
دەربارە
هیوا حوسامەدین
رووداو - کەرکووک
ئوسامە ئەحمەد، گەنجێکی خەڵکی کەرکووکە و لەڕێگەی دیزاینی جلوبەرگ و بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، ناوبانگی دەرکردووە. ئوسامە ئەحمەد، ناسراو بە ئوسی تەمەن 24 ساڵ، گەنجێکی لەدایکبووی کەرکووکە و دوای سێ ساڵ ژیان لە شاری ئیستەنبوڵ و وەرگرتنی ئەزموون لە بواری فاشن و بەرگدووری، گەڕاوەتەوە بۆ زێدی خۆی فۆرشگەیەکی تایبەت بە پۆشاکی دامەزراندووە.
ئوسی، ماوەی سێ ساڵە لە شاری کەرکووک دوکانەکەی بەڕێوە دەبات، کە تایبەتە بە پۆشاکی ئافرەتان. ئوسی جگە لە کاری بازرگانی، خاوەنی چەندین بەهرەی دیکەیە، لەوانە بەرگدووری، مەیکەپ و گۆرانیوتن.
سەبارەت بە شێوازی کارکردن و ئەو ستایلانەی پێشکەشیان دەکات، ئوسی دەڵێت: "جلوبەرگی جیاواز و تایبەت بۆ ئافرەتان دابین دەکەم، بەتایبەتی ئەو ستایلانەی مۆدێرنن و ئارەزووی مۆدێلی 'باربی' دەکەن. بەشێک لە پۆشاکەکان بەرهەمی دەستی خۆمن یان گۆڕانکارییان تێدا دەکەم، بەشەکەی دیکەشیان لە دەرەوەی وڵات هاوردە دەکەم، بە مەبەستی پێشکەشکردنی بەرهەمی ناوازە بە ئافرەتان."
ئوسی، بەشێکی بەرچاوی سەرکەوتنەکانی بۆ بەکارهێنانی تیکتۆک دەگەڕێنێتەوە. ئەو رۆژانە لە ڕێگەی گرتەی ڤیدیۆییەوە نوێترین دیزاینەکانی نمایش دەکات و بەلەبەرکردنی جلکی زۆر جیاواز و بە دەستەواژەی تایبەت بە خۆی وەک "هەڵۆ هاوڕێیان" و "هەڵۆ پرنسێسەکان" پێشوازی لە بینەرانی دەکات.
ئوسی دەڵێت: "ئامانجی سەرەکیم لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکان لە تیکتۆک، گەیاندنی پەیامی براندەکەمە بە خەڵک، تاوەکو ئاگاداری بەرهەمە نوێیەکانمان بن. پرۆسەی ئامادەکردنی گرتەکان و گونجاندنی ستایلەکان هەوڵێکی زۆری دەوێت. سوپاس بۆ خوا، دوای بڵاوکردنەوەی هەر ڤیدیۆیەک، داواکاری و سەرنجی زۆر لەلایەن کڕیارانەوە پێمان دەگات، نەک تەنیا لە کەرکووک، بەڵکو لە تەواوی شارەکانی عێراق، هەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیشەوە کڕیارمان هەیە."
دەرکەوتنی گەنجێکی کوڕ لە کەرکووک بەمجۆرە بۆ جلوبەرگی ئافرەتان دەکات، لە سەرەتادا رووبەڕووی کاردانەوەی جیاواز بووەوە. ئوسی، ئاماژە بەوە دەکات کە رێگەی نەداوە کۆمێنتی خراپ کاریگەرییان لەسەر کارەکانی هەبێت، گوتیشی لەسەرەتادا خەڵک سەرسام بوون و پرسیاریان دەکرد، بەڵام ئێستا خۆشبەختانە هۆشیاری زیاتر بووە. کاتێک ریکلامێک بڵاودەکەمەوە، تەنانەت ئەگەر کۆمێنتی نەشیاویش بنووسرێت، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر من نییە و گرنگییان پێ نادەم، چونکە پێم وایە ئەو جۆرە کۆمێنتانە رەنگدانەوەی پەروەردەی خاوەنەکانیانن. من هەرگیز رێگە نادەم ئەم بابەتانە ببنە رێگر و لەسەر کارەکەم بەردەوام دەبم."