لە تەمەنی 13 ساڵییەوە پەنجەکانی بە ئامێرەکانی میوزیک ئاشنان. مام تەحسین حوسێن، کە تەمەنی 63 ساڵە و خەڵکی گەڕەکی باغەمرەی شارەدێی دارەتووە لە هەولێر، زیاتر لە پێنج دەیەیە ژیانی خۆی بۆ پاراستن و ژەنینی مەقام و حەیرانی کوردی تەرخان کردووە. ئەو لە قۆناخەکانی سەرەتادا دەستی بە ژەنینی ئامێرەکانی سەنتوور و تار کردووە، بەڵام دواتر ئامێری ساز دەبێتە هاوڕێی هەمیشەیی و دانەبڕاوی تەواوی تەمەنی. مام تەحسین لەبارەی دەستپێکی رێڕەوە هونەرییەکەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە تەمەنی 12 بۆ 13 ساڵییەوە خولیای میوزیکم هەبوو. لە سەرەتادا باوکم رازی نەبوو و دەیگوت نابێت بەلای ئامێری میوزیکدا بچیت، بەڵام چونکە ئارەزووەکەم زۆر بەهێز بوو، کۆڵم نەدا و بەردەوام بووم." لە گەنجییەوە، مام تەحسین دەبێتە سازژەنی تایبەتیی حەیرانبێژی کۆچکردووی دەڤەری خۆشناوەتی 'حەسەن سیساوەیی'، ئەو هونەرمەندەی بە چڕینی بەرهەمەکانی وەک 'ئەسمەر و مامەر' ناوبانگی گەورەی پەیدا کردبوو. جگە لە سیساوەیی، مام تەحسین بۆ فەرهاد زیرەک و چەندین گۆرانیبێژی دیکەی ناوچەکە سازی ژەنیوە. ئەو باس لە کارکردنی لەگەڵ حەسەن سیساوەیی دەکات و دەڵێت، پیاوێکی زۆ بەڕێز و بڕوادار بوو:کاتێک بانگی نوێژ دەدرا، هەموو کارێکی رادەگرت تاوەکو نوێژەکەی دەکرد." لە کاتێکدا زۆربەی سازژەنانی ئەم سەردەمە روویان لە ستایلی مۆدێرن و گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکان کردووە، مام تەحسین سوورە لەسەر پاراستنی رەسەنایەتی و شێوازە تەقلیدییەکەی خۆی؛ چونکە پێیوایە ئەو شێوازە، لەگەڵ رۆح، هەست، حەیران و مەقامی کوردیدا زیاتر ئاوێتە دەبێت و دەگونجێت.
مام تەحسین نموونەی ئەو هونەرمەندە رەسەنانەیە کە رێگەی نەداوە دەنگ و ئاوازی ناوچەکەی لەنێو ژاوەژاوی تەکنەلۆژیادا ون ببێت؛ تاوەکو ئێستاش لە سووچێکی ماڵەکەیدا، سازەکەی سەرچاوەی سەرەکیی ئاسوودەیی، ئیلهام و هاودەمی رۆژانیەتی.