ یان شوێنە تایبەتەکانیان داوای دەکەنەوە.
دارەکان لە ژێر دەستی زریاندا دەبنە پارچەی هونەریی سەرنجڕاکێش. ئەو باس لە جۆرەکانی دار دەکات و دەڵێت، "زۆربەی ئەو دارانەی لێرە بەکاریان دەهێنم، سپێداری رووسی، داری زان و داری سندیانن. چونکە لە ناوخۆدا کێڵگەی تایبەتمان بۆ بەرهەمهێنانی دار و بڕینەوەی نییە، ناچارین داری وڵاتانی دیکە بکڕین." زریان بە تایبەتی باس لە "سپێداری رووسی" دەکات کە لە نێو دارتاشەکاندا بە "داری چنار"یش دەناسرێت، چونکە نرخەکەی گونجاوە و کوالیتییەکەشی بۆ زۆرینەی کارەکان دەست دەدات.
زریان ئێستا وەک مامۆستایەک لە پەیمانگەیەک، وانەی دارتاشی بە منداڵان و نەوەی نوێ دەڵێتەوە. ئەو پێیوایە ئەمە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی منداڵان دار بناسن و فێری پیشەیەک بن، تاوەکو لە داهاتوودا بتوانن سوود لەو هونەرە وەربگرن. ئەو دەڵێت، "ئەمە دەرفەتێکە بۆ هەردوو لامان؛ هەم من منداڵان و نەوەی نوێ فێری ئەم هونەرە دەکەم، هەم ئەوانیش شتی تازە دەبینن و تێکەڵی بەرنامەکانیان دەبێت."
بۆ ناساندنی کارەکانی، زریان سوودی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بینیوە و لە ئینستاگرام، بەرهەمەکانی نمایش دەکات. ئەو لە رێگەی ئەم گەلەرییە فەرمیانەوە پەیوەندی بە کڕیارانەوە دەکات و داواکارییەکانیان وەردەگرێت. خەونی گەورەی زریان ئەوەیە کە کارەکەی فراوانتر بکات و بتوانێت خەڵکێکی زۆرتر فێری ئەم هونەرە دەستڕەنگینییە بکات. زریان ئەحمەد نموونەی کچێکی کۆڵنەدەرە کە سەلماندی هونەر و پیشە تەنیا بۆ رەگەزێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو پەیوەندی بە عەشق و ماندووبوونی مرۆڤەکانەوە هەیە.