
دەربارە
پێشەوا بەختیار
رووداو - شارباژێڕ
لە کاژێر 07:00ـی سەرلەبەیانی، لە سروشتی گوندی
هەرمن لە سنووری شارباژێڕ، دەنگی زەنگۆڵەی مانگاکان سەرەتای رۆژێکی نوێ
رادەگەیێنێت. دانیشتووانی گوندەکە، لەڕێگەی نەریتێکی کۆنی باوباپیرانیانەوە بە
"نۆرەگایەل" بە شێوازێکی هاوبەش ئەرکی لەوەڕاندن و پاراستنی
ئاژەڵەکانیان بەڕێوەدەبەن.
لە "نۆرەگایەل"دا، ئەرکی لەوەڕاندنی
مانگاکان یان گاوانی، بەپێی ژمارەی ئاژەڵی هەر خێزانێک دابەش دەکرێت. بەپێی
نەریتەکە، هەر خێزانێک لە بەرامبەر خاوەندارێتیی 2 مانگا، رۆژێک ئەرکی گاوانیی
سەرجەم مانگاکانی گوندی دەکەوێتە ئەستۆ. بۆ نموونە، ئەو خێزانەی خاوەنی 20
مانگایە، بۆ ماوەی 10 رۆژ نۆرەی گاوانیی دەکەوێتە سەر.
تۆفیق ئەحمەد، یەکێک لە دانیشتووانی گوندی
هەرمن، سەبارەت بەم نەریتە دەڵێت "کاژێر 07:00ـی بەیانیی هەموو رۆژێک
مانگاکان کۆدەکەینەوە و بۆ لەوەڕاندن دەیانبەین. گاوانی بۆ مانگای خەڵک
بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە، چونکە وەک ئەمانەت وان و پێویستە ئاگادارییان بین بۆ
ئەوەی هیچ زیانێکیان پێنەگات."
گوندی هەرمن، دەکەوێتە شارباژێڕ لە سنووری
پارێزگەی سلێمانی، نزیکەی 35 خێزان لەخۆدەگرێت و زیاتر لە 100 سەر مانگای کوردیی
تێدا بەخێودەکرێت. مانگای کوردی بەوە ناسراوە کە پێویستیی بە خەرجی و خزمەتێکی
کەمە و بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە لەوەڕی سروشتیی کوێستانەکان دەبەستێت.
عومەر هەرمنی، یەکێکی دیکە لە دانیشتووانی
گوندەکە، دەڵێت "مانگای کوردی رەنگە رۆژانە تەنیا 2 کیلۆگرام شیر بدات، بەڵام
بەرهەمەکەی بەپیتە. شیرەکەی بۆ دروستکردنی ماست، دۆ و بەرهەمە سپیاییەکانی دیکە
بەکاردەهێنین و بەشێکیشی دەفرۆشین. لەبەر خۆشەویستیمان بۆیان، ناوی تایبەتی وەک
مانگا کاڵێ، مانگا سوور و مانگا قەشانمان لێناون."
لەکاتی نزیکبوونەوەی رۆژئاوابوون، گاوانەکە
سەرجەم مانگاکان ، کۆدەکاتەوە و دەیانباتەوە نێو گوند و رادەستی خاوەنەکانیانی
دەکاتەوە.